قۆناغەكانی رۆژنامەگەریی كوردی لە كوردستانی ئێران

14:12 - 30 خاکەلێوه 2712
Unknown Author
شەریف فەلاح
قۆناغی دەسپێك، كۆماری كوردستان:

بۆخستنە بەرباسی رەوتی رۆژنامەگەری هاوچەرخی كوردی لە كوردستانی ئێران، ئەكرێ‌ سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران 1357 بكەینە بنەمایەك ‌و رەوتەكە بە دوو قۆناغی بەر لە شۆڕش ‌و دوای شۆڕش دابەش بكەین.

بەرلە سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، بە گوڕترین ‌و بەرچاوترین رەوت، ئەو سەردەم ‌و ماوە كورتە بووە كە دەسەڵاتی كۆماری كوردستان ئەویش لە ناوچەی باكوری كوردستانی ئێران لە ماكۆ ‌و \"خۆی\"یەوە بگرە تا دەگات بە بەشێك لە شاری سەقزی لەخۆ گرت، كە بە گوڕ ‌و تینێكی بەرفراوان و بە ئەندێشەیەكی نەتەوەیی ‌و بە پشتیوانیی دەسەڵاتی سیاسیی كۆماری كوردستان ‌و لەسەر دەستی چەندین ئەدیب، شاعیر ‌و رۆشنبیری بە توانا وەكوو: \"سەیفولقوزات، مامۆستا هەژار، مامۆستا هێمن، عەبدولڕەحمان زەبیحی، حەسەن قزڵجی، سەید كامیل ئیمامی (ئاوات)، خاڵەمین، عەباس حەقیقی ‌و هێدی\" و هتد...چەندین گۆڤار ‌و رۆژنامەیان وەكوو كوردستان، هەڵاڵە، نیشتمان، گڕ‌وگاڵی منداڵانیان چاپ ‌و بڵاو كردەوە، بەڵام ئاستی وەشان ‌و ئەو ناوچانەی كە ئەم پەرتووكانەی تێدا بڵاو دەكرایەوە لە شارەكانی باكوری كوردستانی رۆژهەڵات تێنەپەڕی كە هۆكارە دەرەكی ‌و ناوخۆییەكانی ببوونە هۆی رەخساندنی.

هەر لەو ماوە كورتەدا پۆلێ‌ چاپەمەنی، كتێب ‌و پەرتوكی كوردی هاتنە مەیدانی رۆشنبیری ‌و زمان ‌و ئەدەبی كوردی بووژایەوە، هەرچەند ئەو تەوژمە ئەدەبی ‌و رۆشنبیرییە نەگەیشتە شارەكانی پارێزگاكانی كوردستان، كرماشان ‌و ئیلام، بەڵام ناڕاستەوخۆ كاریگەری هەبووە، بە كپ كردنی ئەو هەلە لەلایەن دەسەڵاتی حكوومەتی پەهلەوییەوە رەوتەكەش راوەستاوە ‌و دام دەزگای حكوومەتی پاشایەتی وەك حكوومەتی پێشووی توركیە هەوڵی یەكدەست كردنی زمان ‌و كولتووری نەتەوەكانی ئێران ‌و تواندنەوەیان هەوڵەكانی خۆی حشتە گەڕ.
لە ساڵی 1325ی هەتاوییەوە هەتا سەرەتای شۆِڕشی 1357 لە ئێران بە قۆناغی تاریك و تەمومژاویی رەوتی رۆژنامەگەریی كوردی لە كوردستانی ئێران دێتە ئەژمار و جیالە نامیلكە و بڵاوكراوەی حیزب و رێكخراوە سیاسیەكان لە شاخ كە بە نهێنی چاپ دەبوون، هیچ بڵاوكراوەیەكی تر بە فەرمی لە ماوەی زیاتر لە 35 ساڵدا چاپ نەبووە.

قۆناغی شۆڕشی 57:
بەڵام خرۆشی گەلانی تووڕەی ئێران، جووڵەی لە‌و ئەندێشەیە بڕی ‌و ئیرادەی جەماوەر بەسەر سەركوت ‌و زەبر‌و زەنگدا سەركەوت ‌و كۆتایی بە دەسەڵاتی پەهلەوی ‌و پیلانە دژە مرۆییەكانی هات.
بۆ ماوەیەك سەرلەنوێ‌ هەلومەرج بە گوڕ‌وتینێكی ترەوە رۆژنامەگەریی كوردی لە وڵاتەكەماندا سەری هەڵدا.

ئەگەرچی لەبەر كاریگەریی كات ‌و هەلومەرجی تایبەتی ئەو سەردەمە، چاپەمەنییەكان زۆرتر سیاسی ‌و كۆمەڵایەتی بوون، بەڵام خێرا سەریان هەڵدا و شانبەشانی رووداوكان گەشەیان كرد و هەركام لە هێز و لایەنە سیاسییەكانی مەیدانی كوردستانی ئێران بۆ خۆیان خاوەنی چاپەمەنی و بڵاو كراوەی تایبەت بە خۆیان بوون.

هاوكات بەشێك لە هێز و لایەن و رێكخراوە سیاسییەكانی ناوچكەكانی دیكەی ئێرانیش ئەو دەرفەتە لەبارەی كوردستانیان قۆستەوە و گۆڤار، بڵاو كراوە و نامیلكەكانی خۆیان لە كوردستان بە چاپ دەگەیاند و رەوانەی ناوچكانی دیكەیان دەكرد.

ئەو ماوە كورتەش سەرلەنوێ‌ كۆتایی پێ‌ هێنرا ‌و لەلایەك هەلومەرجی ئەستەم ‌و ناسكی ساڵەكانی كۆتایی دەیەی50ی هەتاوی تا نێوەڕاستی دەیەی60ی هەتاوی ‌و بڵێسەی ئاوری شەڕ زۆربەی دەرەتاەكانی رەواندەوە. وەڵامی داخوازییە سیاسی ‌و نەتەوەییەكانی هێزە سیاسیەكانی كوردستانی ئێران و ئەو دەرفەتانەی كە بۆ وتووێژ لەگەڵ حكوومەتی ناوەندە رەخسابوون، هەڵایسانی شەڕی لێكەوتەوە.

شەڕی حكومەتی ئسیلامیی ئێران لەگەڵ عێراق ‌و چەند هۆكاری تریش بوونە هۆی ئەوەی هەتا كەش ‌و هەوایەكی پڕلە ترس ‌و سەركوت باڵ بەسەر رەوتی رۆشنبیری لە كوردستانی ئێراندادا بكێشێ‌ ‌و كۆمەڵانی خەڵك لە سەرەتایی تررین مافە مرۆییەكان، خوێندن ‌و نووسین بە زمانی زگماكی قەدەغە بكرێن، گۆڤار ‌و رۆژنامە‌و كتێب‌و رەوتی چاپ ‌و وەشان پێشیان پێگیرا‌و كەش ‌وهەوایەكی تەژی لە سانسۆر ‌و ئەمنیەتی لە كوردستان هاتە ئاراوە ‌و رەوتی رۆژنامەگەری هاوچەرخی كوردی تووشی قەیران ‌و وەستان هات.

هەرچەند لەم قۆناغەدا جۆرێك لە ئەدەبی بەرگری و راپەڕێنخوازانە فۆرم دەگرێت و بە نهێنی و ناوبەناو لەملاو لەولا چاپ و بڵاو دەكرێنەوە. رۆژنامەنووسیی شاخ و حیزبی بە نهێنی چاپ و بڵاو دەكرێنەوە، بەڵام بە ئازادی ناگەنە دەستی خەڵك و قەدەغە دەكرێن.

بەڵام ساڵی63ی هەتاوی ساڵێك بوو كە لە سەر هیمەتی پیرێكی ژیر ‌و شاعیرێكی نەتەوەیی ‌و جوانپەرەست شقڵی ئەو بێدەنگییە شكێنرا‌و مامۆستا \"هێمن\" بە شنەبای \"سروە\" ئاڵای فەرهەنگ ‌و ئەدەبی كوردستانی ئێرانی هەڵكرد ‌و بەڕاستی تێگەیشتبوو كە بنەمای بوونی هەر گەل ‌و نەتەوەیەك فەرهەنگی ئەو گەلەیە، دەنا حازر نەدەبوو بۆ خزمەت بەم بوارە ‌و بووژانەوەی رۆژنامەگەریی كوردی هەرچی تانە ‌و توانجی دەورووبەرە قبووڵی بكات ‌و لە كارەكەی وازی ئەهێنا.

پاش چەندین ساڵ هەوڵ ‌و تێكۆشانی كارە بەنرخەكەی هێمنی دڵسۆز ‌و هاوەڵەكانی خزمەتێكی هەرە گرینگی بە ئەدەب ‌و فەرهەنگ ‌و رۆشنبیری كرا ‌و هەر بە تاقانەیی مایەوە زۆر شاعیر ‌و نووسەر‌و رەخنەگر ‌و چیرۆكنوسی لاو \"سروە\" بوو بە مامۆستایان ‌و لە كەند ‌و كۆسپ ‌و هەڕەتەكان رزگاریانی كرد.

سروە پاش تەمەنێكی دوور و درێژ لە خزمەت بە رەوتی فەرهەنگی و رۆژنامەگەریی ئەدەبیی كورد و بڕێنی چەندین قۆناغ، لە گۆڕینی ناوەرۆك، شێواز و شوێنی كار، سەرەنجام پاش زیاتر لە 25 ساڵ تێكۆشانی فەرهەنگی بە تەواوەتی رووی لە لاوازی كرد و خوێنەر و نووسەرانی لێ‌ تەریك كەوتنەوە و هاوینی ساڵی 1389ی هەتاوی دوای 281 ژمارە، لەلایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئێرانەوە بەهۆی گرفتی ماڵی بە یەكجاری داخرا و ئەو دەرەتانەش رەویەوە.

لە كۆتایییەكانی دەیەی 60 لەگەڵ گوڕ‌وتینێكی نوێ‌ لەناو دونیای فەرهەنگ ‌و رۆشنبیری ‌و بە دامەزرانی ئەنجومەنە ئەدەبییەكان ‌و كۆبونەوەی نووسەران ‌و بیرمەندانی كورد سروە لە تاقانەیی رزگاری بوو ‌و دەستەخوشكێكی بەناوی \"ئاوێنە\" هاتە مەیدانی رۆژنامەگەریی كوردی كە لەسەر دەستی نووسەران ‌و دڵسۆزانی كوردی دانیشتوی تاران ‌و كوردە فەیلیەكان شانبەشانی سروە گەشایەوە ‌و بە ئاوڕدانەوە لە رەوتە ئەدەبی ‌و فەرهەنگییەكان لە ئیلامەوە بگرە تا دەگاتە خۆی ‌و ماكۆ رۆڵێكی ئەكتیڤ ‌و چاكی نواند.

رۆژنامەگەری لەو كاتەدا ببوو بە گۆڕەپانێك بۆ تاودانی پێنووس بەدەستان. نابێ‌ لە یاد بكەین كە رەوتی سروە‌و ئاوێنە وەك رەوتێكی زیندوو، وەكوو سەردەم ‌و قۆناغەكانی پێشوو توشی هەوراز ‌و نشێوبوون. كە هەتا هاتووە ئاستی گۆڤارەكە دابەزیوە ‌و كەم هێزتر بۆتەوە. بەڵام ئاوێنەش بنبڕ كرا لە كاتێكدا كۆمەڵێكی بەرچاو لە ئەدیب و نووسەری جیدیی كورد لە ئیلام و كرماشان و كوردستان و ئازەرباجانی رۆژئاواوە تێیدا دەیانووسی، پێشی پێگیرا و پەنجەرەكی تر بە رووی نووسین و داهێناندا داخرا.

رەوتی زەمان ‌و بە بەهرە گەیشتنی هەوڵ ‌و چالاكییە فەرهەنگییەكان ‌و ئەكتیڤ بوونی رەوتی رۆشنبیری ‌و پێویستیی سەردەم بوونە هۆی سەوز بوونی نەمامێكی تری فەرهەنگ ‌و ئەدەبی كوردی. بەڵام ئەمجارە ئەو نەمامە لە شارێكی خنجیلانە ‌و فەرهەنگ دۆستی وەك مەریوان لە لێواری \"زرێبار\"‌و لە سینگی ئەفسانەی دەروێشەوە روا.

نەمامی زرێبار كەوتە پەل هاویشتن ‌و باوەشی بۆ یادی سەدساڵەی رۆژنامەگەریی كوردی گرتەوە.
ئەمجار گۆڤاری\"زرێبار\"دوای هەوڵ ‌و تەقەلای زۆر وەك یەكەم چاپەمەنیی خۆماڵی ‌و سەربەخۆ لە كوردستانی ئێران خۆی دەرخست كە ئێستاش لە فۆرم ‌و شێوازێكی نوێ‌ ‌و ڕاڤەییدا پاش بڕینی چەندین قۆناغی هەوراز و نشێوی وەك راگرتن، نەبوونی پشتیوانەی ماڵی و ... هەر بەردەوامە.

نیوەی دووەمی دەیەی 60 و سەرەتای دەیەی 70ی هەتاوی، قۆناغێكی گرینگ:

لە دەرەوەی زانكۆكانیش ‌و لە مەیدانی رۆشنبیری ‌و رۆژنامەگەریدا لە هەوڵ ‌و چالاكی نەوەستان ‌و لە شاری سنە ساڵی 1375ی هەتاوی حەوتونامەی \"ئاویەر\"‌و پاشان حەفتەنامەی \"سیروان\" بە دوو زمانی كوردی ‌و فارسی هاتنە مەیدانی رۆژنامەگەریی كوردی، هەرچەند بۆ ماوەیەك بوون بە زمانحاڵی باڵ ‌و جیناحەكانی ناو دەسەڵاتی حكوومەتی ئێران، بەڵام لە ئاستی خۆیاندا خزمەتی بەرچاویان بە بووژانەوەی رەوتی رۆشنبیری ‌و فەرهەنگ ‌و ئەدەبی كوردی كرد.

بەپێی هەلومەرج ‌و هاوتەریب بوون لەگەڵ رەوتی بەجیهانی بوون ‌و هاتنە ئارای شەپۆلی تازەی رووناكبیری بۆ وەڵامدانەوە بە سەدان پرسیاری جیددیی بێ‌ وەڵام، بەرز بوونەوەی ئاگایی ‌و وشیاریی نەتەوەیی، سەرهەڵدانی چینی خوێندكار ‌و بژاردەی كۆمەڵگا ‌و چوونی كۆمەڵێكی بەرچاو لە لاوانی كورد بۆ زانكۆكان ‌و هاتنە ئارای فەزایەكی تازەی سیاسی لە كوردستان ‌و ئێران، بارودۆخێكی رەخساند ‌و بەڕێوەبەران ‌و هەڵسووڕێنەرانی رەوتی رۆشنبیری ‌و ئەندامانی ئەنجومەنەكان نووسەران، شاعیران، رەخنەگران، بیرمەندان، چالاكانی سیاسی، مەدەنی ‌و خوێندكاری لە دەرەوەی زانكۆ ‌و بەتایبەت لەنێو زانكۆكانی ‌و لە هەر گۆشە ‌و قوژبنێكی زانكۆكانی ئێران ‌و كوردستان دەستیان دایە وەشان ‌و بڵاوكردنەوەی گۆڤاری خوێندكاری ‌و بە شێوەیەكی ئاكادێمی ‌و راڤەیی بابەت ‌و مەسەلە نەتەوەیی ‌و رۆشنبیری ‌و ئەدەبییەكانیان شڕۆڤە دەكرد ‌و چەندین گۆڤاری وەكوو: \"روانگە، تاڤگە، بەیان، نیشتمان، چیا، ترووسكە، تەڵخا، میراجی، رەوت، رچە، برووسكە، رۆژانۆ، ئامانج، كرمانج، چرۆ، نویسا، ئاشتی، دەنگ، خویندكاری كورد، پەیڤ، رۆژامە، بووژان، هەرەوەرز و رۆژەڤ \" ‌و هتد...یان بڵاو كردەوە.

لە درێژەی ئەم رەوتەدا لە شاری مەهاباد گۆڤاری \"مەهاباد\" پێی گرت و خۆی خزاندە ناو بازنەی چالاكیی رۆژنامەگەریی ئەدەبیەوە، ئەم گۆڤارە هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە و بڵاو دەبێتەوە و یەكێك لەگۆڤارە زیندوو و چالاك و بەنرخەكانی كوردستانی ئێرانە و هەر بە ئاراستەی فەرهەنگی و ئەدەبیدا كار دەكات.

دەیەی 80 و قۆناغی ژۆرنالیستیی مۆدێڕنی كوردی لە ئێران:

دوای خوێندنەوەیەكی نوێ‌ و پێناسەیەكی سەردەمیانە و مۆدێڕن لە رۆژنامەگەریی هاوچەرخی كورد لە كوردستانی ئێران، پاش داخرانی حەفتەنامەی \"ئاویەر\" و هەموو گۆڤارە خوێندكارییەكان، شەپۆلێكی تازە و نوێخواز و ئەمڕۆیی لە رۆژنامەگەریی كوردی رەخنەگر و پرسیارخولقێن هاتە ئاراوە كەلە چوارچێوەی حەفتەنامەگەلێكی وەكوو: \"رۆژهەڵات، ئاسۆ، پیام مردم، پەیام كوردستان، راسان، دیدگا، كەرەفتوو، ئاشتی لە تاران\" و چەندین رۆژنامە و گۆڤاری دیكە لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران شەپۆلێكی بەرین لە رەوتی تازەی رۆژنامەگەریی هاوچەرخی كوردییان بنیات نا، كە پرس ‌و تەوەرە گرینگەكانی رۆژ وەك: پرسی نەتەوەیی، ناسیۆنالیزم، بەجیهانیبوون، فیمینیزم، مافی مرۆڤ ‌و پرسە گرینگە كۆمەڵایەتییەكان و ئەو دیاردە و كەموكۆڕییانەی لە كۆمەڵگای كوردی دان خرانە روو.

ئەم قۆناغە دەتوانین وەكوو قۆناغی دەسپێك و بنیاتنانی رۆژنامەگەریی مۆدێڕنی كوردی لە ئێران ناودێر بكەین. چونكە لەم قۆناغەدا رۆژنامەنووسی بە ئەزموون و خوێندەوار و شارەزا بە چەمك و میتۆدە هاوچەرخەكانی، هەواڵ، راپۆرت و وتارنووسین ئاشنا بوون. توێژێك لە رۆژنامەنووسی رەخنەگر و پێكهاتە شكێن هاتنە مەیدان كە ئاراستە نووسینیان ئاراستەیەكی رەخنەگرانە و هاوكات نەتەوەیی بوو.

هەروەها ئاڵوگۆر ‌و قەیرانەكانی ناو كۆمەڵگای كوردستان ‌و ئێران و رەوتە تازەكانی ئەدەب وەك: شێعر، چیرۆك، رۆمان، شانۆ، سینەمای كوردی ‌و رەخنەی ئەدەبییان بە شێوەیەكی زانستی دایە بەر شرۆڤە ‌و لێكۆڵینەوە.

قۆناغی رەوینەوەی دەرفەتەكان و داهاتووی نادیار:

سەرەتای دەیەی هەشتا هەرەچەند بە لەدایك بوونی بووژانەوەی رەوتی نوێی رۆژنامەگەریی كوردی لە كوردستانی ئێران دێتە ئەژمار، بەڵام ئاڵۆگۆڕە سیاسییە ناوخۆیەكانی ئێران و داخرانی فەزای سیاسیی كاریگەرییان لەسەر دانا و بوونە هۆی ئەوەی كە ئەم قۆناغە كەم بخایەنێ‌.

ئەم رەوتەش وەكوو قۆناغەكانی پێشوو لەلایەن دەزگا ئەمنیەتی ـ نیزامی و هەروەها دەزگای قەزایی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە پاش هاتنە سەركاری مەحموود ئەحمەدی نژاد پێشیان پێگیرا. حەفتەنامە و گۆڤار و نامیلكەكان داخران، ستاف ‌و دەستەی نووسەران ‌و رۆژنامەنووسان دەستبەسەر ‌و حوكمی زیندانیان بۆ بڕایەوە. رۆژنامەنووس و نووسەرانی كورد تاوانی سیخوڕ، بەستراوە بە بێگانە و دژبەری ئاسایشی نەتەوەیی و ئاژاوەگێڕیان درایە پاڵ.

كەش و دۆخی نائۆمێدی، زیندان دەستبەسەر كردن و تەنانەت حوكمی ئیعدام بۆ رۆژنامەنووسانی كورد باڵی بەسەر ناوچە كورنشینەكاندا كێشا. لە ساڵی 1385 بەرەو ئەملا زۆرێك لە رۆژنامەنووس، چالاكانی مەدەنی و سیاسی كەلە حەفتەنامە و گۆڤارە كوردییەكاندا چالاكییان دەكرد، دەستبسەر و رەوانەی گرتنگە و زیندانەكان كران. بە چەشنێك كە زیاتر لە 10 رۆژنامەنووسی كورد لە زیندانەكانی ئێراندا بوون و هەر جارە كە لەلایەن رێكخراوی هەواڵنیرانی بێسنوورەوە ئێران وەكوو گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسانی جیهان لە قەڵەم دەدرا و كوردستان لە ئاستی ئێراندا زیاترین پشكی رۆژنامەنووسی زیندانیی هەبووە.

دوو كەس لە رۆژنامەنووسانی چالاك و جیدیی كورد بەناوەكانی محەممەد سدیق كەبوودوەند و عەدنان حەسەنپوور كەلە ساڵانی 85 و 86ەوە بەهۆی چالاكیی رۆژنامەوانییەوە دەستبەسەر كراون، ئیستا بە پێشینەترین رۆژنامەنووسانی زیندانیی ئێران دێنە ئەژمار و هەروا لە زیندان دان و بەپێی دوایین زانیارییەكان محەممەد سدیق كەبوودوەند لە زۆریك لە مافەكانی هەر زیندانیەكی سیاسی بێبەش بووە و هەتا ئێستا نەیانهێشتووە لە مافی مەرەخەسی كەڵك وەربگرێت و چاوی بە بنەماڵەكەی بكەوێت.
محەممەد سەدیق كەبوودوەند بەرپرسی \"رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان\" بە تاوانی پڕوپاگەندە بەدژی نیزام لە رێگای رێكخراوی پشتیوانی لە مافی مرۆڤی كوردستان، رێكەوتی 10‌ی پووشپەڕی 1386 دەستبەسەر و دوای 7 مانگ راگیران لە زیندانی تاكەكەسی بە 11 ساڵ زیندان حوكم درا و هەتا ئێستا 5 ساڵ لە حوكمەكەی لە زیندانی ئێوین تێپەڕاندووە.

كەبوودوەند، رۆژنامەوان و چالاكی مافی مرۆڤی كورد، خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری حەفتەنامەی پیام مەردوم لە شاری سنە و هەروەها دامەزرێنەری \"رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان\" یەك لەو كەسە جیدییانەیە كەلە وەڕێخستنی بووژاندنەوەی پرسی مافی مرۆڤ و ئاشنا كردنی هاووڵاتییانی كورد لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران بە ماف و ئازادییە تاكەكەسییەكان رۆڵی بەرچاوی هەبووە. كوبوودوەند ساڵی 2009 دوو خەڵاتی رۆژنامەنووسانی بەندكراو (هێلمەن هێمت) و هەروەها خەڵاتی چاپەمەنیی ئیتالیای پێ‌ بەخشراوە.

\"عەدنان حەسەنپوور\"یش وەكوو یەكێكی تر لە رۆژنامەنووسانی زیندانیی كورد لە زۆرێك لە مافەكانی بێبەش كراوە و پاش هەڵوشاندنەوەی حوكمی ئیعدام و بڕینی چەندین قۆناغی دۆسیەكەی، سەرەنجام حوكمی 10 ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.

عەدنان حەسەنپوور رێكەوتی 5ی رێبەندانی ساڵی 1385 دەستبەسەر و رێكەوتی 22ی جۆزەردانی هەمان ساڵ لە دادگایەكی نهێنیدا لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە تاوانی \"محارب\" حوكمی ئیعدامی بۆ بڕایەوە. رێكەوتی 30ی رەزبەری 1386 لەلایەن دیوانی باڵای بەرزی وڵاتەوە ئەو حوكمە پەسند كرا. دواتر بەهۆی ناڕەزایەتیی خودی عەدنان، بنەماڵە و چالاكانی مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووسانی كورد و پارێزەرەكەی، رێكەوتی 19ی پووشپەڕی 1387 حوكمی ئیعدامی ئەو رۆژنامەنووسە هەڵوەشایەوە و سەرەنجام حوكمی 10 ساڵ زیندانیی بۆ بڕایەوە و ئێستا لە زیندانی ناوەندیی سنە دەستبەسەرە.

هەتا ئێستا دوو خەڵاتی نێودەوڵەتیی پێدراوە، یەكەم: خەڵاتی ئازادیی چاپەمەنیی رێپۆرتێرانی بێ‌ سنوور لە ساڵی 2007، دووەم: خەڵاتی ئازادیی چاپەمەنیی ئیتالیا لە ساڵی 2007.

جیا لەو دوو رۆژنامەنووسە كوردە كە ئێستا لە زیندان دان لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا زۆرن ئەو رۆژنامەنووس، نووسەر و چالاكی فەرهەنگی و چالاكانەی بیاڤی چاپەمەنیی كوردی لە كوردستانی ئێران كە دەستبەسەر و هەركام بە تاوانی جۆراوجۆر بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە زینداندا بوون، یان بەهۆی نەبوونی ئەمنیەتی گیانی و لەژێر زەخت و گوشاری ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەكانی حكوومەتی ئێراندا بە ناچاری وڵاتیان بەجێ‌ هێشتووە، یان پەنایان بردۆتە بەر ئورووپا و یان لە وڵاتانی دراوسێی ئێران گیرساونەتەوە.

لە تەواوی ئەو رۆژنامە، حەفتەنامە و گۆڤارە مانگانامە و وەرزنامانەی كەلە دوو دەیەی 70 و 80 هەتاویدا لە ناوچە كوردشنیەكانی ئێران چاپ و بڵاو دەكرانەوە، تەنیا حەفتەنامەی \"سیروان\" و گۆڤاری ئەدەبیی و فەرهەنگیی \"زرێبار\" ماون و بەردەوامن.

لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا ئەو هەموو هەوراز و نشێو و كەند و كۆسپانەی كە هاتوونەتە بەردەم توێژی رۆژنامەنووس و چالاكانی بیاڤی راگەیاندن لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران، بەشی هەرە زۆریان لە پارێزگای كوردستان و بەتایبەت شاری سنە بوون، لەبەر ئەوەی كە زۆربەی ئەو حەفتەنامانەی كە چاپ و بڵاو كراونەتەوە، لەو شارە بوون.

هەرچەند لە پارێزگاكانی كرماشان و ئیلام ئێستا چەندین حەفتەنامە و گۆڤاری مانگانە چاپ و بڵاو دەكرێنەوە، بەڵام لە كۆی نزیك بە 40 بڵاو كراوە كە لەو دوو پارێزگایە دەردەچن، تەنیا دوو لاپەڕە بۆ زمانی كوردی تەرخان كراوە بۆ زیاتر لە 3 میلیۆن حەشیمەتی هاووڵاتیی كوردی هەر دوو پارێزگاكە كە ئەویش تایبەتە بە شێعر و ئەدەب.

سەرەتای ساڵی 1390 لەلایەن لێژنەی چاوەدێری بەسەر چاپەمەنییەكانی وڵات مۆڵەتی چاپی 10 بڵاو كراوەی جۆراوجۆری بۆ پارێزگای كوردستان پەسند كرد كە هەتا ئێستا بە فەرمی 3 دانە لەو بڵاڤۆكانە دەست بەكار بوون و ئەوانی دیكەیان هەر لە چوارچێوەی ناودا ماونەتەوە.

هەرچەند ئێستا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران حەفتەنامە و دوو حەفتەنامەكانی: \"سیروان، دیار كوهەن، دیار، نیشتمان، ندای گەڕووس، دیدگا، سۆران، هاوار، ئاوای ماد، بیستوون، موبەشر، كرماشان، ندای ئازادی، نەوای كرماشان، رۆژان، بەهێز (وەرزشی)، غرب امروز، مهر ایلام، جامعە كردستان، سەیمەڕە، پەیام كوردستان و گۆڤارەكانی: زرێبار، مەهاباد، گەشە، بەرهەم، هەژێن و ژیوار\" چاپ و بڵاو دەبنەوە، بەڵام دەرەتانەكان رەویونەتەوە، قەڵەم بەدەسەت و رۆژنامەنووسانی جیدیی كورد یان وڵاتیان بەجێ‌ هێشتووە، یان گۆشەنشینی و دوورەپەرێزیان كردۆتە پیشە و كەش و دۆخی ترس و تۆقاندن زاڵە و نائومێدی و بێ‌ هیوایی بە داهاتوو وەك ئاراستە و راستەڕێی رۆژنامەگەریی كوردی لە كوردستانی ئێران لە قەڵەم دەدرێن.

لە حاڵێكدا یادی 114 ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردی دەكەینەوە، لە بارودۆخێكدا بەرەو پێشوازیی كاروانی نەوەكانی بەدرخان، پیرەمێرد، گیوی موكریانی، هەژار و هێمن و دەیان رۆژنامەنووس و قەڵەم بەدەستی مەیدانی رۆژنامەگەریی كوردی دەكەینەوە كە هیچكام لەو حەفتەنامە، نامیلكە و بڵاو كراوانەی كە ئەمڕۆ لە ناوچە كوردشینەكانی ئێران چاپ و بڵاو دەكرێنەوە، سەربەخۆ نین و لە ئەنجامدا چاوەڕوانیی ئەوە ناكرێت پرس و بابەتە بەرباسەكانی ئەمڕۆی كۆمەڵگای كوردستانی ئێران وەك خۆیان شرۆڤە بكرێن و بۆ رای گشتی بگوازرێنەوە.

یادی 114 ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردی لە كوردستانی ئێران هاوكاتە لەگەڵ سانسۆر، بێدەرەتانی و نەبوونی پشتیوانیی ماڵی و قەیرانی خوێنەر و دەیان گرفتی دیكەی وەك نەبوونی ناوەند و رێكخراوێكی داكۆكیكار لە مافە رەواكانی رۆژنامەنووس و راگەیاندنكارانی كورد لەو بەشەی كوردستان.

رۆژنامەنووسان، میدیاكار و چالاكانی بیاڤی راگەیاندنی كوردی لە كوردستانی ئێران لە ناوخۆ و ئەوانەش كە پەریوەی هەندەران و وڵاتانی دراوسێ‌ بوون، بە گومانەوە دەڕواننە قۆناغی ئێستا و ئاسۆ و هیواكان كەمڕەنگ و بێ‌ وزە دەبینن، چونكە رۆژنامەگەریی كوردی لە كوردستانی ئیران ئێستا لە قۆناغی قەیران ‌و ئاڵۆزی دایە ‌و فەزایەكی ترس، گومان ‌و دڵەڕاوكێ‌ بەسەریدا زاڵە ‌و قەڵەمەكان دەستەمۆ كراون ‌و رەوتەكە بە ئاقارێكی نادیار و بێ‌ شوناس و چارەنووس نادیاردا رێگا دەبڕێت.

چاپەمەنیی مەجازی، قۆناغێكی تر لە چاپەمەنی لە كوردستانی ئێران:

هاوكات لەگەڵ داخرانی یەك لە دوای یەكی حەفتەنامە و بڵاڤۆكە جۆراوجۆرە كوردییەكان و گیرانی بەشێكی بەرچاو لە رۆژنامەنووس و چالاكانی بیاڤی چاپەمەنیی كوردی، كۆمەڵێك لەو چالاكانە لە دەرەوەی وڵات و هێندێكیش لەناوخۆ دەستیان دایە وەڕێخستنی ماڵپەڕ و وێبلاگی خەبەری، شیكاری و توانیویانە لە دونیای مەجازیدا سەرنجی زۆرێك لە خوێنەر و بەردەنگانی كورد و فارس بۆ لای خۆیان راكێشن و هەواڵ و زانیاری و رووداوەكانی كوردستانی ئێران رووماڵ بكەن. بەشێك لەو ماڵپەڕانە كە هەتا ئێستا لەم بارەوە چالاك بوون بریتیتن لە \"دیمانە، رێنێسانس نیووز، فۆر رۆژهەڵات، رەوانیووز، كوردیش پرێس پێكتیڤ، رۆژهەڵات تایمز، بەیان، بەیانی، كوردپا، خۆرنیووز، ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ و ...\" و دەیان ماڵپەڕ و وێبلاگی دیكەی فەرهەنگی و ئەدەبی كە توانیویانە بەشێك لەو بۆشاییانەی بواری رۆژنامەنووسیی كوردستانی ئێران پڕ بكەنەوە.

سەرچاوەكان:
ـ كەریمی بەختیار، كتێبی رۆژنامەنووسیی مۆدێڕن، چاپی ساڵی 1384ـ تاران.
ـ شافیعی جەلال، وتاری خەسارناسیی رۆژنامەنووسیی كوردی لە كوردستانی ئێران، ئینتێرنێت.
ـ حەفتەنامەی رۆژهەڵات، سنە، دەوری یەكەم، ساڵی 1386.
ـ شێخی شەهابەدین، هیچكات نەگەیشتینە سەد، بابەت ئینتێرنێت.
ـ قورەیشی كاوە، ساڵی چاپەمەنی لە كوردستان، ماڵپەڕی ئینێرنێتیی \"روز\".
ـ سروە و چاپەمەنییەكانی دیكە لە كوردستانی ئێران، وتووێژ لەگەڵ ئەحمەد قازی، حەفتەنامەی سیروان، ساڵی 1390.