لێبووردنی نێونەتەوەیی: ٥٥%ی ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران بەرێوەدەچێت

16:02 - 22 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە نوێترین ئاماری ساڵانەی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە کە؛ بەبێ لە بەرچاوگرتنی وڵاتی چین، ٥٥% ی ڕێژەی ئێعدامەکان لە جیهان لە وڵاتی ئێران بەرێوەدەچێت.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی ٢٢ی خاکەلێوەی ساڵی ٩٦ی هەتاوی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بڵاوی کردەوە، ٥٦٧ حاڵەتی ئێعدام لە ساڵی ٢٠١٦ زایینی‌دا لە ئێران تۆمار کراوە.

ئەو ڕێکخراوەیە لەو ڕاپۆرتەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو کە، لانیکەم ٣٣ حاڵەتی ئێعدامی تۆمار کراو لە ساڵی ٢٠١٦ زایینی، لە بەرچاوی خەڵکدا بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە، لانیکەم دوو کەسی تاوانبار کە لە مێرمنداڵیدا تووشی تاوان بوون، لە سێدارەدانیان بەپێچەوانەی ڕێککەوتننامە و بەڵێننامە نێونەتەوەیەکان بووە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە ئێعدامی ٨ ژن لە ساڵی ٢٠١٦ زایینیدا لە ئێران کراوە.

شیارا سێن جۆرجیۆ، لە ڕاوێژکارانی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی گوتی: مەترسییەکان بۆ چوونە سەری حاڵەتی \"شاردنەوەی\" ئاماری ئێعدامەکان لە لایەن دەوڵەتەکانەوە بوونی هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، ئێران پاش چین بە دووهەمین وڵات لە بواری ئێعدام کردنی هاووڵاتییانی خۆی بە هەژمار دێت.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە لایەن پارێزەرێکی ئینگلیسییەوە بە ناوی\"پیتێر بێننسۆن\" لە ساڵی ١٩٦١ی زایینی لە شاری لەندەن دامەزراوە و ئامانجی ئەو ڕێکخراوەیە دادکۆکی کردنە لە مافی مرۆڤ بەو جۆرەیکە لە ڕاگەیەنراوی مافی مرۆڤی جیهانی و ستاندارە نێونەتەوەییەکانی دیکەدا هاتووە.