لاوێکی مەریوانی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

10:47 - 2 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تەمەنی، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ١ی ڕەزبەر، لاوێکی مەریوانی بە ناوی "ئارام نیکپەی"، تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی "عەزیز"، خەڵکی گوندی "نێـ"ـی شاری مەریوان، پاش ٤٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی گەلاوێژ، ئەو لاوە کوردە لەگەڵ "عەبدوڵڵا بەشتام"، تەمەن ٢٣ ساڵ، کوڕی "ڕەمەزان"، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی بەرهەڵستکاری حکوومەتی ئێران"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.