قەیرانی دەوا و دەرمان نەخۆشخانەکانی ئێرانی بەرەوڕووی داخران کردۆتەوە

16:09 - 16 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: مێدیا ناوخۆییەکان بەپێچەوانەی بەڵێنیی بەرپرسانی حکوومەتی لەمەڕچارسەر کردنی کێشەی دەوا و دەرمان، ئاماژە بە داخرانی نەخۆشخانەکان دەکەن.

نێعمەتوڵڵا مەنوچێهری یەکێک لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی تەندروستیی مەجلیس وێڕای ئاماژە کردن بە کێشەی دەوا و دەرمان لە ئێران بە ماڵپەڕی \"خانەی میلتەی راگەیاند: گرانیی کەرەسە پزیشکییەکان، چوونە سەرێی نرخی ماڵیاتەکان، هاوکاری نەکردنی ئیدارەی بیمە لەگەڵ نەخۆشخانەکان، کەمیی کادری شارەزا و پسپۆڕ لە کێشە سەرەکییەکانی بەشی دەرمانیی وڵاتی ئێران دێنە ئەژمار.
زۆرێک لە سەرچاوەکان لە زاری بەرپرسانی نەخۆشخانەکانەوە بڵاویان کردۆتەوە، بە هۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان نرخی کەرسە پزیشکییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیاد بوون کردووە و لەو پەیوەندییەدا نرخی گازی \"هێلیۆم\" بۆ کاری \"MRI\" بەبەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو ١٠ بەرابەر رووی لە زیاد بوون کردووە و لە هەمان کاتیشدا نرخی ١ جار وێنە هەڵگرتنەوە بە دەزگای MRI لە ١٧٧ هەزار تمەن بۆ ٤٠٠ هەزار تمەن بەرز بۆتەوە.

رەسووڵ خزری نوێنەری خەڵکی پیرانشار و ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستی مەجیلس ئاشکرای کرد، سەرەڕای دۆخی قەیراناوی دەوا و دەرمان بۆ نەخۆشە تایبەتییەکان لە وڵاتی ئێران، تەنیا چەند بانکێکی دەرەکی لە ئاستی جیهاندا ئامادەی ئاڵووێری پارە و دراو بەمەبەستی کڕینی دەوا و دەرمان بۆ وڵاتی ئێرانن.

\"10575.jpg\"
لەلایەکی دیکەوە کەرسەکانی تایبەت بە ددانسازی رووی لە کەمی کردووە و چاوەڕوانی ئەوە دەکرێ سەردانی نەخۆشەکان بە هۆی تێچووی لەڕادەبەدەر بە تایبەتی نەخۆشە تایبەتییەکانی ددان، روو لە کەمی بکات.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئێستا هاووڵاتییانی ئێران زیاتر لە ٧٠%ی نرخی دەوا دەرمانەکان بۆ خۆیان دابینی دەکەن و رۆڵی بیمە و دەوڵت رۆژ لە دوای رۆژ کەمڕەنگ‌تر دەبێتەوە.

پێشتریش بەرپرسی گشتیی کەلوپەلی پزیشکیی نەخۆشخانەی مەهاباد رایگەیاندبوو، هەتا ئێستا ژوورەکانی \"ئەندێسکۆپی، ئێسپێرۆمێتری، تاقیگە، و MRI لەو نەخۆشخانەیەدا بوونی نییە و ئەوەش لە کاتێک دایە کە شاری مەهاباد زیاتر لە ٢٢٠ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە.

لەلایەکی دیکەوە ماوەیەک پێش ئێستا بەرپرسانی دەزگای \"سی تی ئێسکەن\"ی نەخۆشخانەی شاری بۆکان رایگەیاندبوو بە ئەو دەزگایە هۆی زیانی مادییەوە توانای خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیانی کوردی نامێنێت و بەرەو ڕووی داخران دەبێتەوە.

رۆژانە رێژەیەکی بەرچاو لە نەخۆشە تایبەتییەکان بە هۆی نابەرپرسیارەتیی ناوەندە پزیشکییەکان و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەسەر حکوومەتی ئێران کە کەمیی دەوا و دەرمانی بە دواوە بووە، بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە کە ئەو مەسەلەیە لە ناوچە پەراوێز خراوەکاندا چەندین بەرابەر زیاترە.