قوربانی‌کردنی \"ناودارانی کورد\" لەبەردەم بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی

15:29 - 12 پووشپەڕ 2719
Unknown Author
رێبوار سنە

چەند تێبینی لەسەر کۆنگرەی ناودارانی کورد

بڕیارە ١١ و ١٢ پووشپەڕ کۆنگرەی ناودارانی کورد لە لایەن کاربەدەستانی حوکمی کۆماری ئیسلامی لە سنە بەڕێوە بچێت. راستە ناکرێ بکەوینە ناو وەهمی پیلانگێڕییەوە و هەموو شت بە رەشبینییەوە سەیر بکەین، بەڵام بێگومان ئاسایی روانین بەم کۆنگرەیە ساویلکانەیە و دەبێ ئەم پرسیارە بورووژێنین کە کۆماری ئیسلامی لە بەڕێوەبردنی ئاوەها کۆنگرەیەک ئەیەوێت چ ئامانجێ بپێکی.

کۆماری ئیسلامی لەماوەی چل ساڵ حوکمڕانی خۆیدا هەوڵی داوە بە ڕواڵەتیش بێت خۆی وەک دڵسۆزی کورد نەک لە رۆژهەڵات بەڵکوو هەر چوار پارچەی کوردستان نیشان بدا کە ئەم هەوڵەش هەڵقوڵاوی بیری شۆڤینیستییانە و ئێرانچیەتی فارسیستەکان بووە لە ژێرناوی ئێرانی گەورە(ایرانشهر).

کۆماری ئیسلامی باش دەزانێ کە پاش رێفراندۆم و کەوتنی شاری کەرکووک بە پشتیوانی چەکدارانی سوپای قودس دژبەرانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دووهێندە بووە و پێ وایە بە رێکخستنی کۆنگرەیەکی لەم چەشنە، ئەتوانێ هەندێ لەو متمانە لەدەستچووەی بگەڕێنێتەوە کەچی نازانێ کورد قەت نە کەرکووک و نە ئاژاوەگێڕییەکانی پاش رێفراندۆمی بیر نەچۆتەوە و پێم وایە بانگهێشت‌کردنی هەندێ ناوداری کورد لە پێناوی دستەمۆکردنی کەسایەتییە بەناوبانگەکانی کوردە نەک رێزگرتنیان.

کۆماری ئیسلامی بە جێگەی رێزگرتن لە ناودارانمان با رێز لە ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵگای کورد بگرێ و هەوڵی گەشەی ئابووری، کولتووری و ... له ناوچەکانی کوردستان بدات کە لە خراپترین حاڵەتدا دەژین، با رێز لە کەرامەتی تاکی کورد بگرێ وا سەرتاییترین مافەکانیان پێشێل کراوە، با رێز لەو نووسەر و قەڵەم‌بەدەستانە بگرێ کە ساڵهایە لە لایەن سانسۆڕچییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بایکۆت و وەلانراون، با رێز لەو نوخبە و رۆژنامەوانانە بگرێ کە دەیان تۆمەتی جۆراوجۆریان خراوەتە پاڵ و لەڕووی ناچارییەوە نیشتمانیان جێ‌هێشت. بۆیە راستە گەر بڵێین ئەم هەوڵانە تەنیا سڕینەوەی پرسیارە سەرەکییەکانە و هیچ...

وەک لە پرێس کۆنفرانسەکانی ئەم کۆنگرەیە وتراوە، بەرپرسی کۆنگرەکە پارێزگاری سنە و دەبیریش بەرپرسی ئیرشادی پارێزگاری سنەیە. ئەگەرچی لێژنەی زانستی کۆنگرەکە لەهەندێ دڵسۆز پێکهاتووە بەڵام بەداخەوە پێیان وایە کە ئەم کۆنگرە لە قازانجی کوردە و تووشی هەڵەیەکی کوشندە هاتوون.

وەک هەمیشە کۆماری ئیسلامی متمانەی بە هیچ رێکخراو و چالاکێکی مەدەنی بۆ بەڕێوەبردنی نەکردووە تا کونترۆڵی کار لە دەستی دەرنەچێ و چۆن بانگهێشت کردنی ئەو ناودارانە بۆ خۆی جێبەجێ نابێت پەنای بردۆتە هەندێ نووسەر و چالاکی خۆشناو و لەم کەسانەش وەک ئامرازێک کەڵکی وەرگرتووە.

وێدەچێ لەم کۆنگرەیەدا هەندێ بەرپرسی باڵای ئێران بەشدار بن و سەیر ئەوەیە چۆن گەورە پیاوێک وەک مامۆستا مەزهەر خالقی لە دەستی وەزیری ئیرشاد خەڵات وەربگرێ کە وەزارتخانەکەی چل ساڵە دەنگی ئەم هونەرمەندەی سانسۆر کردووە. لەهەرحاڵدا کۆماری ئیسلامی بەم کارانە ئەیەوێ هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوە بۆ خۆی مەشرووعیەت بستێنێ. لە لایەکی دیکەشەوە لەم چڵ ساڵە بەردەوام هەوڵی داوە داخوازییە سیاسییەکانی کورد تەقلیل بداتە سەر هەندێ چالاکی فەرهەنگی و بڵێت ئەوەتا من داخوازییەکانتانم جێبەجێ کرد کەچی مافی چارەی خۆنووسین شتێک نییە نەتەوەی کورد چاوپۆشی لێ‌بکات و پشت‌گوێ بخرێ.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.