فەرماندەی هێزە زەوینییەکانی سپای پاسداران، سەردانی شاخی شاهۆی کامیاران و کۆساڵانیان کرد

16:07 - 18 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: فەرماندەی هێزە زەوینییەکانی سپای پاسداران، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی نیزامی، بە مەبەستی شارەزابوون و ئاگاداربوون لەسەر جوغرافیای شاخی شاهۆ و هەروەها لە ترسی هێزە کوردییەکاندا، سەردانی بەرزاییەکانی ئەو شاخەی کرد.

ڕۆژی هەینی، ١٧ی جۆزەردان، \"محەمەد پاکپوور\"، فەرماندەی هێزە زەوینییەکانی حکوومەتی ئێران، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی نیزامی، سەردانی شاخی شاهۆی کامیاران و شاخی کۆساڵانیان کرد.

لەو سەردانەدا، \"محەمەد تەقی ئوسانلوو\"، فەرماندەی قەرارگای \"حەمزەی سەیدوشوهەدا\"ی باکووری ڕۆژئاوای ئێران، \"محەمەدنەزەر عەزیمی\"، فەرماندەی قەرارگای \"نەجەفی ئەشرەف\"ی هێزە زەوینییەکانی سپای پاسداران، سەردانی شاخی شاهۆی کامیاران و شاخی کۆساڵانیان کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"سەردانی بەرپرسانی باڵای نیزامیی حکوومەت بۆ شاخی شاهۆ و کۆساڵان، زیاتر لە ترسی هێزە کوردییەکان و شارەزایی لە جوغرافیای ئەو دوو شاخە بووە.\"

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە پێشتر، چەند جارێک بەرپرسانی سپای پاسداران بە شۆرای گوندەکانی بناری شاخی شاهۆی کامیارانیان ڕاگەیاندووە کە شاهۆ شوێنێکی ستراتیژیکە و بەتایبەت نابێ نزیکی هەوارەکانی \"هانییە و گۆزیبان\" ببنەوە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"لە دەسپێکی ڕاسانی خۆرهەڵاتدا، هەموو ساڵێک بە بیانووی بوونی هێزە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، مانۆڕێکی چەند ڕۆژەی نیزامی بەڕێوە دەبەن و ئاگر لە دارستان و پۆش و پاوەنەکانی شاخی شاهۆی کامیاران بەردەدەن.\"

لەم پەیوەندییەدا، مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، سپای پاسداران بۆ چاوترسێنکردنی دانیشتووانی گوندەکانی شاخی شاهۆ، مانۆڕێکی نیزامییان بەڕێوە برد و داوایان لە مەڕدارانی گوندەکانی \"پاڵنگان\" و \"دێوەزناو\" کردووە که خۆیان لە چوون بۆ شاخی شاهۆ دوور بگرن.