١٠ لایەنی سیاسیی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەربەرەکانێی خەڵک لە هەمبەر سەرکوتی حکوومەتی ئێران بە مافێکی سروشتی دەزانن

14:15 - 5 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ١٠ لایەنی سیاسیی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، لە پەیوەندیی لەگەڵ هێرشی بۆ سەر هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە شاری ئەهواز و دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییان لەو پەیوەندییەدا، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: ئێمە لەسەر بیروباوەڕی هەمیشەییی خۆمان، هەموو جۆرە کردەوەیەکی توندوتیژی و تێرۆر مەحکووم کردووە و دەیکەین. لێرەدا وەبیری دێنینەوە کە ڕێژیمی ئێران لە ماوەی چوار دەیە لە دەسەڵاتی خۆی، بەردەوام لە تێرۆریزم دژی هەموو خەڵکی کۆمەڵگا چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی کەڵکی وەرگرتووە و بەو پێیە بەرپرسی سەرەکیی لە پێکهێنانی فەزای توندوتیژی و ئاڵۆزیی لە کۆمەڵگا حکوومەتی ئێرانە.

لە بەشێکی دیکە ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: ڕۆژی شەممە ٣١ی خەرمانان، ڕێورەسمی ڕێژەی نیزامیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە بۆنەی ٣٨هەمین ساڵڕۆژی شەڕی ئێران و عێراق، لە شاری ئەهواز، کرایە ئامانجی هێرشی چەکداری و لانیکەمی ٢٨ کوژراو و زیاتر لە ٥٠ برینداری لێ کەوتەوە.

سەرەڕای هێزە نیزامییەکان، هێندێک لە کوژرا و بریندارەکان لە نێو خەڵکی ئاسایی و مەدەنی کە بۆ چاولێکردنی ڕێژەی نیزامیی هاتبوون، تێدابوون.

پاش بەدواداچوونی ئەم ڕووداوە و لایەنە جۆراوجۆرەکانی لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا، سەرەڕای ئیدعای کەسێک کە پەیوەندیی ئەم ڕووداوەی بە گرووپ و ڕێکخراوەکەی ڕەت کرایەوە و لە ئەستۆگرتنی بەرپرسایەتی ئەم ڕووداوە لە لایەن گرووپی تێرۆریستیی داعش و لە لایەن چەکدارانی ئەو گرووپەوە هەنووکە لە ناڕوونیدایە و ڕاپۆرتە فەرمییەکانی ڕێژیم سەبارەت بە هێرشکەران، دژبەیەکە.

وتەبێژی سپای پاسدارانی ئێران قامکی تۆمەتی بۆ \"گرووپە ئەهوازییەکان\"، هەتا ئامریکا و ئیسرائیل و هێندێک لە وڵاتانی عەرەبی درێژ کردووەتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەو ڕووداوە و لەگەڵ دەسپێکردنی ٧٣هەمین کۆبوونەوە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و تەنیا دوای دوو حەوتوو پاش لە هێرشی مووشەکبارانی ئەم دواییانە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حدک و حدکا لە خاکی عێراق و ئێعدامی زیندانییانی سیاسیی کورد و هەروەها هاوکات ئێعدامی ٣ کەس لە زیندانییانی سیاسیی بەلووچی پاش شەڕ و تێکەڵچوونێک لە سنووری وڵاتی پاکستان و تێرۆری دیکەی دەوڵەتی، زیاتر دڕدۆنگی دروست کردووە، کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەربەرەی سەفەری ڕۆحانی بۆ ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، بە شوێنی چەواسەکردن و داپۆشینی ئەو جەنایەتە و دەسدرێژەیەی ئەم دواییانە و سەرنجڕاکێشانی هاودەردیی خەڵکی جیهان، خەریکی ڕۆڵی قوربانیبوونی تێرۆریزم بە خۆ دەگێرێت.

دەقی تەواوی ئەم بەیاننامەیە لە بەشی فارسیی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپایە.