عەباس کاکایی: خوێندکارە کوردەکان هەمیشە لە ریزی یەکەمی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران دان

01:15 - 11 بەفرانبار 2712

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە مەبەستی ئاگادار بوون لە هۆكارەكانی جێهێشتنی وڵات و رەوشی چالاكانی خوێندكاری و فەهەرنگی لە ناو زانکۆکانی ئێران، دیمانەیەكی تایبەتیی لەگەڵ عەباس کاکایی چالاکی خوێندکاریی زیندانی کراو پێکهێنا.

عەباس کاکایی چالاکی خوێندکاریی کورد لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: سەرەڕای ئەوە کە خوێندکارە کوردەکان لە رەوتی بزووتنەوەی خوێندکاریدا نرخێکی زۆریان داوە، بەڵام هەمیشە لە ریزی پێشەوەی ئەو بزووتنەوەیە دان و هەرچەندە بەهۆی دۆخی ئەمنیەتیی زانکۆکان ئەو بزووتنەوەیە کەمڕەنگ بۆتەوە بەڵام هەتا ئیستا ئەو بزووتنەوەیە لە زانکۆکان دا بەردەوامە و رەوتی خۆی دەپێوێت.

ئەو چالاكە خوێندكارییە لە وەڵامی پرسیاری هەواڵنێری كوردپا لەمەڕ چالاكیی سیاسی و فەرهەنگی لەناو زانستگەكان رایگەیاند: لە زانکۆکاندا زۆر کەم بوار بە دەرچوونی بڵاڤۆکە خوێندکارییەکان دەدرێت و بۆیە بەو شێوەی پێویستە چالاکی بنوێنم و تەنیا لە گۆڤاری \"نەورۆز\"دا چەندین وتارم بڵاو بۆوە کە بە ٢ زمانی کوردی و فارسی چاپ و بڵاو دەکرایەوە.

عەباس کاکایی لە درێژەی لێدوانەکە ئاماژەی بەوە دا، لە رێگەی رێکخراوی خوێندکاریی زانکۆی زانستە کۆمەڵاتییەکانی تارانەوە لە ساڵی ١٣٨٨ دا لێبڕاوانە بەشداریم لە بزووتنەوەی سەوز دا کردووە ، چونکە باوەڕم وابوو کە ئەو بزووتنەوەیە دەتوانێ ببێتە بزاڤێکی جەماوەری و ئازادیخوازی لە وڵاتی ئێران دا.

عەباس کاکایی ئاماژی بەوەش دا، رێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی سڵی ١٣٨٨ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ \"هەژیر کوردنژاد\" لەلایەن \"دەفتەری بەدواداچوون\"ی زانکۆی زانستە کۆمەڵایەتییەکان تارانەوە دەستبەسەر کرام و لەو ماوەیە دا \"سۆهراب کەریمی\" چالاکی خوێندکاری لە ژێر چاوەدێریی دەزگا ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دابوو.

ئەو خوێندکارە کوردە ئاشکرای کرد کە لە ماوەی دەستبەسەر بوون و لە رەوتی کاری لێکۆڵینەوەکاندا لە ئیدارەی ئیتلاعاتی تاران بە توندی ئەشکەنجەی رۆحی و جەستەیی درام و دواتر لەلایەن دادگای شۆرشەوە بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم درام و ماوەی ئەو حوکمەم لە زیندان تێپەڕ کرد و رێکەوەتی ٥ی سەرماوەزی ٨٩ی هەتاوی لە زیندان ئازاد کرام.

ئەو چالاکە خوێندکارییە لەمەرهۆکاری جێهێشتنی زێدی خۆی رایگەیاند: پاش ئازاد بوون لە زیندان بەردەوام لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بانگ دەکرام و لێپرسینەوەم لێ دەکرا بۆیە هەستم بە مەترسیی گیانی خۆم کرد و بە ناچاری وڵاتم بەجێهێشت.

عەباس کاکایی لە دایک بووی ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لە شاری قوروەیە و هەتا قۆناغی دواناوەندی لە شاری قوروە بووە و دواتر بۆ درێژە دان بە خوێندن چۆتە تاران و لە زانکۆی زانستە کۆمەڵاتییەکانی تاران خوێندنی تەواو کردووە و ماوەی چەند ساڵ رۆڵێکی گرینگی لە چالاکییە مەدەنییەکانی شاری تاران و قوروە دا هەبووە.