لێبوردنی نێونەتەوەیی: چالاکانی کرێکاری ئازاد بکەن

15:20 - 11 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانی کرێکاردا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای راگرتنی سەرکوتی دامەزراوە سەربەخۆ کرێکاریەکان و ئازادکردنی کرێکارە بەندکراوەکانی کرد.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بەبۆنەی ڕۆژی ١ی مەی ڕۆژی جیهانی کرێکاران داوای لە لێپرسراوانی حکومەتی ئیسلامی ئێران کردووە کە بە زووترین کات و بە بێ هیچ پیش مەرجێک چالاکانی کرێکاری بەندکراو ئازاد بکەن.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هەروەها داوا کراوە کۆتایی بە سەرکووتی دامەزراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان بهێنن و داوای لە لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی کردووە مافی وەڕێخستنی کۆبوونەوە و مافی پێکهێنان و ئەندامەتی لە سەندیکا کرێکارییەکان لەبەرچاو بگرن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها باس لە کەسانێکی وەک ئیسماعیل عەبدی ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەری کانوونی سینفی مامۆستایان و بێهنام ئیبراهیم زادە ئەندامی کۆمیتەی بەدواداجوون بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان کراوە کە هەنووکە لە زینداندان.

هەروەها سەبارەت بە ئەگەری گیرانی مەحمود بێهێشتی، رەزا نیک نژاد، مێهدی بەلوولی ئەندامانی هەیئرتی بەڕێوەبەری کانونی سینفی مامۆستایان،

مەحمود ساڵحی ئەندامی بەدواداچوون بۆ پیکهێنانی دامەزراوەی کرێکاری، داوود رەزەوی، ئیبراهیم مەدەدی و رەزا شەهابی ئەندامانی سەندیکای کۆمپانیای ئۆتوبوسڕانی تاران هۆشداری داوە.

ئەم کەسانە پیشتر بە تۆمەتگەلی وەک هەنگاونان بەدژی ئەمنیەتی نەتەوەیی، پڕوپاگەندە بەدژی حکومەت و تێکدانی نەزمی گشتی دەستبەسەر و زیندانی کراون.

ئەسڵی ٢٦ی یاسای بنەرەتی ئێران ئیزنی سازکردنی دامەزراوە و ئەنجومەنی سیاسی و سینفی بە ڕەوا دەزانێت بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا هێزە ئەمنیەتی و سەربازییەکانی حکومەت بەردەوام ریگر بوون لە ساز کردنی وەها دمەزراوەگەلیک.