لاوێکی سەردەشتی لە ترسی دەسبەسەرکردنی، خۆی حەشار داوە

13:05 - 7 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سەردەشت لە ترسی دەسبەسەرکردنی، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، ماوەی دوو مانگه خۆی حەشار داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئائژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی گوندی \"شەمۆلە\"ی شاری سەردەشت، بە ناوی \"سۆران خزری\" تەمەن ٢١ ساڵ کوڕی حەسەن خزری، لە ترسی دەسبەسەرکردنی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، ماوەی دوو مانگه خۆی حەشار داوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت ڕایگەیاند: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان بە تۆمەتی هاوکاری‌کردنی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی ئەو لاوە کوردە و دەستیان بە بێڕێزی بە بنەماڵەی سۆران خزری کردووە و داوای ڕادەستکردنی کوڕەکەیان کردووە.

بە وتەی هەواڵنێری کوردپا لە سەردەشت، هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لە دایک و برایەکی سۆران کردووە لە ئەگەری ڕادەست‌ نەکردنی کوڕەکەیان، ئەوان وەکوو بارمتە دەسبەسەر دەکرێن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت، باغی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستی بە سەر داگیراوە و سێ ڕۆژ پێش، هێزە ئیتلاعاتییەکان، دەوری ئەو باغەیان تێلدڕوو، داوە.

ئەو سەرچاەیە دەڵێت، هێزە ئیتلاعاتییەکان دەیانهەوێت ئەو لاوە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری و یارمەتیدانی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر بکەن.