فدراسیۆنی خوێندكارانی كوردستانی ئێران بە فەرمی دامەزرا

16:16 - 18 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: بەپێی راگەیەندراوێك كە بڵاو كراوەتەوە \"فیدراسیۆنی خوێندكارانی خۆرهەڵاتی كوردستان\" بە هەست كردن بە پێویستییەكانی سەردەم بە فەرمی دامەزرانی خۆیان راگەیاند.

نوسخەیەک لەو راگەیەندراوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا گەیشتووە

دەقی راگەیەندراوەكە:
هاونیشتمانانی ئازیز
خەڵكی مافخوازی كوردستان
خوێندكاران ‌و رووناكبیرانی خۆرهەڵاتی كوردستان
هەروەك ئاگادارن بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی كورد لە خۆرهەڵاتی كوردستان دەیان ساڵە لە هەوڵ ‌و تێكۆشانێكی بێوچان بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی گەلی كورد و دابینكردنی ئازادی و عەداڵەتی كۆمەڵایەتی دایە. بێگومان زۆربەی چین ‌و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستان لە پرۆسەی سیاسی ‌و كۆمەڵایەتیی ئەم چەند ساڵەدا بەشدار بوونە و لەم پێناوەدا بە هەزاران كەس گیانیان فیدا كردووە، یان لەلایەن دەسەڵاتە سەركوتكەرەكانەوە كەوتوونەتە بەر ئەشكەنجە و ئازارێكی هەموو لایەنە.

یەكێك لەم توێژانە خوێندكارانی كوردن كە هەرگیز مەتەرێزی خەبات ‌و تێكۆشانیان بەرنەداوە و جێ پەنجەیان لەسەر گوتار و رەوتە سیاسییەكانی كوردستان دیارە و ئەو شوێندانەرییە تا هەنووكەش بەردەوامە. خوێندكارانی خۆرهەڵاتی كوردستان بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی كوردستان رۆڵی بەرچاویان گێڕاوە و هەندێك جاریش رۆڵی سەركردایەتیی بزووتنەوەی كوردیان راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ گێڕاوە.

هەر لەسەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتییەوە تاوەكوو هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی، خوێندكارانی كورد چقڵێك بۆ چاوی دەسەڵاتی رەها و پاوانخوازی زاڵ بەسەر وڵاتەكەماندا بوون و بە چالاكیی فەرهەنگی ‌و سیاسی ‌و رێكخراوەیی، ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان داوە تاكوو بەم شێوەیە داوا رەواكانی خۆیان بێننە گۆڕێ. خوێندكاران بە پێوەندیی ئۆرگانیك یان نائۆرگانیك لەگەڵ دەركەوتەی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی كورد واتە حیزبە سیاسییەكان لەم چەند ساڵەدا یارمەتیدەر بوون بۆ پێشخستنی بزووتنەوەی كورد و رۆشنگەری لە حیزبە سیاسییەكان ‌و كۆمەڵگای كوردستاندا.

سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانە، خەسارێكی بەرچاو كە هەمیشە وەكوو كەموكوڕییەك لەنێو ریزەكانی بزووتنەوەی خوێندكاریی كورد لە خۆرهەڵاتی كوردستاندا خۆی نواندووە، نەبوونی چەترێكی بەرفراوان یان فدراسیۆنێك بۆ كۆكردنەوەی هەموو رێكخراوە خوێندكارییە حیزبی ‌و سەربەخۆكانی كوردستان بووە. بێگومان، بوونی وەها چەترێك دەتوانێ یارمەتیدەر بێت بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ئەرك ‌و بەرپرسایەتیی خوێندكارانی كورد و گەیاندنی دەنگی یەكگرتووی خوێندكاران لە ئاستێكی بەرفراواندا. راستییەكی حاشاهەڵنەگرە كە بوونی وەها فدراسیونێك هەم دەبێتەی جێگەی دڵخۆشیی خەڵكی كوردستان ‌و هەم دەبێتە پردێكی پێوەندی بۆ زیاتر لێك تێگەیشتن ‌و نزیك كردنەوەی هێزە سیاسییەكانی كوردستان و بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ ئەو كۆمەڵە ئەرك ‌و چالاكییانەدا كە بەهۆی نەبوونی میكانیزمێكی گونجاو لەن ێوان هێزە سیاسیەكانی خۆرهەڵاتی كوردستاندا بوونەتە لەمپەرێكی لاوەكی بەڵام كێشەخولقێن.

بوونی وەها فدراسیونێكی بەرفراوان لە ئێستادا و بە لەبەرچاو گرتنی كەشوهەوای داخراوی سیاسی لە زانكۆكانی ئێراندا كە بۆتە هۆی كۆچی خوێندكارانی چالاك بۆ دەرەوەی سنوورەكان، دەتوانێ ببێتە هەوێنێك بۆ رێكخستنی گونجاوی خوێندكارانی كورد لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان.

هەروەها بوونی وەها فدراسیۆنێك دەتوانێ ببێتە هۆی راگەیاندن ‌و گواستنەوەی ئەو ئەزموونانەی كە چەندین نەسڵ لە خوێندكارانی كورد بە دەستیان هێناوە تا وەكوو بە شێوازێكی تۆكمە بیگوازنەوە بۆ نەوەی ئەمڕۆی خوێندكارانی چالاك لە زانكۆكانی كوردستان ‌و ئێراندا.

هەر بەم بۆنەوە ئێمە وەكوو كۆمەڵەی خوێندەوارانی رۆژهەڵات ‌و یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران، وێڕای رێز لێنان لە سەرجەم خەبات ‌و چالاكیی خوێندكارانی كورد كە بە درێژایی ئەم چەند ساڵە و لە كەشوهەوایەكی داخراودا بەردەوام بوون لە خەبات ‌و تێكۆشان، بە ئەركی خۆمانی دەزانین لەم پێناوەدا هەنگاو هەڵبگرین ‌و وێڕای جەختكردنەوەی دووبارە لەسەر سەربەخۆیی بزووتنەوەی خوێندكاری، لەسەر ئەو باوەڕەین كە بزووتنەوەی خوێندكاری دەبێ ئەركی چاوەدێر بوونی خۆی بپارێزێت ‌و بە داڕشتنی بەرنامەی مرۆڤتەوەرانە و رەچاو كردنی پڕەنسیپە دێمۆكراتیكەكان، پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی كورد بە ئەركی سەرەكی و رێنوێنی كار و تێكۆشانی خۆی دابنێت.

ئێمە بە لەبەرچاو گرتنی ئەم راستییانە و بە هەستكردن بە پێویستییەكانی سەردەم، پێكهێنانی \"فێدراسیۆنی خوێندكارانی خۆرهەڵاتی كوردستان\" رادەگەیەنین ‌و داوا لە هەموو خوێندكاران ‌و رێكخراوە خوێندكارییەكان دەكەین كە بە پەیوەست بوونیان بەم فێدراسیۆنە و بەهێزكردنی هەرچی زیاتری، یارمەتیدەر بن بۆ وەگەڕخستن و یەكخستنی ئەزموون ‌و تواناییەكان لەپێناوی گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەكانماندا.
بەهیوای رێكخستنی هەموو هەوڵ ‌و چالاكییەكانی خوێندكارانی خۆرهەڵاتی كوردستان لەپێناو دەستبەر كردنی مافەكانی گەلی كورددا.

فدراسیۆنی خوێندكارانی خۆرهەڵاتی كوردستان
دەستەی دامەزرێنەر
18ی پووشپەڕی 2712ی كوردی