لێپرسراوێكی حكوومەتی: ناهێڵین كوردستان ببێتە شوێنێكی ئارام بۆ قاچاخچییەكان

15:30 - 25 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: جێگری سیاسی ئەمنیەتیی پارێزگای كوردستان رایگەیاند، هەوڵە پێشگرانە و بێ‌ وچانەكانی هێزە ئەمنیەتی ـ ئینتزامییەكانی پارێزگای كوردستان بۆتە هۆی ئەوەی كە قاچاخچییەكان لەو پارێزگایەدا هەست بە ئەمنیەت نەكەن.

هەواڵدەریی فارس لە زاری \"ئیرەج حەسەن زادە\"وە بڵاوی كردەوە، پشتیوانی كردن لە قاچاخچییەكان یەكێك لە هەوڵە فریوكارانەكانی وڵاتانی رۆژئاوایە و ئەو وڵاتانە بەم كارانەیان دیانهەوێت پێش بە پەڕە گرتنی هەمیشەیی ئابووری بگرن.

ئەو لێپرسراوە وتیشی، ئێمە (لێپرسراوانی ئەمنیەتیی كوردستان) بە هەست كردن بەو هەوڵە فریودەرانەیەی دوژمن، بۆ بنبڕ كردنی قەیرانی قاچاخ هەموو تواناكامان دەخەینە گەڕ.

ئەو لێدوانەی حەسەن زادە لە كاتێك دایە، كە ماوەیەك لەمەوبەر هێزەكانی ئینتزامی حكوومەتی ئێران هێرشیان كردە سەر گوندی \"نگڵ\"ی سەر بە شاری سنە و دەستیان بەسەر ژمارەیەك لە كەلوپەلی كۆڵبەرانی ئەو ئاواییەدا گرت.

هێزە ئەمنیەتیی ـ نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران رۆژانە بە بیانووی شتومەكی قاچاخ هاووڵاتییانی مەدەنیی كورد و كۆڵبەرانی سەر سنوور دەدەنە بەر رێژنەی چەكەكانیان و گیانیان لێ‌ دەستێنن.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای مانگی رەزبەرەوە هەتا ئێستا 18هاووڵاتیی كوڵبەر بە تەقەی هێزەكانی حكوومەتی ئێران كوژراو و بریندار بوون.

لە كۆی گشتیی ئەو رێژەیە 16 هاووڵاتیی سنوورنشین گیانیان لێ‌ ئەستێنراوە و 2ی دیكەش بریندار كراون.

لە سەرجەم ئەو 16 كوڵبەرە كوژراوە 8 كەسیان خەڵكی شاری سەردەشت و ناوچەكانی دەورووبەری بوون.