لە تاران، رۆژانە10 رووداوی خۆكوژی/ سێ‌پارێزگای كوردنشین پلەی یەك هەتا سێیەمیان هەیە

19:20 - 19 بەفرانبار 2711
كوردپا: بەپێی ئەو توێژینەوانەی كە ئەنجام دراون لە تاران رۆژانە 10 كەس دەست دەدەنە خۆ كوژی و كۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن و پارێزگاكانی ئیلام، كرماشان و كوردستان لەم بارەوە پلەی یەك هەتا سێیەمیان هەیە.

ئەمانوڵڵا قەرایی موقەدەم مامۆستای زانكۆ و كۆمەڵناس بە هەواڵدەریی \"پانا\"ی راگەیاندووە، لە حاڵی حازردا رێژەی ئاماری خۆكوژی لە هەر یەك هەزار كەس لە ئێران 12 كەسە و رۆژانە لە تاران 10 كەس خۆیان دەكوژن و رێژەی پیاوانیش لە ژنان زیاترە.

بەپێی ئامارە فەرمییەكان لە ئاستی ئێراندا پارێزگاكانی ئیلام، كرماشان، كوردستان و هەمەدان ریكۆردداری رێژەی ئاماری خۆكوژین.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ زیاترین هۆكاری خۆكوژیی گەڕاندۆتەوە بۆ كێشەی بنەماڵەیی و ئاشكراشی كردووە، رۆژانە لە تاران 10 كەس دەست دەدەنە كردەی خۆكوژی كە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی لەلای ژنان بوونی هاوسەری دووهەمی پیاو و لەلای پیاوانیش هەژاری و دەستەنگیی ماڵییە.

قەرایی موقەدەم لە درێژەدا ئاماژەی بە چەند هۆكاری دیكەی خۆكوژی وەك: گرفت و كێشەی ئابووری، هەڵاواردن، جیاوازیی چینایەتی و بیكاریی كردووە.

پاش چین و هیندوستان ئێران سێیەمین وڵاتی جیهانە كە زیاترین رێژەی خۆكوژیی ژنان تێیدا روو دەدات و لەوانەیە لە داهاتوودا ئەو ئامارە لە پیاوان زیاتر بێت