لێدان و بێڕیزیکردن بە ڕۆژنامەنووسان لە کۆنگرەی ناودارانی کورد

15:25 - 14 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت لە شاری سنە، لە کاتی ڕووماڵکردنی ئەو کۆنگرەیەدا، دەستیان بە لێدان و بێڕیزیکردن بە هەواڵنێران کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتی ڕووماڵکردنی کۆنگرەی ناودارانی کورد لە شاری سنە، کە لە ڕۆژانی ١١ هەتا ١٢ی پووشپەڕ بەڕێوەچوو، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت، ئیزنیان بە هەواڵێران نەدا کە ڕووماڵی ئەو کۆنگرەیە بکەن و دەستیان بە لێدان و بێڕێزیکردنی هەواڵنێران کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بڵاوی کردبووەوە کە تەنیا چوار هەواڵنێر ئیزنی ڕووماڵکردنی کارەکانی ئەو کۆنگرەیانە بووە و ئەوانی دیکە هێزە ئەمنییەتییەکان، بە ناوی هەواڵنێرانەوە بوون.

لەم پەیوەندییەدا، هەواڵدەریی حکوومەتیی \"مێهر\"ی سنە ڕایگەیاند: \"هەرچەندە دەسکەوتەکانی کۆنگرەی ناودارانی کورد گرینگ بوو، بەڵام تەنیا دەسکەوتی هەواڵنێران، لێدان و بێڕیزی پێکردنیان لەو کۆنگرەیەدا، بووە\".

ئەو هەواڵدەرییە هەروەها نووسیوویەتی: \"بێ ‌بەرنامەیی، قەڕەباڵغیی هۆڵەکە، بانگهێشتکردنی ئەو کەسانەی کە هۆگرییان بە فەرهەنگ و ئەدەبی کوردستان نەبووە، ناڕێکوپێکیی دیکۆری ئەو ڕێوڕەسمە و هەتا دوایی و گرینگتر لە هەموو ئەمانە، لێدان و بێڕیزیکردن بە هەواڵنێران و وێنەگران زیاتر بەرچاو دەکەوت هەتا کار و چالاکیی کۆنگرەی ناودارانی کورد\".

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە: \"لەجێی ئەوەی هەواڵنێران و وێنەگران بتوانن لەو کۆنگرەیەدا بەشداری بکەن، لە بەرامبەردا لەگەڵ هەڵسوکەوتی نەشیاو، بێڕیزی و لێدان بەڕەڕوو بوونەوە و بەو هۆیەوە، هەواڵنێران هۆڵەکەیان بەجێ هێڵاوە\".

\"ئیجلال قەوامی\"، ڕۆژنامەنووس و خەڵکی شاری سنە، سەبارەت بە کۆنگرەی ناودارانی کورد نووسیوویەتی: \"لە ماوەی کەمتر لە ١٠ ڕۆژ پاش کۆنگرەی ٥٤٠٠ کوژراوی دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەت لە کوردستاندا، کۆنگرەی ناودارانی کوردیش لەو شارەدا بەڕێوەچوو، کە یەکێکیان سپای بەیتولموقەدسی کوردستان بەڕێوەی برد و ئەم کۆنگرەکەشیان دەوڵەتی تەدبیر و ئومید و هەر کامەیان لەو کۆنگریەدا، پەیامی خۆیان بە کۆمەڵگا گەیاند\".

ناوبراو هەروەها نووسیوویەتی:\" بەڕێوەبردنی ئەم دوو کۆنگریە، کێبڕکێی نێوان سپای پاسداران و دەوڵەتە لە کوردستاندا بۆ ڕاکێشانی زۆرتری خەڵک و هاوکات پێبەندی و وەفاداریی هەر کامەیانە بە ئارمانەکانی کۆماری ئیسلامی\".