قوربانییەکی تەقینەوەی مین لە دێهلوڕان هێشتا لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە

20:37 - 1 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: قوربانییەکی تەقینەوەی مین لە دێهلوڕان لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی تایبەتدایە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ڕۆحوڵڵا پاریاب\"، تەمەن ٤٧ ساڵ، خەڵکی شاری دێهلوڕان که به هۆی تەقینەوەی مینی دژه تانکی M19 به توندی بریندار بووه، لە بەشی \" اعصاب و روان\"ــی نەخۆشخانەی گوڵستانی ئەهواز چارەسەری پزیشکیی بۆی دەکرێت.

یەکێک لە نزیکانی ئەم قوربانیی مینە به ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆحوڵلا پاریاب پاش تەواوبوونی چارەسەریی پزیشکی لە نەخۆشخانەی گوڵستانی ساری ئەهوازەوە بە مەبەستی نەشتەرگەریی چاو گوازراوەتەوە بۆ تاران.

ناوبراو وتی: یەکێک لە چاوەکانی ئەم هاووڵاتییە کوردە به هۆی تەقینەوەی مین تووشی کەمبوونەوەی بینایی بووە و پزیشکەکەشی بۆ گوێکانی سەمعەکی داناوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی بەفرانبار، ئەم هاووڵاتییە کوردە که شۆفێری لۆدرێکی تایبەت به ناوەندی پاک کردنەوەی مینی ئێران بووە، لە مینی دژه تانکی M19ەی داوە و پاشان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی \"‌گنجویان\" لە شاری دێزفوول کراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە.