فتوا - ڕۆژبین. بۆکان

21:48 - 6 خەرمانان 2717
Unknown Author
ڕۆژبین. بۆکان

فتوا حوکمێکی شەرعی و ئایینیە کە لە چوار چێوەی یاسا و ڕێسای مۆدێڕندا جێی نابێتەوە و تێیدا ناگونجێ . لە ڕاستیدا فتوا و یاسای مودێڕنی مرۆڤایەتی بە هیچ کلووجێ دانوویان پێکەوە ناکوڵێ و لە قەوارە و کڵیشەیەکدا جێگایان نابێتەوە . دەکرێ بڵێین فتوا شەرعییەت و یاسای داتاشراوی خۆی هەیە و هیچ تابۆیەک و بەربەستێکیش ناگرێتە خۆی ، مەگەر قازانج و بەرژەوەندی کانگاكەی خۆی، واتا ئایینی تێدا بێ. یاسا لێژنەیکی پسپۆڕ و لێزان بە پێی خواست و داڕێژەی کۆمەڵگا دایدەڕێژێ و هەموو تاک و تەرای کۆمەڵگای تێدا دەگونجێنن.

بەڵام فتوا لە لایەن ڕێبەرێکی ئایینییەوە بە پێی هەل و مەرجی زەمەنی، بڵاو دەبێتەوە. فتوا تەنیا لە لایەن تاکێکەوە دادەنرێ و زۆرتر هەڵگری بیری شەڕاژۆیی و ڕق هەستان و بکوژە و ببڕەیە. مەلا یان ڕێبەری ئایینی خۆی دەبێتە یاسا دەر، مەحکەمە، دادوەر، دادگا و تەنانەت بەڕێوەبەریشی دەکات و هیچ تاکێکی کۆمەڵگاش مافی دژایەتی و بەر پەرچ دانەوەی نییە؛ چونکە هەر کەس لە دژبەری ڕاوەستێ بە کافر و مولحید و دژی خودا ناوزەد دەکرێ و \" قەتڵی واجیبە \" .

فتوا ، ئەمرکردنە ، دەستوور و تەئکیدە ، بەڵام یاسا داخوازییە . فتوا یاسایەکی تووڕەی تاک ڕەهەندی بە پەلە و خێرایە ، بەڵام یاسا پڕۆژیەکی درێژ خایەنی چەند ڕەهەندی و هەمە لایەنانەیە و بە واتایەک گشت بگیرە . فتوا گەڕانەوەیە بەرەو ڕابردوو ، سەربزێوی سوونەت و نەریتە لە مودێڕنیتە ، لە بێ دەسەڵاتی و تەریک کەوتوویی‌دایە ، قەتیس بوون و نەگۆڕ بوون و قین لە داهاتوو و شانازی کردن بە ڕابردوەوە فتوای لێ دەزێتەوە.

بە درێژایی مێژوو فتوا بووە و هەر جارەی لە قالب و لە قەوارەیەکی ڕەش و تۆقێنەردا ڕووی دزێوی خۆی نیشان داوە. تەمەنی فتوا بە قەدرا تەمەنی خوڕافەیە. لە چاخی کۆنەوە بە ناوی خوڕافە ناو دەبرا و دوایە کە دین و ئایین جێ گرەوەی خوڕافە بوون، واتا کاتێ ئاییین هات و بوو بە پۆشاکی مودێڕنی خوڕافە و کۆنە پەرەستی ، ئیدی ئەوجار بە ناوی شەرعییەت و ئایینەوە خۆی نیشان‌دا.

کاتێ خاخامەکانی جوولەکە عیسا تەکفیر دەکەن و بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتی خۆیان فتوای کوشتنی و لە چوار مێخە کێشانی عیسا دەدەن . یان کاتێ حاکمە خاچ پەرستەکانی ئەوروپا لە سەدەکانی ناوین‌دا لە ترسی وریا بوونەوەی جەماوەر فتوای کوشتن و هەڕەشە دژ بە دەیان ڕۆشنبیری وەک گالیلە دەر دەکەن ؛ یان ئەوتا لە سەردەمی مودێڕن و پێشکەوتن خوازیدا مەلاکانی ئیسلامی بە شێعە و سونەیەوە ئەمر بە کوشتن و قەڵاچۆی نووسەران و هۆنەران و جیا بیران دەدەن، هەمووی نیشانەی ئەوەیە سەریان لە بەردی \" ئەلحەد\" ی نەزانی و نەفامی کەوتوە و بەو قەناعەتە گەیشتوون کە تەنیا کوشتن و تۆقاندن دەتوانێ دینەکەیان نەجات بدات ، ئەگینا ئەگەر بیانزانیبایە چکۆلەترین کەلێنی ڕزگاری لە ڕێگای ئەقڵیەت و دیالۆگی زانستییەوە ماوەتەوە، هەرگیز دەستیان نەدەدایە توندو تیژی و شەڕاژۆیی نواندن.
بە هەموو ئەو نموونانە بۆمان دەر دەکەوێ کە فتوا دەسکرد و بەرهەمی ئایینە و بە تایبەتی سێ ئاینی جوولەکە و خاچ پەرەستی و ئیسلام.

ئایین بە هۆی خسڵەتی دیکتاتۆریەت و تاک ڕەهەند بوونیەوە، یە هیچ شێوەیەك ناتوانێ دەنگێکی دیکە قەبووڵ بکات و توانایی ئەوەی نییە لە گەڵیدا هەڵ بکات.

سەیر ئەوەیە دین وئایین بە هۆی خوڕافی بوون و دوور بوون لە هەر جۆرە عەقڵیەتێک و لۆژیکێک، هێندەی دوژمنایەتی هاوبیرانی خۆی دەکات، دوژمنە سەرەکیەکەی خۆی لە بیر دەچێتەوە. بۆ نموونە : دوژمنایەتی کاتۆلیک و پڕۆتستان ، ئێستاش لە بنەوە لە ئەوروپای مودێڕندا شمشیر کرۆژی لە یەکدی دەکەن . یان لە ئیسلامدا سەدان ساڵە شەڕی نێوان شێعە و سوننە هەر دێ و گەرمتر دەبێ و یان بە واتایەکی ڕوونتر لە لایەن مەلا و پێشڕەوانی ئیسلامییەوە تەنوورەی ئەو ئاگرە گەرمتر و خوێناویتر دەبێ و کۆتایی نایەت. هەڵبەتە جیا لە تێڕوانینی فکری شێعە و سووننە ، دەبێ ئەوەش بڵێین شەڕی بەردەوامی نێوان ئەو دوو لایەنەی ئیسلام بۆ سەرقاڵ کردنی جەماوەری خێڵەکی و ڕەشۆکی‌یە تاکوو لەم سەردەمی تەکنۆلۆژیاو مۆدێڕنیتەدا فرسەتی بیر کردنەوەیان نەبێ بۆ ئەوەی لە چەمکە و بنەماکانی ئایین نەکۆڵنەوە.

بە تێڕوانینێکی سایکۆلۆژیانەوە بۆمان دەردەکەوێ کەسانێک کە لە خۆ بایی و خۆ بە زل زانن و دایمە تاریفی خۆیان دەکەن پێیان دەگوترێ نارسیسم . ئەو جۆرە کەسانە خۆیان و قسەی خۆیان نەبێ هیچ شتێکی دیکە قەبووڵ ناکەن. هەر بەو پێیە کاتێک ئایینێک و ئیدیئۆلۆژیێکیش سەروەر و باڵا دەست و دەسەڵاتدار بێ و باقی ئایین و چەمکەکانی دیکەی کۆمەڵ بە کەمینە دابنێ و بیانخاتە پەڕاوێزەوە لە ئاکامدا لە خۆبایی بوونێکی بێ ناوەڕۆکی لێ دەکەوێتەوە و نەخۆشی نارسیسمی گرتوە و وردە وردە لە دەروونیدا کەسایەتی‌ێەکی درۆیین و خەیاڵی بیچم دەگرێ و پێی وایە لە متافیزیک و لەو پەڕی ئاسمانی حەوتەیەمینەوە ئەمر و ئەرکی پێ دەسپێردرێ و زۆر لەوە زیاترە کە پرس بە ئینسانەکانی سەر گۆی زەوی بکات و هەر بۆیە سەدان هێڵی سوور و جەغزی یاسایی سەیرو سەمەرە بە دەور خۆی و دەسەڵاتەکەیدا دەکێشێ. هەر ئەو جۆرە بیر کردنەوە نارسیسمانەیە کە فتوای شەرعی و مەرگی لێ دەخوڵقێ.

وەختایێ لە سەردەمانی حوکمڕانیەتی فەتح عەلی شای قاجاردا بە هەر کلکە لەقەیەک دەبێ دەوری یەکەمی شەڕەکانی نێوان ئێران و ڕووسیەی تزاری کۆتایی پێ دێ ؛ بەڵام لەو لاوە دەبینین بە فتوای مەلا ئەحمەدی نەڕاقی و ئاخوند موجاهید فتوای جەهاد دەردەکرێ و خەڵکی ڕەشۆکی و ساویلکە هان دەدرێ بۆ شەڕی دژی ڕووسی کافر! ـ کە وشەی کافر خۆی هەڵگری باس وخواسێکی تێر وتەسلی جیاوازە ـــ ئەوە لە کاتێکدایە کە باڵوێزی ئەو کاتی ڕووس خەریکی نووسین و جێ بە جێ کردنی گرێ بەست و ئاشتی لە نێوان ئێران و ڕووس‌دا بوو و پێش بینی دەکرا لەو گرێ بەستەدا ئێران قازانج و بەرژەوەندیەکەی باشی بۆ ڕەخسابێ. بەڵام بەو فتوای جیهادە شەڕی دووهەمی ئێران و ڕووس هەڵدەگیرسێ و شکستێکی یەکجار گەورە داوێنی ئێران دەگرێ و تەواوەتی قەفقاز و بەشێکی زۆری ئازەربایجان و هەتا نزیکی تەورێز دەکەوێتە ژێر دەستی ڕووسەکان و لە ئاکامدا بە پێی گرێ بەستی تورکەمەنچای سنووری دوو وڵات دەبێتە چۆمی ئاراس و قەفقاز و بەشێکی زۆری ئازەربایجان بە ڕووسیەوە دەلکێندرێ. هەر چەندە لە هیچ و پووچی و پاوان خوازی قاجارەکان هیچ شک و گومانێکمان نییە.

دەڵێن کاتێکی کە پاشای کۆرە حاکم و میری سۆران، لە گەڵ دەرباری ئەستەموڵ هەتا ئاستی شەڕ و مل ملانێی لەشکری دەڕواتە پێشەوە، ئەوە مەلای خەتێیە کە لە بەرانبەریدا ڕادەوەستێ و بەرژەوەندی نەتەوەکەی فیدای بەرژەوەندی ئایینی خەلیفەی عوسمانی دەکات و دەڵێ: جا چۆن دەبێ ڕووبەڕووی خەلیفەی ئیسلام شیر بکێشی ! مەلای خەتێ ناڵێ خەلیفەی عوسمانی، بەڵکوو دەلێ خەلیفەی ئیسلام. لە ئاکامدا پاشای سۆران دەبێتە دیلی خەلیفە، خەلیفەی عوسمانلی ئەو دیلیەتەی میری سۆرانی بە خەونیش نەدەدی چونکە بە ڕاستی لە دەسەڵاتی میری سۆران دەترسان و هەر بۆیە قەت بە خەیاڵیشیدا نەدەهات پاشا ببێتە دیل و چۆکی بۆ دابدا؛ بەڵام لە سای سەری ئایینەوە ئاوای بە سەر دێ. ئێستاشی لەگەڵدا بێ هەموو بزوتنەوە ئیسلامیەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرژەوەندی ئایینی دەخەنە پێش باری بەرژەوەندی نەتەوەییەوە و تەنانەت »مفتی زادەکان، دەڵێن: «ئێمە کێشەی نەتەوەییمان نییە !!

هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانیشدا مەلا شێج عێزەدین دەیکوت: «جیاوازی من و کاک ئەحمەدی موفتی زادە لەوە دایە من کوردێکی مسوڵمانم ، بەڵام کاک ئەحمەد مسوڵمانێکی کوردە.»

فتوا نیشانەی لێ نەپرسینەوەی لایەنی دەسەڵاتە لە مەلا و ڕێبەری دینی، نیشاندەری ئارخایەنی فتوادەرە لە کار بە دەست و نەپڕینگانەوە لە حوکمی حوکمەتە و بایخ دانەنان بۆ یاسا و دەستووری وڵاتە. بوونی فتوا نیشاندەری مەیدان داریەتی تاک ڕەهەندی و کەس نەویستی و خۆ ویستییە ، هەر وەها بە تێڕوانینێکی سووک لە باقی ئایین و ئاین زا و جیا بیران دەڕوانێ و سەرەڕۆیی و تاک ڕەهەندی و کاتالیزۆری لێ دەکەوێتەوە. لە دنیایی فتوا و کۆمەڵگای فتوا لێدراودا فکری هەمەڕەنگی و فرە دەنگی ژەنگی بیر تەسکی و دگماتیسمی تێ زاوە.

هەر کاتێک کە توند ئاژۆیان و تێئۆریسیەنە چەق بەستۆکانیان هەستیان بە لاوازی دەسەڵات کردبێ، یان بە حاڵ هەست بە بوونی ئازادی و کرانەوەی کەشی سیاسی کردبێ و لایان بۆ شل کرابێ، بێ سێ و دوو کەوتوونەتە گیانی کەسایەتییە ناودارەکان و فتوای کوشتن و لە ناو بردنیان دەرکردوە، چونکە ئەزانن ئەو جۆرە مرۆڤە پایە بەرزانە ڕۆڵی کاریگەریان لە سەر کۆمەڵگا دەبێ و کۆڵەکەی مۆریانە لێ دراوی فکریان دەکەوێتە لەرزین. ساڵی ١٣٢٤ هەتاوی لە تاران هەرکە هەست بە بیری جیاوازی ئەحمەدی کەسرەوی دەکرێ و دەزانن نوسراوەکانی بە تایبەتی کتێبی\"شیعەگری \" فتوای کافر بوون و کوشتنی لە لایەن ئایەتوڵا برووجێردی و ئایەتوڵا سەدرەوە دەردەکرێ و لە ساڵۆنی دادگوستەری تاران لە لایەن \"فەدائیانی ئسلام\"وە لە پێش چاوی جەماوەرێکی زۆر دەکوژرێت. تەنانەت ئەو فتوایە هێندەی کاریگەری لە سەر خەڵکی ساویلکەی هەبوە لە ترسانا نەتوانراوە تەرمی ئەحمەدی کەسرەوی نووسەر لە قەبرستانی گشتی‌دا بنێژرێ و بە دزیەوە لە کێوەکانی شمیرانات لە ژێر کەڵەک و بەرددا دەشاردرێتەوە. سەیر ئەوەیە دادگا هەر دوو قاتڵەکە دەبخشێت، چونکە زۆربەی ئایەتوڵاکانی ئەو کات بە فەڕمی پشتیوانی خۆیان لەو کردوەیە دەردەبڕن.

فتوادەر لە کۆمەڵگا ڕادەبینێ بۆیە ئاوا بە بە ئارخایەنیەوە حوکمی کوشتنی کەس یان کەسانێک دەر دەکات. سادقی هیدایەت زۆر بە باشی ئەو کۆمەڵگایەی ناسی بوو بۆیە لە کتێبی \" کوندە کوێرە\"دا دەڵێ: « هەر تاکێکی کۆمەڵگا سێبەرێکی تاریکی لە گەڵدایە، ئەویش سێبەری ڕەشی دواکەوتوویی و فڕوفیشاڵە» چەند جوان لە کتێبی \" حاجی ئاغا\"دا باسی کەسایەتی حاجی ئاغاکان و مەلاکانی خوڕافە پەروەر دەکات و زۆر بە ڕوونی حوکمەتێکی چەق بەستووی ئیسلامی دەخاتە ڕوو و پێش بینی کۆمارەی ئیسلامی کردوە. بەڵام ئایەتوڵاکان بێ کار دانەنیشتوون و وڵامی چاکەیان داوەتەوە و ئێستاشی لە گەڵدابێ خەڵکی پێیان وایە سادقی هیدایەت شێت و پووچ گەرا بوە، بۆیە خوێ کوشتوە و ناڵێن، لە داخی دواکەوتوویی و سەرەڕۆیی کۆمەڵگاو مەلاکانی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

نموونەیەکی دیکە: ئایا ئەگەر خۆ فرۆشی و دۆلار وەرگرتن و فتوای ئایەتوڵا کاشانی و بێهبەهانی نەبوایەت و خەڵکی بە قسەی ئەوانیان نەکردایەت و ڕۆژی کودتا بڕژایەنە سەر شەقام پێت وابوو کودتای ٢٨ گەلاوێژی ١٣٣٢ سەربکەوتایەت. هەر چەند بە داخەوە هەڵس وکەوتی دوژمن کارانەی ئوپۆزیسیۆنی ئەو کات بە تایبەتی حیزبی توودە نابێ لە بەر چاو نەگیرێ.

هەر لە میسر جەماوەری ئەخوانول موسلەمین بە سەر کردایەتی حەسنول بەنا و لە ژێر کاریگەری تیئۆریەکانی سەید قوتبدا، کەڵکی نابەجێ لە کەشی ئازادی دەیەی ٤٠ زاینی میسر وەردەگرن ساڵی ١٩٤٨ سەرۆک وەزیری ئەو کات تیرۆر دەکەن و پەرە بە تیرۆر و توند ئاژۆیی دەدە. هەر ئەو ئەندێشەیە بوە هۆی سەر هەڵدانی دەیان پارت و گروپ و ڕێکخراوی ئیسلامی تووند ئاژۆی وەک، تاڵیبان، ئەلقاعیدە و داعش وئەنسارول‌سوونە و دەیان ڕێکخراوی دیکەی ناجسن و نەشیاوی ئیسلامی.

فتوا چەشنە شەرعییەت دانێکە بە تیرۆریزم و پاساو هێنانەوەیە بۆ تیرۆری ڕەش. کوشتن و شوێن بزر کردن و تۆقاندن دەکەوێتە قەوارەی پاکتاو کردنی نژادی و ڕاسیسمەوە. پێی دەگوترێ ڕەشە کوژی، واتا سوتاندنی تەڕ و ویشک پێکەوە بۆ بە چۆک داهێنانی نەتەوەیەکی ژێر دەست بە تاوانی ماف خوازی کە کردەوەیەکی دژە ئینسانی و نامرۆڤانەیە، بۆ نامرۆڤانە؟ چونکە ئەو کردارە شەڕ لە دژی سپا یان ئەرتەشێکی چەک داری هێرش بەر نییە، بەڵکۆ زوڵم و ناعەداڵەتی و نا یەکسانییە دژ بە جەماوەری سڤیل. لە وەها ڕووداوێکدا کەم وایە ئەو جەماوەرە چەک بە دەستیش بن، بۆ نموونە کاول کردن و کوشتن و ئاوارە کردنیی دەیان گوندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن چەکدارانی دژی گەلی ئیمامی زەمانەوە کە دوای شکستەکانیان لە گەڵ پێشمەرگە بەردەبوونە گیان و ماڵی خەڵکی بێ تاوان. ئەو کردەوە چەپەڵانە لە عورف و یاسا نێو نەتەوەیەکاندا بە کرداری دژە مرۆیی و جەنایەت دژی بەشەریەت ناوزەد دەکرێ.

فتواش دەکەوێتە ئەو قەوارە ناشایستەوە. چونکە فەرمانێکی خێرا و بە پەلە و یەک لایانە و دوور لە عەقڵیەتی یاسا و داوەری‌یە و مەبەستیشی تۆقاندن و بڵاو کردنەوەی کەشی ترس و وەحشەت و دڵە ڕاوکێ‌یە. لە فتوادا داخوازی و خواستێک نییە بەڵکوو ئەمر و فەرامانە ئەویش فەرمانێکی شەڕاژۆیانە و تووڕە و تۆسنە و تەنیا و تەنیا بۆ لە ناو بردن و سڕینەوەی فیزیکییە و بەس. لە ئیسلامدا پەنا بردن بۆ فتوا پشت بەستن بە ئایە گەلێکی لەو چەشنەیە : ( قوتیلوا فی سبیل‌اللە )یە، واتا: بکوژن لە ڕێگای خودادا. هەر بۆیە زۆربەی زۆری فتواکان ئاماژەیەکیان تێدایە لە مەڕ ئیسلام و مەترسی شکست هێنانی. بۆ نموونە خومەینی لە دەستووری جیهاد بۆ سەر کوردستاندا دەڵێ: بۆ ئەوەی ئیسلام نەکەوێتە مەترسی و خەتەرەوە هێرش بکەنە سەر کوردستان ... و دەیان نمووونەی دیکە.

ئەگەر چاوێک لە یاسای بنە ڕەتی ئێرانی ئیسلامیش بخشێنین دەبین لە کەم بەند و خاڵدا هەیە بەرژەوەندی ئیسلام یان مەترسی ئیسلام لە بەر چاو نەگیرابێ. بۆ نموونە دەڵێ پێک هێنانی حیزب و دەستە ئازادە ئەمما لە چوار چێوەی ئیسلامی بوندا. یان دەڵێ: بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆ بوونەوە ئازادە بە شەرتێک لە چوار چێوەی ئیسلامیدا بێ و ..... دەیان نموونەی دیکە. بە جۆرێک لە زۆربەی بەندە یاسایەکاندا ئەو ڕستە دانراوە: بە شەرتێک لە چوار چێوەی ئیسلام بێ. زەرەی بۆ ئیسلام نەبێ. دژایەتی لە گەڵ ئیسلام و یاسای ئیسلامی نەبێ و زۆر نموونەی دێکە. لە وەها کاتێکدا دەسەڵات دەستی ئاواڵایە هەڕ وەختێک پێی خۆش بێ دەتوانێ بڵێ ئەو کردار و کردەوەیە دژە ئیسلامە و ئیسلام زەرەر مەند دەبێ.

فتوا تیرۆری ئاینی‌یە کە توانایی گوێ گرتنی نییە لە خواست و قسەی بەرانبەرەکەی. نموونەیەکی جیهانی: ئێستاشی لە گەڵدا بێ کاتۆلێکەکان لە گەڵ منداڵ لە باربردندا دژایەتیان هەیە و تەنانەت بە جەنایەتیشی دەزانن. لە وەها ڕوداوێکدا ئەگەر قەشەیەک لە کلیسایەکدا بیهەوێ بڵێ: فڵانە پزیشک منداڵێکی لە بار بردوە و کارێکی ناشیرینی کردوە. لە درێژەدا ئەگەر بڵێ ئەو دوکتورو پزشکە بەو هۆیەوە دەبێ بکوژرێ بۆ ئەوەی هەموو پزیشکانی دیکە تەمێ بن و سڵ لە وەها کردەوەیەک بکەنەوە ئالێرەدا وتارەکە ڕەنگی دەستوو و هاندان و شەڕاژووی بە خۆیەوە دەگرێ و دەبێتە فتوایەکی دینی و جەنابی قەشە هێڵی سوورو یاسای تێ پەڕاندوە و بە واتایەک تاوان بارە. واتا هەر کاتێک ڕەخنە و شرۆڤە یان بیروڕا یان پێشنیار لە چوار چێوەی خواستێکی ئاساییەوە بۆ ئەمر و فەرمان و هان دانێکی مەترسی‌دار و نەگونجاو گۆڕدرا و هەڕەشەی بە دواوەبێ و هەڵگری خواستێکی ئیدیئۆلۆژیکی یان بۆ چوونێکی توند ئاژۆیانەی ئایینی بێ دەبێتە فتوا و شەرعییەتی ئایینی جەختی لە سەر دەکات.

یاسا لە هەر وڵاتێکدا بەربەستێکە بۆ دەسەڵاتی مرۆڤ بە تاک و کۆیەوە، هەر بۆیە دەگوترێ دەبێ یاسا هەمیشە باڵا دەست و سەروەر بێ. لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران بە هۆی باڵا دەست بوونی فتواکانی ئیمام خومەینی، یان ئەوەی کە یاسای بنەڕەتی لە سەر ئەساسی چەشنە فتواکانی ئایەتوڵاکان داڕێژرا، هەر بۆیە چەپکەوشە و ئیدیۆم گەلێک زەق بوونەوە. وەک: تەکفیری، شەڕ لە دژی خودا، مفسدالا فی‌الرض، مورتەد، کافر، مولحید و فیتنە و...... زۆر شتی دیکە شین بوون و بوونە خۆرە بۆ گیانی جەماوەر. هەر بەو فتوا و یاسایە فتوای کوشتنی دەیان نەیاری حوکمەتی دەرکرا و کوژران، سەلمان ڕوشدی ڕشتنی خوینی حەڵاڵ کرا و خەڵخاڵی سەدان لاوی بێ تاوانی گەلی کوردی قەتڵ و عام کرد و هەتا کاتی گیان کێشانیشی لە کردەوەی خۆی پەشیمان نەبوو و شانازیشی پێوە دەکرد و دەس نوێژی نوێژی دەسەڵاتی نگریسی خۆیان بە خوێنی ئاڵی کورد و باقی لیبڕاڵەکانی ئێران شوشت.

فەرمان و فتوای ئاخوند حەسەنی بوو کە كوشتارەكانی، قاڕنێ و قەڵاتان و سەوزی و گۆلێ و .... لێ کەوتەوە و هەر بەو فەرمان وفتوای خومەینی بوو شەڕی سێ مانگەی کوردستانی هەڵگیرسا و دوایە باڵی کێشا بۆ شەڕی سی و چەند ساڵە و ئێستاشی لەگەڵ دابێ ئەو ئاشە خوێن مژە هەر بە خوێنی ڕۆڵەکانی ئازادی خواز دەگەڕێ و هەر بە ئەزموونی شەڕی کوردستان بوو کە توانی شەڕ و ئاژاوە بخاتە ناو ماڵی ئێراق و سووریە و یەمەنەوە. دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی خۆی هەر خەریکی فرت و فێڵ و چەواشە کاری بوە. ئەوندەی خەریکی شەڕ و کوشتارە، دوو هێندەش خەریکی تەبلیغی چەواشە کارانەیە. لە دنیادا هیچ کەس و لایەنێک بە قەت ئەم ڕژیمە شەڕی کوردستان و کێشەی ئەم هەریمەی بۆ موهیم و گرینگ نەبوە، بەڵام گرینگ ئەوەیە بە ڕواڵەت قەتی نەدرکاندوە و بە ڕووداوێکی لوکاڵی و کاتیی ناوزەد کردوە. پرسیار، ئەی چۆن بزانین هێندەی بۆ گرینگە. دەتوانین بڵێین هێندەش ژیر و وریا نییە هەموو ئاکارەکانی نەبیندرێ؛ ئێمە ئەگەر چاوێک بە ڕابردووی کاربەدەستانی پایە بڵیندی لەشکری و ئیداری تاراندا بخشێنین بۆمان دەردەکەوێ سەدی نەوەدی ئەو کار بە دەستانە ئەزموونێکی چەندین ساڵەیان هەیە کە سەردەمانی خۆی لە کوردستاندا کار بەدەست و چەکدار و نیزامیی بوون. بە تایبەتی سەردارانی سەرەوەی سپای پاسداران زۆربەی زۆریان چەکداری دەیەی شەست و حەفتا لە کوردستان بوون و جا جێگای باوڕ و ئیعتیبارن بۆ ڕێبەرانی حوکمەت.

دیکتاتۆری تاکە کەسی وەک ڕێبەرێکی ئایینی بناژۆخواز یان دیکتاتۆرێکی دەسەڵات‌دار وەک حوکمەتی ئیسلامی و زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە هەموو شتێک کەڵک وەردەگرن بۆ گەیشتن بە ئامانج و داخوازیەکانیان؛ کە وایە هەموو شتێک و فتواش وەک باقی شتەکانی دیکە ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانج. بە واتایەکی دیکە فتوا تیئۆری تیئۆرسیەن گەلێکە بۆ پڕاکتیزە کردنی فکر و ئیدەی داڕێژەر. فتوادەر لە بەرانبەر ئەندێشە و فکرێکی ئەکتیوی ئینسانیەت‌دا عاجز و زەلیلە و بە گوتار و بە عەقڵانیەت ناتوانێ هەڵویست بگرێ. ئەو جۆرە مرۆڤانە بۆ ئەوەی سەر پۆشێک لە سەر نەزانی و دواکەوتوویی و فڕوفیشاڵ و مێشک پووکی خۆیان دابنێن، پەنا دەبەنە بەر تووند و تیژی و تۆقاندن و فتوایەکی ئاگراوی تووڕە و پڕ لە ڕق و بوغز دەنەخشێنن و سەدان کەسی ساویلکەی ڕەشۆکی و بەستزمانی پێ هەڵدەخڵەتێنن. شەڕ و کوشتاری شێعە و سوونی وڵاتی پاکستان تەنیا و تەنیا لە ژێر کاریگەری فتواکانی مەلایانی هەر دوولایە و بەس بە پشتیوانی حوکمەتی ناوەندی، ئەگینا وڵاتی هێند بە دەیان و بگرە بە سەدان ئاین و دینی جۆراوجۆرەوە چۆنە پێکەوە حەواونەتەوە و پێکدا هەڵناپڕژێن.

بنچینە داڕێژی حکومەتی ئیسلامی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ دروست بوونی ڕێکخراوی \"فەدائیانی ئیسلام\" و تێئۆریسیەنی ناسراوی شێعە، عەلی شەریعەتی کە یەکەم کردەوەی تیرۆریستیان لە ژێر حوکمی فتوادا ئەنجام درا و ئەحمەدی کەسرەویان کوشت و دواتر لە مابەینی ساڵەکانی ١٣٢٨ــ هەر دوو سەرۆک١٣٣٢سەرۆک وەزیرانی محمەدرزاشا،وات \"عەبدول‌حسەین هەژیر\" و \" حاجی عەلی ڕەزم‌ئارا\" تیرۆر دەکەن و دواتر حەسەن عەلی مەنسووری سەرۆک وەزیر، هەر لە لایەن ئەوانەوە تیرۆر دەکرێ. جێی ئاماژەیە زۆربەی لایەنگرانی سەرەکی خومەینی ئەندامانی فەدائیانی ئیسلام بوون. هەر ئەو ڕێکخراوەیە دوای شۆرشیش زۆربەی تیرۆرە دەوڵەتیەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بە ئەستۆوە دەگرێ. وەک قەتڵە زنجیرەیەکان، وەک تیرۆری مەلا محەمەدی ڕەبیعیو ئەحمەدی موفتی زادە. تەنانەت دوای تیرۆری پەروانە و داریووشی فرووهەر هیچ مەلایەکی تاران حازر نییە نوێژی مردوویان لە سەر بخوێنێ.

جەند نموونەیەک لە فتوای دوای شۆڕشی گەلانی ئێران دێنمەوە. جیا لە فتواکانی خومەینی:

ـ هاشمی ئاغاجاری بە تاوانی بێ حورمەتی کردن بە ئیسلام لە ساڵی ١٣٨١لە لایەن میسباحی یەزدیەوە فتوای تەکفیری لە سەر دەرکرا.

ــ هەر وەها هەر میسباحی یەزدی یەکێ لە بڕیار دەران و فتوا دەرانێک بوو کە فتوایان لە دژی نووسەران و ڕۆشنبیرانی ئێران دەرکرد و لە ئاکامدا قەتڵە زنجیرەیەکانی لێ کەوتەوە.

ـ ساڵی ١٣٨٥لە لایەن ئایەتوڵا فازل لەنکەرانی‌یەوە لە دژی نووسەرێکی وڵاتی ئازەربایجان بە ناوی \" ڕافیق تەقی \" فتوا دەرکرا بە تاوانی بێ حوڕمەتی کردن بە پێغەمبەری ئیسلام و ئایینی ئیسلام. کە بە داخەوە لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٠دا نووسەر و پزیشک ڕافیق تەقی بە حەوت چەقۆی ناپیاوێک گیانی لێ ئەستێندر. سەیر ئەوە بوو زۆربەی ئایەتوڵاکانی ئێران خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی.

ــ شۆڕشی سوورییە کەی دەگەیشتە ئەم ئاستە خوێناوی و نائینسانانەیە ئەگەر فتواکانی هەر دوو بەرەی شێعە و سوونی نەبوایەت. مەلاکانی هەر دوولا بە تایبەت ئایەتوڵاکانی ئێران و شێعە هێندەیان فتوا دەرکرد بۆ ڕووخانی فڵانە مەڕقەد و بێ حورمەتی کردن بە فڵانە شێخ و قەبر و گۆڕستان و جەماوەری نەفام و ساویلکەش وەک مار و زێروو دەمیان نایە خوێن و لاشەی یەکتریەوە.

ئەگەر ئەو خەڵکە کەمێ تێگەیشتنیان هەبوایەت چۆن دەبوو ئاوا بێ تێ فکرین و بیر لێ کردنەوە وەدوای قسەی پڕ و پووچ و بێ بنەمای کۆلکە ملاکان بکەوتایەن و شۆڕشی بەر حەقی خۆیان بە دەستی خۆیان بە لاڕێدا بەرن.

ــ وەختایەک وڵاتی ئێراق ئەرتەش و سپای ملی خۆی هەیە حەشدی شەعبی و سپای بەدر و دەیان کەتیبەی لەو جۆرە بۆ دەبێ دامەزرێ. ئایا ئەگەر فتوای ئایەتوڵا سیستانی نەبوایەت کوا حەشدی شەعبی شکڵی دەگرت بە دەیان لق و پۆپ و گرووپێەوە؟ یان لە لایەکی دیکەوە سپای سەدر بە بنە ماڵەی سەدر، کە لە شارەکانی وەک نەجف و بەغدا و ... بۆ خۆیان بە شێوەی ڕەمەکی و خێڵەکی حوکمڕانیەتی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دەکەن.

فتوا دیاردەیەکی بەرچاو و حاشا هەڵنەگرە و بە قەولی مامۆستا عەبدوڵا پەشێو کە دەڵێ: بەعس لە نێو پێخەفمان دایە. ئەمان بێ سێ و دوو دەبێ بڵێین فتوا لە ناو ناخی مێشکی تاک تاکی ئەو کۆمەگایەماندایە و لە گەڵ یەکە یەکەی سلوولەکانی جەستەماندا دەژی.

وەختایەکی فەڕانسە شۆڕشە مەزنەکەی ١٧٨٦سەرکەوت، تازە زانیان شۆڕشی گەورەتر و بنە ڕەتی‌تریان لە پێشە، ئەویش شۆڕشی کۆمەڵایەتی.

هەتا وەختایەکی لە نێو قوتابخانەکانیاندا دەرس و دەوری زانستیان لە کتێبە دینیەکان جیا نەکردەوەو و ئایینیان لە چوار چێوەی کلیسادا دانەنیشاند هیچ پێشکەوتنێکی مەزنیان بە خۆیانەوە نەدی. دوایە بە ئەنجام گەیاندنی ئەو پڕۆژە مەزن و بنە ڕەتیە، تازە زانیان کۆمەڵگاکەیان لە گەڵ کۆمەڵگای پێش شۆڕش جیاوازی پەیدا کردوە و ڕەنگی گۆڕانکاری و ڕۆشنایی پێوە دیارە.

هەتا وەختایەک بەربەستێک بۆ گوتار ومۆعیزەی مەلایانی مزگەوتەکان دانەنرێ و بە ڕوونی فەرقی \"پێشنیار\" و \" ئەمرکردنیان \" بۆ جیا نەکەنەوە و بە یاسا و بە دەستوور هەڕەشە و توندئاژۆییان لێ نەستێندرێتەوە، کەشی زاڵ بە سەر کۆمەڵگادا خراپێر دەبێ و چاکتر نابێ. لە دوو تۆی کەشی تووڕەیی و تووند ئاژووییدا هەمیشە دەبێ چاوەڕوانی هەڵتۆقینی دمەڵی گروپ گەلێکی وەک داعش و ئەنسارول‌سوونە و ئەلقاعیدە بین و هەمیشەش دەبێ چاوەڕوانی ئەومان هەبێ لاوەکانمان بەینا بەینێک بکەونە داوی گرووپە نگریسانەوە.

هەر وەها هەتا ئەو کاتەی بە کردەوە سیاسەت و ئایین لە یەک جیا نەکرێنەوە و سیاسەت وان ، ڕێبەری ئایینی، بە ڕوونی تێ نەگەیەنین هیچیان نابێ پەل بکێشنە نێو کار وئەرکی یەکتریەوە، کۆمەڵگا هەر لە گێژاوی و سەرگەردانی وشڵەقاندندا دەبێ وئاسایشی ڕاشتەقینە بە خۆیەوە نابینێ.

دوا وتە، بێ ترس و دوو دڵی دەبێ کۆمەڵگا و ڕێبەری ئایینی لەو ڕاستیە تێ بگەیەنین کە دین، خواستێکی تاکە کەسییە و ئەرکەکەی ئامۆژگاریەوە بەس. ڕێبەرانی ئایینی دەبێ تێ بگەن سەردەمانی خێڵەکی بەسەر چوە و ئێستا سەردەمی دەوڵەت داریەتی مودێڕنیتەیە و هیچ کەس مافی ئەوەی نییە دەست لە کار وباری حوکمەت وەر بدا و ئەوە ببێتە نەریتێک بۆ ئەوەی فێر بین دەست کارو ئەرکی یەکتریەوە وەر نەدەین.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.