قامکەکانی دەستی کۆڵبەرێک دەقرتێنرێت

16:07 - 28 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: قامکەکانی دەستی کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری نۆدشە دەقرتێنرێت، تاکوو ئیتر ئازار نەچێژێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قامکەکانی دەستی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ئەحمەد ڕازی\"، تەمەن ٤٧ ساڵ، خەڵکی شاری نۆدشە، کە لە کاتی کۆڵبەریدا تووشی سەرمابردوویی ببوو، دەقرتێنرێت.

تێچووی دەوا و دەرمانی ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە لایەن هاووڵاتییانەوە کۆ کراوەتەوە و ڕۆژی دووشەممەی حەوتووی داهاتوو، نەشتەگەریی بۆ دەکرێت.

\"\"قامکەکانی ئەو کۆڵبەرە کوردە، پاش چەند مانگ چارەسەرنەکردنی، چڵکی کردووە و دانە بە دانە دادەکەوێت.

ئەم کۆڵبەرە، مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٩٧، لە ملەی تەتەی هەوراماندا، تووشی ئەم ڕووداوە بووە و بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر لەنێو بەفردا ماوەتەوە.

یەکێک لە نزیکەکانی ئەم کۆڵبەرە کوردە ڕایگەیاند: \"ناوبراو ٥ ڕۆژ لە نەخۆشخانەی شاری کرماشاندا خەوێندرابوو، بەڵام دوای ٥ ڕۆژ لە چارەسەریی پزیشکی، بەهۆی دەسکورتی و هەژاری، لەسەر بڕیاری خۆی، لە نەخۆشخانە مورەخەس کرابوو\".

هەتا ئێستا، ناوەندە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت، هیچ هەوڵێکیان بۆ پشتیوانیکردنی ئەم کۆڵبەرە کوردە بۆ دابینکردنی تێچووی پزیشکی، نەداوە.