عەباس نیرومەند هونەرمەندی ناسراوی بواری مۆسیقا کۆچی دوایی کرد

16:01 - 7 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە پێشەنگانی مۆسیقای کوردستان لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەشی ڕەزبەر، مامۆستا عەباس نیرومەند، ژەنیاری بەئەزموون و لەمێژینەی ئامێری کلارنێت، لە ماڵەکەی خۆیدا ماڵئاوایی لە دونیای مۆسیقا کرد.

ئەو هونەرمەندە زیاتر لە ٥٠ ساڵ لە بواری مۆسیقادا کار و چالاکیی هەبووە.
عەباس نیرومەند لە کاتی ماڵئاوایی‌دا تەمەن ٨٥ ساڵ بووە.

\"\"عەباس نیرومەند لەگەڵ هونەرمەندانێک وەکوو حەسەن کامکار و حوسێن یووسف زەمانی، لە دەستەی مۆسیقای ئەرتەشەوە دەستی بە جالاکیی هونەری کردووە.

ناوبراو لە مامۆستا جەلیل موقەدەم وەکوو یەکەم مامۆستای لە لە بواری ئامێری مۆسیقایی کلارنێت ناوی دەبرد.

ساڵی ڕابردوو، عەباس نیرومەند لە وتوێژێکدا ڕایگەیاند؛ لە ساڵی ١٣٣٠هەتاوییەوە بە شێوەی فەرمی چووەتە نێو دونیا مۆسیقا و لەگەڵ مامۆستایانێکی وەکوو مەزهەری خالقی، حەسەن زیرەک، عەلائودین باباشەهابی، عەباس کەمەندی، فەتانە وەلیدی و مێهدی حوجەت‌سادات هاوکاریی نزیکیان پێکەوە هەبووە.

عەباس نیرومەند، سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی مۆسیقای کوردی گوتبووی: \"سەرەڕای ئیمکاناتی تایبەت کە لە حاڵی حازردا لە بەردەستی هونەرمەنداندایە و بەستێنێکی لەباری بۆ بەرەوپێش چوون لە بواری هونەری ڕەخساندووە، بەداخەوە بەرەوپێش‌چوونی کارە هونەرییەکان تووشی هەوراز و نشێوی زۆر بووە و جێگای دڵخۆشی نیە.

ڕێوڕەسمی ئەسپەردە کردنی تەرمی ئەو هونەرمەندە ناودارە کوردە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدیی شاری سنە بەڕێوەدەچێت.