قوربانییەکی تەقینەوەی مین دەیهەوێت وەک کەمئەندام لە قەڵەم بدرێت

21:30 - 5 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دۆسیەی قوربانییەکی تەقینەوەی مین لە شاری سنه، دوای قەبووڵکردنی کەمئەندامییەتی؛ لە لایەن فەرمانداریی سنەوە بۆ بونیادی شەهید و جانبازانی ئەو شارە نێردراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قوربانییەکی تەقینەوەی من بە ناوی \"ئەکبەر ناسری\" تەمەن ٣٢ ساڵه خاڵکی شاری سنه کە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لە ڕووداوێکی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو؛ دۆسیەکەی ئەو تەقینەوەیەی لە ناوەندە حکوومەتییەکاندا خستووەتە گەڕ.

ئەو هاووڵاتییەی خەڵکی شاری سنه، لە کاتی دروستکردنی پرۆژەی بلواری کوردستان بۆ نەخۆشخانەی تەوحید، خەریکی کۆکردنەوەی کەرەستەی کۆن بووە و لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێکدا تووشی سووتانی دەست و ڕوخساری بووە و بەشێک لە چاوی چەپەشی زیانی پێگەیوە.

ناسری لە وتووێژێکدا لەگەڵ بلاڤۆکی \"ماف\" وتوویەتی: \"دوای سووتانی بە هۆی تەقینەوەی ئەو مینە، ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر ڕاگوێزراوە و ئەگەری هەبووە لاقی ببڕدرێتەوە؛ بەڵام بە هەوڵی پزیشکان لاقم نەبڕدرایەوە\".

بە وتەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ناوبراو ماوەی ١٠ ساڵە سەرقاڵی کۆکردنەوەی کەرەستەی کۆن بووە کە ئێستا بە هۆی تەقینەوەی مین توانایی کارکردنی نییه.

مانگی گەلاوێژی ئەمسال بە بڕیاری بەرپرسی لقی ٦ی دادسەرای سنە، کارناسانی چەکوچۆڵ ڕایانگەیاند؛ ئەو مینەی تەقیوەتەوە و خەساری جەستەیی بەو هاووڵاتییە کوردە گەیاندووە لە جۆری پێداڵیی N4 بووە و لە کاتی دروستکردنی جاددە وەڕوو هاتووە.

دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە کوردە دوای قەبوڵکردنی کەمئەندامبوونی بە هۆی تەقینەوەی مین لە کۆمیسیۆنی ماددەی ٢ی فەرمانداریی سنە بۆ بونیادی شەهید و جانبازان بەڕێ کراوە و ئەکبەر ئەسەدی دەیهەوێ وەک کەمئەندام ناوی بنوسرێت.