لە ئازادیی کاتیی چالاکێکی کرێکاری ڕێگری کرا

16:04 - 14 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: لقی دووی دادگای ئینقلابی سنە، لەگەڵ ئازادیی کاتیی چالاکێکی کرێکاری لە زیندانی ناوەندیی سنە، دژایەتیی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٤ی ڕەزبەر، بنەماڵەی "کامران ساختمانگەر"، چالاکی کرێکاری، بارمتەیەکی ٥٠٠ ملیۆن تمەنییان بۆ ئازادیی کاتیی ناوبراو دەست خستبوو و دوای سەردانکردنی لقی دووی دادگای ئینقلابی سنە، دادوەری دادگا لەگەڵ ئازادیی کاتیی "کامران"، دژایەتیی کردبوو.

دادوەری دۆسیەکە، بە بنەماڵەی "کامران ساختمانگەر"ی ڕاگەیاندبوو کە دۆسیەی "کامران" بۆ لقی یەکی دادگای سنە بە سەرپەرەستیی دادوەر "سەعیدی" دەنێرن.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١١ی ڕەزبەر، "کامران ساختمانگەر"، چالاکی کرێکاری، دوای ٢٨ ڕۆژ دەسبەسەری، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

ئەم چالاکە کرێکارییەی خەڵکی سنە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی خەرمانان، لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکییەکانی بۆ پشتیوانی لە مافی کرێکاران، لە باخی کەسیی سەید "عەلی حوسێنی"، چالاکێکی کرێکاریی تر، لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری سەقز، دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.