لاوێکی کورد لە مەریوان دەسبەسەر کرا

14:27 - 19 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی شاری سەوڵاوای مەریوان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

به پێی راپۆرتی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێشەممە ١٦ی رێبەندان، لاوێکی کورد به ناوی\"موحسن ئەدوایی\"خەڵکی گوندی\"سلێن\" سەر بە بەخشی هەورامانی سەوڵاوا و دانیستووی شاری مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان گوێزرایەوە.

به‌وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەم لاوە کوردەیان لە ناوچەی \"چوارباخ\"ی مەریوان دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە مەڕ هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم لاوە کوردە لە بەردەستدا نییە.

پێشتریش، ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی بەفرانباری ئەمساڵ، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشییان کردە سەر شوێنی کاری ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی \"سلێن\" سەر بە بەخشی هەورامانی سەوڵاوا بە ناوەکانی \"ئارام ئەدوایی و بەهرام ئەدواییان\" و دەسبەسەر کرابوون.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی بەفرانباری ئەمساڵ هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی گوندی\"سلێن\" به ناوی \"عەبدوڵلا ئەدوایی\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەر کرانییاندا، لە \"مافی گرتنی پارێزەر و چاو پێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکەی\" بێبەرین.