فەریبا محەممەدی: دەوڵەتی كوردی ڕاستەوخۆ لە سەر خەبات و بزاڤی ڕزگاریخوازیی بەشەكانی دیكەی كوردستان كاریگەری دەبێ و هاندەر و هیوابەخشە

15:25 - 27 خەرمانان 2717

 

سەرەتای حەوتووی داهاتوو ڕێکەوتی ٢٥ سپتامبر بەرانبەر بە ٣ی ڕەزبەر، بۆ یەکەم جار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێفراندۆم بە مەبەستی سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە وڵاتی عێراق بەڕێوە دەچێت.
ئاژانسی کوردپا لەو پەیوندییەدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان و مامۆستای زانکۆ چەند وتووێژێکی ئەنجام داوە، کە ڕوانگە و بۆچوونی ئەوان سەبارەت بە پرسی ڕێفراندۆم لە هەرێمی کوردستان لە خۆ دەگرێت.

وتووێژی یەکەم لەگەڵ فەریبا محەممەدی ئەندامی دەستەی کارگێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەنجام دراوە.

١ـ بۆ لەم هەڵومەرجەدا سەرکردایەتی کورد لە باشووری کوردستان بڕیاری ڕێفراندۆمیان دا؟

\"\"

 

فەریبا محەممەدی ئەندامی ئەندامی دەستەی کارگێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

فەریبا محەممەدی: پرسی سەربەخۆیی کوردستان هەمیشە بۆ زۆربەی حیزبەکان لەم بەشەی کوردستان بە تایبەت حیزبە سەرەکییەکان لە دەستووری کاردا بووە و قسەی لێکراوە، کە لە هاتنە پێشی هەر ئەگەرێک ئەوە خەڵکی کوردستان دەتوانن بڕیاری لە سەر چارەنووسی خۆیان بدەن. هەر بۆیە مەسەلەیەكی تازە نییە و چەندین جار هاتووەتە نێو گوتار و دیسكۆرسی ئەم حیزبانە، بەڵام بۆچی لە ئێستادا جارێكی‌تر ئەم مەسەلەیە ورووژاوە ئەوەیە، كە پەیوەندی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕوو بە کاڵی ڕوویشتووە و كۆمەڵێك كێشەی واقیعی هاتووەتە پێش. لە هەمان كاتیش بە تایبەت دوای هێرشی داعش و بەرگری قارەمانانەی كورد لە هەر دوو بەشی باشوور و ڕۆژئاوا، جارێكی‌تر پرسی كوردی لە ئاستی جیهانی هێنایە بەرباس و گفتۆگۆ؛ كە ئەمە و چەند مەسەلەیەكی دیكە دەتوانێ حیزبەكانی باشوور بەو قەناعەتە بگەینێت كە كاتی ئەوە هاتووە ڕێفراندۆم بكرێ بۆ پرسی سەربەخۆیی كوردستان.

٢- باندۆری سەربەخۆیی کوردستان لە سەر بەشەکانی دیکە کوردستان چی دەبێت؟ پارچەکانی دیکە چۆن دەتوانن لەو دۆخە هەستیارەی باشووردا یارمەتیدەر و پشتیوانی بەئەنجام گەیاندنی ئەو پرۆسەیە بن؟

فەریبا محەممەدی: كوردستان بە هەر چوار بەشیەوە تا ڕادەیەكی زۆر مێژوو و چارەنووسی هاوبەشیان هەیە و هەر ڕووداو یان گۆڕانكارییەك لە بەشێكدا كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بەشەكانی دیكەی كوردستان هەیە.

كوردستانێكی سەربەخۆ بێگومان هیوا و ئامانجی هەموو تاكێكی كوردە لە هەر بەشێكی و زیندوو كردنەوەی مێژووی كۆنی كوردە، كە خاوەنی دەوڵەت بووە و یەكێك لە نەتەوە هەر كۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بۆیە بوونی دەوڵەتی كوردی ڕاستەوخۆ لە سەر خەبات و بزاڤی ڕزگاریخوازیی بەشەكانی دیكەی كوردستان كاریگەری دەبێ و هاندەر و هیوابەخشە.

مێژوو پێمان دەڵێت: كە هەمیشە کورد هاوخەم و پشتیوانی بزاڤی بەشەكانی دیكە بووە، بەتایبەت خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەمبارەوە پێشەنگ و پێشڕەو بووە، بۆ نموونە پشتیوانی لە خەباتی كۆبانی، ناڕەزایەتی بۆ گرتنی بەڕێز ئۆجەلان، شایی كردن بۆ سەرۆك كۆماری مام جەلال و ....... هەر بۆیە تا ئێستاش ئەوەی دەبیندرێ ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات زۆر پشتیوان بوون. حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتیش هەموویان هاودەنگن بۆ پشتیوانی لە پرسی ڕێفراندۆم لە باشوور.

٣- هەوڵەکانی ئێران بۆ هەڵایسانی شەڕ بە بیانووی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان چ دەبێت؟

فەریبا محەممەدی: كۆماری ئیسلامیی، هەموو كات لە هەموو بەشەكان بۆ دژایەتی خەباتی ڕەوای كورد ئامادە بووە و پیلانی گێڕاوە. ئێستاش بە هەموو هەوڵ و تەقالایەوە خەریكی پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمە، چ وەك ئەوەی هەندێ لە لایەنەكانی باشوور بەوە ڕازی بكات كە چالاك نەبن لە بانگەشەی ڕێفراندۆم یان لە ڕێگای دەوڵەتی بەغداوە بەردەوام خەریكی پیلانگێڕییە. ئێران یەكێك لە نەیارانی سەرەكی كورد و لە هەمان كاتیش كاریگەرترین وڵاتە لە ناوچەكەدا و دەستی باڵای لە سپۆنسەری هێزە تێرۆریستەكان هەیە، بۆیە ئەم هەوڵانەشی ڕەنگدانەوەی هەبووە لە بڕیاری پەرلمانی عێراق و تەنانەت لایەنەكانی نێو باشووریش.