لە دەرمانگاکانی گوندەکانی ژاوەرۆی سنە، کەمیی دەوا و دەرمان هەیە

10:46 - 30 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: دەرمانگای گوندی "مێرئاو"ی سەر بە ژاوەرۆی سنە، سەرەڕای کەمیی دەرمان، ماوەی یەک مانگیشە ئەو دەرمانخانەیە دوکتوری نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، گوندەکانی "مێرئاو، نییەر و تەنگیسەر"، کە تەنیا یەک دەرمانگای هەیە، لەگەڵ کەمیی دەوا و دەرمان و دوکتور بەرەوڕوویە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو دەرمانگایە کە خەڵکی گوندەکانی مێرئاو و نییەر و تەنگیسەر و تەنانەت نزازیش کەڵکی لێ وەردەگرن، لەگەڵ کەمیی دەرمان و نەبوونی دوکتور بەڕەوڕوویە".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، تەنانەت دەرمانەکانی ئەو دەرمانگایە، بە نرخی ئازادی بازاڕەکان بە نەخۆشەکان دەدرێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "سەردانکەرانی ئەو سێ گوندە بۆ ئەو دەرمانگایە، هەرچەند دەفتەرچەی دابینکردنی کۆمەڵایەتییان هەیە، بەڵام دەفتەرچەکەیان لێ وەرناگیرێن و بە پارەی ئازاد دەرمانەکان بە نەخۆشەکان دەفرۆشرێت".

هاوتەریب لەگەڵ ئەم کێشەیە، خەڵکی ئێرانیش بەهۆی قەیرانەکان، بەتایبەت قەیرانە ئابووری و داراییەکان، گوشارێکی زۆرتریان لەسەرە. ئێستاکە زیاتر لە ٣٠ لەسەدی خەڵک سەردانی ناوەندە دەرمانییەکان، نەخۆشخانە و پزیشکەکان ناکەن و بەبێ نووسراوەی یاسایی پزیشکەکان، لە دەرمانخانەکاندا بە شێوەی ئازاد دەرمان دەکڕن.