لاوێکی سەقزی لە کێبڕکێی \"بلێمەتی لێزان\" لە ئوراسیا میداڵی زێوی بە دەست هێنا

13:52 - 8 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی سەرکەوتنی لاوانی کورد، لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، لاوێکی سەقزی لە کێبڕکێی \"بلیمەتی لێزان\"، لە وڵاتی ڕووسیە سەرکەوتنی بە دەست هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ڕەزا ڕزوان\" وەرزشوانی لاوی خەڵکی شاری سەقز، لە کێبڕکێی جیهانیی \"بلیمەتی لێزان\" (نخبە مهارت)، توانی پلەی دووم لە وڵاتی ڕووسیە بە دەست بێنێت.

ئەو لاوە کوردە، لە کێبڕکێی لەگەڵ ١٨ بەشداربووی دیکە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ (١٨کاتژمێر)، توانی میداڵی زێو و پلەی دووهەم لە بەشی دامەزراوە ئێلکترۆنییەکان لە کێبڕکێی بلیمەتی لێزان لە ئوراسیا بە دەست بێنێت.

کێبڕکێی ئوراسیا (High-Tech2018)، لە ڕێکەوتی ٢ هەتا ٦ی خەزەڵوەر، لە شاری یکاترینبورگ لە وڵاتی ڕووسیە بە بەشداریی ٤٧٣ ڕکابەر و ٤٥٠ کارناس بەڕێوە چوو.