لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای لە بەرپرسانی ئێران کردووە ئیزن بدەن پشکێنرانی نێونەتەوەیی سەردانی زیندانی ڕەجایی شار بکەن

15:23 - 1 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: جێگری بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقای ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، بارودۆخی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجی بە\"نموونەی هەڵسووکەوتی بێڕەحمانە و نامرۆڤانە\" وەسف کرد.

\"ماگدڵنا مەغربی\"، جێگری بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقای لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە پەیوەندیی لەگەڵ مانگرتنی ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسیی ڕەجایی شار ڕایگەیاند:\"ئەو ڕووداوە مایەی سەرشۆڕیە و کە دۆخی زیندانییەک ئەوەندە نالەبار بێت کە زیندانیان هەست بکەن بۆ لە بەرچاوگرتنی سەرەتایی‌ترین ستانداردەکان پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەکان دەست بە مانگرتن لە خواردن بکەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەی بڵاوی کردووتەوە، لە یەکەم ڕۆژەکان، بەپرسانی زیندان بە مەبەستی سزادانی مانگرتووەکان، هێندێک لە زیندانیانیان لانیکەم بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ڕاگرتبوو.

جیگری بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقای ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دەڵێت:\" زیندانیانی عەقیدەتی بە ڕاگرتنیان لە بارودۆخێکی نالەباردا، تووشی ئازار و سزای قورس دەبن\".

ماگدڵنا مەغربی دەڵێت:\" بارودۆخی مەترسیداری زیندانیانی ڕەجایی شاری کەرەج ئاماژەیە بە هەڵسووکەوتێکی بێڕەحمانه ونامرۆڤانە، کە بەرپرسانی ئێرانی لە هەڵسووکەوت لەگەڵ مرۆڤەکان لە بەندەکان بەردەوام بە کاری دەبەن. بەپێی ستاندارەکانی مافی مرۆڤ، دەبێ لەگەڵ هەموو زیندانیان بە ڕیزەوە هەڵسووکەوت لەگەڵیان بکرێت. کەسانێک کە پێویستان بە چاوەدێری تایبەتی پزیشکی هەیە دەبێ بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی زیندان بیان گوازنەوە\".

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوا لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران دەکات ئیزن بدەن پشکێنەرانی نێونەتەوەیی بە تایبەت ڕێپۆرتێرانی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، بە شێوەی سەربەخۆ و بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشووی زیندانیانی ڕەجایی شاری کەرەج و زیندانییەکانی دیکە ئێران سەردانی زیندانەکان بکەن.

محەممەد مەردانی، بەرپرسی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لە سەر بڕیاری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوەی زیندانەکان، ٥٣ زیندانیی ساڵونی ١٢ بەندی ٤ی بۆ ساڵونی ١٠ ئەو زیندانە گوازتووەتەوە.

زیندانیان بە نیشانی ناڕەزایەتی دەبڕین لەم هەوڵەی بەرپرسانی زیندان، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە و داوای گەڕانەوەیان بۆ سالۆنی ١٢دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"لە نۆژەنکردنەوەی سالۆنی ١٠، ٤٠ کامێرای چاوەدێری ٦٤ دەزگای \"گوێدێریی\" (شنود) لە سالۆن و لە هەموو ژوورەکان و تەنانەت لە گەرماو و شوێنە بێهداشتییەکان دانراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو:\" بەرپرسی زیندان داواکاریی زیندانیانی بۆ گواستنەوەی بەشێک لە کەرەستەی زیندانییەکان بۆ سالۆنی ١٠ بە شکاندنی مانگرتنەکەیان گرێداوە و هەڕەشە گواستنەوەی زیندانییانی مانگرتووی بۆ ژووی تاکەکەسیان کردووە\".

زیندانییانی سیاسی دووپاتیان کردووتەوە، هەتا کاتێک هەموو کەرەستە تایبەتییەکانیان، خەسارەتی لە ناوچوونی کەرەستەکانیان پێی نەدەنەوە، ناچنەوە بۆ سالۆنی ١٢ و دەست لە مانگرتن هەڵناگرن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو:\" ژمارەیەک لە زیندانیانی مانگرتوو لە دۆخێکی نالەبار دەژین و بەرپرسی زیندان بۆ گواستنەوەی ئەوان لە دەرەوەی زیندان بۆ چارەسەریی پزیشکی پێشگیری کردووە\".