لاوێکی کورد بەهۆی بێکارییەوە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا

20:37 - 27 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد، بەهۆی دەستکورتی و بێکارییەوە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی پووشپەڕ، لاوێکی کوردی خەڵکی کامیاران و دانیشتووی ئیسفەهان، بە ناوی \"سامان باجەلانی\"، کوڕی شاتر یارئەحمەد، تەمەن ٢٨ ساڵ، بەهۆی بێکاری و دەستکورتی، لە ڕێگای خۆسووتاندنەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سەرچاوەیەک لەو بارەوە ڕایگەیاندووە کە ناوبراو خێزاندار و خاوەن دوو منداڵیشە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"موختار قەوامی زروان\"، کوڕی عەبدولقادر، خەڵکی گەڕەکی \"کانی‌ کووزەڵە\"ی شاری سنە، بەهۆی دەستکورتی و هەژاری، لە ڕێگای خۆکوژییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە وتوویەتی: \"ناوبراو کە کرێکار بووە، خێزاندار و خاوەن کچێکی تەمەن چوار ساڵانە\".