لە بەرەبەرەی ۸ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن

14:22 - 17 رەشەمه 2717
Unknown Author
م.م

ژن لە ڕوانگەی ئێمەوە:


ژن لە نێو هەموو مەکتەب و ئایدۆلۆژییە جۆراوجۆرەکانی جیهان و کوردستان، باسێکی گرینگ و ڕۆژەڤی زۆربەی کاتەکانە.

بەو پێیەی کە ژن زیاتر لە نیوەی حەشیمەتی جیهان پێک دەهێنێ، ناتوانرێت چاوپۆشی لێیان بکرێت.

هەر کەسە و بە جۆرێ وەڵامێک بۆ پرسی ژن ئەدۆزێتەوە.

لە باوەڕە ئایینییەکان و باوەڕە کۆنەکاندا و تەنانەت لە فەلسەفەی ئەرەستوودا، ژن وەکوو کۆیلە و خزمەتکاری پیاوان چاو لێ دەکرێت. ژن لێرە تەنیا ڕۆڵی دایک و بەخێو کردنی منداڵ و دابین کردنی نیازەکانی پیاوی هەیە و لە هەموو مافەکانی بێبەرییە. ئەگەریش داوای مافەکانی بکات، بە یاغی و بێحەیا و کافر ناو دەبردرێت و سزا دەدرێت.

لە نێو لیبراڵەکاندا و دەوڵەتانی ڕۆژاوایی، ژن بەپێچەوانەی دروشمەکانیان تەنیا وەکوو کەرەستەی جوانی و وەکوو دیکۆرێک و دیزاینێکی جوان بۆ بانگەشەی بەرهەمەکانیان بەکار دەهێنرێت و هەوڵێکی ئەوتۆ بۆ بەرابەریی ژن و پیاو نادرێت.

لە نێو کۆمۆنیستەکاندا، وێڕای دروشمە خۆش و سەرنجڕاکێشەکان و چەواشەکاری لە دانانی ژن لە سەرکردایەتییەکان و ئازاد نیشاندانی ژنان، ژن زیاتر وەکوو ئامرێزێک بۆ ساڕێژکردنی ئوغدە جنسییەکان بەکار دەبردرێت. ئازادی و بەرابەری بۆ ژن لێرە تەنیا بۆ بانگەشە و ڕاکێشانی بیروڕای گشتییە.

بەڵام لە باوەڕی کوردانەی ئێمەدا، ژن وەکوو ژن، وەکوو بەشێکی کۆمەڵگا کە خاوەن ڕێز و پێگەیێکی گرینگە، سەیر دەکرێت. ئەمە بەو واتایەیە کە ژن مرۆڤێکی سەربەخۆیە و نابێ بە پێی ویست و بیری پیاو پێناسە بکرێت و لە ڕوانگە جۆراوجۆرەکانی پیاواندا شێوازی بەدەستهێنانی مافەکانیان بۆ دیاری بکرێت. ئەبێ ژن بەتەواوەتی ئازاد بێ، ئازاد بێ لە دیاری کردنی مافەکانیان و لە چۆنیەتی بەدەستهێنانیان. ئەبێ خۆیان بڕیار بۆ چارەنووسی خۆیان بدەن. ئەبێ بە ویستی خۆیان شێوازی ژیان و تەنانەت خەباتی خۆیان دیاری بکەن.

ئێمە وەکوو پیاو ئەگەر دڵسۆزی ئەوان بین تەنیا ئەبێ ڕێگای بەردەمیان هەموار بکەینەوە و دەرفەتیان بۆ بخولقێنین کە لەم فەزایەدا گەشە بکەن و خۆیان بدۆزنەوە. بەم شێوەیە ژن دەتوانێ ڕزگاری بێت لەم قەیرانە.

داوا لە هەموو ژنان ئەکەم کە بە دوور گرتن لە ئایدۆلۆژییە بێگانەکان و بە هەستێکی کوردانەوە، خۆتان ڕێک بخەن و خەباتی بۆ بکەن. ئێمەش پاڵپشتیتان دەکەین.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.