لوڕ بەشێکی دانەبڕاوە لە نەتەوەی کورد

22:05 - 25 جۆزەردان 2716
Unknown Author
شۆڕش گوڵکار

ناسنامەی نەتەوەی, پرۆژەیەکی مێژووی و کۆمەڵایەتیە کە بە درێژای زەمان شکڵ دەگرێ,هەر بۆیە بە ناسین و لێکۆڵینەوەی مێژووی رابردوو,کۆمەڵگای هەنووکە و ژیان و هەڵسووکەوتی ئێستا،دەتوانین پێداویستیەکانی داهاتوو تەنانەت رێگای دوارۆژیشمان بناسین و لەو رێگایەشدا هەنگاو هەڵێنین. بۆیە هەر کوردێک دبێ هەست بە بەرپرسایەتی بکا لە پێناو نەتەوەکەیدا و بێ پسانەوە لەو بۆارە تێبکۆشێ، زه خوت جستن کاکا دردِ کمی نید چو ئی گاعون بلا و ماتمی نید دل و دین دستِ بیگونه سپردن نِمک ری زهم بید و مَلهَمی نی چونکە داگیرکەرە رەگەزپەرەست و پاوانخوازانی ئێرانی پارسی بە هۆی نەبوونی کلتوور و ناسنامەی نەتەوەیی هەر لە منداڵیەوە تاکوو مردن تووشی قەیرانی شۆناسن و کەسایەتیەکی شێواویان هەیە، بە جورێک کە ئیدی مەحاڵە ئەم کەسایەتیەی ئێرانی پارسی چارەسەر بکرێت.بەردەوام لە هەوڵی چەواشەکردنی مێژووی خەڵکی لوڕن \" کە بەشێکی دانەبڕاون لە نەتەوەی کورد\"یان لە حاست رابردووی وان بێ دەنگی هەڵ ئەبژێرن و بەو چەشنە دەیان هەوێ خەڵکی لوڕ ئاورێک لە رابردووی خۆیان نەدەنەوە و بێ ئاگابن لەو بوارە، لە حاڵێکدا کە هەوەڵین حکوومەت کە لە پێش زایین لە رۆژهەڵاتی ناویندا دامەزراوە لە لایەن مادەکانەوە بووە،کە بە وتەی هێرۆدۆت: پێکهاتەی یەکیەتی ماد لە شەش تایفەیە کە بریتین لە: بووسیان،پارتاکنیان،ئاستروکاتیان،ئەربزانتیان،بوودیان و موغەکان. خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە کە پێنج دانە لەو تایفانە کە ناوبراوە هەنووکە بە تۆزێ ئاڵوگۆڕەوە لە نێو لوڕەکاندا دەبینرێن. وەک بووسیان,تایفەی بووساک یان بساک ـ چوارلەنگ موغەکان=موگوی یان موغوی سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە مێژوونوسان جێگای نیشتەجێبوونی تایفەی شەشەمیان لە نێزیک باشوری ئیسفەهان ناوزەد کردووە کە هەنووکە ناوچەی(فەربدن)یان هەر ئەو(پارتیکنە)لە مێژینەیە،چونکە هەر ئێستاکە لە نێزیکی \"داران\"پارکێکیان بە نێوی (پارتیکن)دروست کردووە. هەروەها جێگای ئاماژەیە کە ئەم ناوانە بە درێژای مێژوو ئاڵوگۆڕی زۆریشیان بە سەردا هاتووە بە تایبەت دوای هێرشی سپای ئیسلام و دواتریش لە کاتی نووسینی ئەم ناوانە لە لایەن مێژوونوسانی بیانیەوە زۆر دەستکاری کراوە،بەڵام نابێ ئەوەش لە بیربکەین کە هێشتا کاکڵەو ناوەرۆکی کوردانەی پێوە دیارە. بۆیە شەرەفنامەش لە (زبدەالتواریخ)وە دەگێڕێتەوە: کە لە لای مانرود گوندێک هەیە ناوی کوردە،دەربەندێکی لێ نزیکە بە ناوی \"کول\" لە ناو دەربەندەکە گوندێک هەیە بە ناوی لوڕ.ئەو کوردانەی کە خۆیان بە لوڕ دادەنێن، لەهەر کوێ بن و هەر ناوێ تریشیان هەبێت،هەمویان لە بنەچەدا سەربەو گوندەن.هەروەها\"دهخدا\"ش لە قاموسی دێهخودا و بە پێ کتێبی (مجمع البلدان) دەڵێ: لوڕ عەشرەتێکی گەورەیە لە عەشایری کورد،ئینجا دەڵێ گروپێک لە کوردەکان کە لە نێوان چیاکانی ئیسفەهان و خوزستان و ئەو ناوچانە دەژین بە لوڕ ناسراون.هەربۆیە\" تەبەریش\" لوڕەکان بە کورد دەزانێ و بە کوردیش ناویان لێ دەبا. ئەم بۆچوونانە هەموویان راستن چونکە تەنانەت لە بواری زمانیشەوە ئەوەی کە روونە و دیارە و لە لێکۆڵینەوەی زمانناسانیشدا دەرکەوتووە ئەوەیە کە شێوەزاری قسەکردنی لوڕی پێوەندیەکی قوڵی هەیە لە گەڵ زمانی کوردیدا،یان بە شێوەیەکی دی دەتوانین بڵێین کە بەشێکە لە زمانی کوردی ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لوڕەکان بە درێژای مێژوو لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس کە نیشتمانی کوردانە ژیاون ودەژین،بەم پێیە دەبێ ئاماژەش بەوە بکەین کە میللەتی کورد لە چوار پێکهاتەی سەرەکی پێکهاتووە کە بریتین لە: لوڕ، کەلهوڕ، گۆران، کورمانج. لە کۆتایشدا دەبێ ئەوە بڵیین کە لوڕ یەکێ لە کۆنترین خەڵکانێکن کە لە زاگرۆسدا نیشتەجێن و پانتای خاکەکەشیان لە خانەقەین و کەرکووک، کە بە لوڕستانی رۆژئاوا بە ناوبانگە دەست پێ دەکا تا دەگاتە کرماشان وپارێزگای هورمۆزگان.لوڕەکان بە دوو لەقی سەرەکی دابەش دەکرێن، کە لوڕی چوکەو لوڕی گەورەی پێ دەوترێ،کە ئەمەش بە هۆی پانتای وڵاتەکەیان و حەشیمەتەکەیانە کە بەم شێوە ناوزەد کراون.لوڕی چوکە بریتیە لە: لوڕی فەیلی (دلفان،بالاگریوە،ئاملە،لەک)کە شوێنی نیشتەجێبوونیان باشوری کرماشان و لوڕستان و ئیلام و پارێزگای هەمەدان و پارێزگای مەرکەزی و بەشێکی خاکی عێراقیش دەگرێتەوە,لوڕی گەورەش بریتیە لە بەختیاریەکان و کەهگیلویەکان و بۆیرئەحمەدیەکان ولوڕی مەمەسەنی کە پارێزگای فارس و بوشەهر و پارێزگای هۆرمۆزگان و بەشێک لە کرمانە.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.