قەتڵگەی رەجایی شاری کەرەج/ مەرگی ١٧٦ زیندانی لە ساڵی رابردوودا

16:23 - 6 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ساڵی رابردووی هەتاویدا لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج، ١٧٦ زیندانی بە هۆکاری جۆراوجۆر گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ساڵی ١٣٩٢دا نەخۆشی، خۆکوژی، ئایدز و هیپاتیت، شەڕ و ئاژاوەی نێو زیندان و مەرگی گوماناوی، هۆکاری گیان لەدەست دانی ١٧٦ زیندانی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج‌دا بوو.

سەرچاوەکان و زیندانیانی نێو زیندانی رەجایی شاری کەرەج باس لە راستییەکی هەژێنەری نێو زیندان دەکەن، کە بە شێوەی بەڵگەمەند بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە.

نەبوونی چاوەدێری بە سەر بارودۆخی تەندروستیی زیندانیان:

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ نەبوونی یاسای تایبەت بە نێو زیندان و بەتایبەت لە زیندانی رەجایی شار و کۆنتڕۆڵی دروستی بارودۆخی زیندانیان بۆتە هۆی ئەوەیکە کۆمەڵێک لە زیندانیان تووشی نەخۆشیی‌یەکانی وەکوو ئایدز و هیپاتیت ببن، کە ئەمە هۆکاری گیان لەدەست دانی ژمارەیەک زیندانی لە ساڵی ١٣٩٢دا بوو.

لەو پەیوەندییەدا چەندین زیندانی کە لە بواری تەندروستییەوە هیچ کێشەیەکیان نەبووە، بەبی خواستی خۆیان تووشی نەخۆشیی بێ عیلاج بوون و گیانیان لەدەست داوە.

مەرگی گوماناوی و پێڕانەگەیشتن بە دۆسیەکەیان:

\"19029.jpg\"
مەرگی گوماناویی زیندانیان هەژێنەرترین بەشی ئەو ئامارە پێک دێنیت، کە هۆکاری مردنەکەیان روون نەبۆتەوە.

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، نە تەنیا لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە بەدواداچوون بۆ هۆکاری مەردنی زیندانیان ناکرێت، بەڵکوو بنەماڵەی زیندانیان بەهۆی بەدواداچوون بۆ هۆکاری مردنەکان، بەرەوڕووی هەڕەشە دەبنەوە.

زۆربەی حاڵەتەکان لە دەزگای قەزایی‌دا، بەبێ روون بوونەوە سەرپۆشی لەسەر دادەندرێت و دۆسیەکان دەبسترێن.

تێکهەڵچوون و ئاژاوەی نیوان زیندانیان و پاسەوانانی زیندان:

نەبوونی چاوەدێری بەسەر هەلسووکەوتی زیندانیان و تێکهەڵچوونی نێوان زیندانیان بە هۆکارێکی دیکەی مردنی زیندانیانی زیندانی رەجایی شاری کەرەج ئەژمار دەکرێن.

یەکێک لە زیندانیانی زیندانی رەجایی شار، بەشێک لە تێکهەڵچوونەکانی نێو زیندانی بە پلان بۆ داڕێژراو لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە لە قەلەم داو گوتی: پێڕانەگەیشتن بە تێکهەڵچوونی زیندانیان و ناساندنی کەسی تاوانبار و بێ تاوان لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە بەڵگەی سەلمێنەری ئەم ئیدیعایەن، کە زۆربەی ئاژاوە و تێکهەڵچوونی نیو زیندان لەلایەن بەرپرسانی نێو زیندانەوە پلانیان بۆ دادەرێژرێت.

لە زۆربەی تێکهەڵچوونەکاندا زیندانیان بەدەستی پاسەوانانی زیندان دەکوژرێن و بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.

خۆکوژی:

\"19031.jpg\"
نەبوونی چاوەدێریی شیاوی بێهداریی نیو زیندان بەسەر بارودۆخی دەروونی زیندانیان، ناچالاکیی بەشی ئیداریی زیندان لەمەڕ چارەسەر کردنی کێشەی زیندانیان وەکوو بەشی \"مەدەدکاری\"ی زیندانی رەجایی شاری کەرەج و هیوابڕوایی زیندانیان بۆتە هۆی ئەوەیکە ژمارەیەک لە زیندانیان پەنا بۆ خۆکوژی ببەن.

سەرچاوەیەک لە نیو زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند؛ بەرپرسانی زیندان دەیان جار لە هەوڵی خۆکوژیی زیندانیان ئاگادار کراونەتەوە، بەڵام بۆ پێش گرتن بە خۆکوژیی زیندانیان هیچ هەڵوێستیکیان نەنواندووە.

هەروەها لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، کە بەرپرسانی زیندانی رەجایی شاریت کەرەج لە بارودۆخی دەروونیی زیندایانی ئاگادار بوونە، کە ئەو زیندانییەی ویستوویەتی هەوڵی خۆکوژی بدات، کەرەسەکانی خۆکوژیی لەبەر دەستدا بووە.

نەخۆشیی دەروونی لە نێو زیندانیانی رەجایی شاری کەرەج:

بەگشتی نەخۆشیی دەروونی لە نێو زیندانیانی رەجایی شاری کەرەج و نەبوونی بەرنامەیەکی روون لەو پەیوەندییەدا، ژیانی زیندانیانی نێو ئەو زیندانەی بەرەوڕووی مەترسی کردۆتەوە.

نەبوونی سیستەمی ستانداردی پزیشکی، نەبوونی ناوەندی چارەسەریی نەخۆشیی دەروونی لە نێو زیندان، تێکەڵاویی زیندانیان بە هەموو جۆرە تاوانێکەوە، بەڕێوەبریی سەلیقەیی و نەبوونی چاوەدێریی سیستەمی قەزایی سەربەخۆ بەسەر ئەو زیندانەدا، بە هۆکارەکانی زیادبوونی ئاماری خۆکوژیی زیندانیان ئەژمار دەکرێت.

شاری ٤٠٠٠ کەسی زیندانی رەجایی شاری کەرەج و نەبوونی کۆنترۆڵ:

تێکڕای ئەو هۆکارانەی کە ئاماژەیان پێکرا، بوونەتە هۆی ئەوەیکە زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی ئەو زیندانە، بەرەوڕووی دۆخێکی دژوار ببنەوە.

راگرتنی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی لەگەڵ زیندانیانی ئەنجامدەری تاوانە گشتییەکانی وەکوو قەتڵ (کوشتن)، دز، و کەسانی شەڕاشۆ بوونەتە هۆی ئەوەیکە زیندانیانی سیاسی بەرەورووی مەترسیی جەستەیی و تەندروستی ببنەوە.

ئەم راپۆرتە تایبەت بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە و بۆ یەکەمجار لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاوە بڵاو دەکریتەوە و دروستیی ئەم حاڵەتانە لەلایەن ئاژانسەوە پشتڕاست دەکرێتەوە.