قڕتاندنی دەستی شۆفیرێک بە هۆی نەبوونی دوکتور

14:59 - 5 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: شۆفیرێکی کورد لە کاتی کارکردن بە کۆمباین دەستی لە ناو تەسمەدا گیر دەکات و به توندی بریندار دەبێت.

شۆفیرێکی کورد بە ناوی \"کامیل شەریفی\" شوفیری کۆمباین لە کاتی کارکردن دەستی لە ناو تەسمە و بۆڵی کۆمپاینەکەدا گیر دەکات و دەبێتە هۆی پچڕانی دەستی ئەو شوفیرە کوردە.

ناوبراو خەڵکی شاری دیواندەرەیە و ئەو ڕووداوە ڕۆژی چوارشەممە ٢ی گەلاوێژ ڕووی داوە.

بە وتەی برایەکی ئەو شۆفیرە،دوای ڕاگواستنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی \"کەوسەر\"ی شاری سنە، بە هۆی ئەوەیکە دوکتوری ئەو نەخۆشخانەیە لە مورەخەسی دابووە و پاش ١٢ کاتژمێر دوکتور سەردانی ئەو نەخۆشە دەکات، دەستی ئەو شۆفیرە پەیوەند نەکراوەتەوە.

بنەماڵەی ئەو شۆفیرە ڕایانگەیاندووە، ئەگەر دوکتور و پێرسۆنێلی نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە، زوورتر کاری چارەسەریی پزیشکیان بۆ ئەنجام دابا دەستی براکەم پەیوەند دەدرایەوە.

یەکێکی دیکە لە نزیکانی ئەو شۆفیرە کوردە ڕایگەیاندووە چەندین پێرسۆنیلی نەخۆشخانەی کەوسەر باسیان لەوە کردووە دەستی کامیل پەیوەند دەدرایەوە، بەڵام بە هۆی نەبوونی ئیمکانات و بە تایبەتی پسپۆڕی شارەزا، ئەو کارە نەکرا.