لاوێکی دەسبەسەر کراو لە ورمێ بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

13:11 - 30 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی بەفرانبار، لاوێکی کورد بە ناوی \"مەجید تیباش\"، کوڕی خالید، خەڵکی گوندی \"دزە\"ی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم لاوە کوردە، پاش تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوە تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا ئازاد کراوە.

مەجید تیباش، ڕۆژی ٥ی بەفرانبار، پاش بانگهێشت بۆ ستادی خەبەری ئیداری ئیتلاعاتی شاری ورمێ، دەسبەسەر کرابوو.

ئەم لاوە کوردە، بە تۆمەتی \"پەیوەندیی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، بۆ ستادی خەبەری ئیداری ئیتلاعاتی شاری ورمێ بانگهێشت کرابوو.

لەو پەیوەندییەدا، ساڵی ٩١ی هەتاوی، ئەم لاوە کوردە، لەسەر بڕیاری حەراسەتی زانکۆی عیلمی_کاربوردی شاری ورمێ، بە هۆی ئەوەی کە لەسەر لەبتابەکەی وێنەی ئاڵای کوردستانی دانابوو و ئەو وێنەیەی لە کۆنفڕانسێکی زانستیدا پیشان دابوو، لە خوێندن بێبەری کرا.

هەروەها ساڵی ٩٢ی هەتاوی، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ماوەیەک دەسبەسەریی لە گرتنگە ئازاد کرا.