عیسا بازیار: لە ئێران ٤ی ئاڤریل لە بێ دەنگی ڕەها تێپەڕ دەبێ

16:38 - 15 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کورد لە بواری مافی زیان لێکەوتووانی مین بە بێ هیچ پاڵپشتییەک سەرقاڵی زانیاری گەیاندن لەبارەی مەترسییەکانی مینە چێندراوەکانە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا کەمپەینی پاڵپشتی لە ڕۆژی جیهانیی زانیاریی لەبارەی مەترسییەکانی مین لەلایەن چالاکێکی کورد لە ئێران و کوردستان بەربڵاوتر بووەتەوە.

ڕۆژی ٤ی ئاڤریل(١٦ی خاکەلێوە) لەلایەن کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕۆژی جیهانیی \"ئاگایی لە مەترسییەکانی مین و هەوڵدان دژبە ئاریشەی مین\" ناودێر کراوە و ١٦٢ وڵات لە ڕێککەوتننامەی ڕێکخراوی خەباتی نێونەتەوەیی بۆ قەدەغەکردنی مینە زەمینییەکان بە دەستپێشخەری جوودی ویلیامز، مامۆستای قوتابخانە لە ئامریکا دامەزراوە، ئەندامن.

عیسا بازیار لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی ئیلام لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ هەواڵنێری کوردپا وێڕای نیگەرانی لە بێ دەنگی ڕەها لەبارەی ئەو ڕۆژە لە ئێراندا، گوتی: بەداخەوە ناوەندی پووچەڵکردنەوە( مرکز مین‌زدایی) وەک دامەزراوەیەکی نەتەوەیی لە بواری مین لە ئێراندا بە کردەوە لە ٤ ساڵی ڕابردوودا ناچالاک کراوە.

\"\"عیسا بازیار
ناوبراو لەماوەی ئەم ساڵدا لە فەیسبووک و تویتەری کەسۆکی خۆیدا، پرۆپاگەندەی بەربڵاوی لەپێناو زانیاری پێدان لەبارەی مەترسییەکانی مین دەستپێکردووە و لە کوردستان پاڵپشتی هاووڵاتییان، قوربانیانی مین و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی لەگەڵە.

بەوتەی بازیار، هەوڵەکانی زانیاری پێدان بە بێ هیچ پاڵپشتییەکی ماڵی و ڕاگەیەنی کراوە و لە شارەکانی سەردەشت، جوانڕۆ، مەریوان و ئیلام بە کردەوەی پاڵپشتی لە هەوڵەکانی کراوە.

سێگۆشەی سووری ئاوەژۆ لە هێماکانی کەمپەینی جیهانیی \" لەگەڵم بکەوە\"(با من همراه شو)، لە کوردستان و ئێران و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناڤین پێشوازی لێکراوە و لە بەرەبەری ٤ی ئاڤریل گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی.

ئەو چالاکە ناسراوە لە وڵامی پرسیاری ئەوەی کە بۆ بە تەنیا لە هەشتەگی \"لەگەڵم بکەوە\" چالاکی دەکەی؟ ڕایگەیاند: ڕێکخراوە جیهانییەکان پێیان باشە لەگەڵ دەوڵەتەکاندا هاوکاری بکەن و ئێرانیش لەو وڵاتانەیە کە کۆنوانسیۆنی نەهێشتنی دەکارهێنانی مینی زەمینی(ئۆتاوا) واژۆ نەکردووە و ئەمەش مەیدانی چالاکی تاکەکەسی زیاتر دەکات.

عیسا بازیار کە تاکوو ئێستا سێ پەرتووکی لەبارەی مین و مەترسییەکانی بڵاوکردووەتەوە، دەبێژێت: چالاکی ئەمن لە ماوەی ئەو ١٥ ڕۆژە لە چالاکی تەنانەت ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان زۆرتر بووە و پێشوازییەکان بێ وێنە بوون.

ناوبراو ساڵی ڕابردوو بە تێچووی شەخسی خۆی، هەندێ پووستێر و برۆشوری تایبەت بە ٤ی ئاڤریلی لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران بڵاوکردووەتەوە بەڵام ئەمساڵ بە هۆکاری ماڵی کاری لەو چەشنەی بۆی نەلواوە.

عیسا بازیار زیاتر لە ١٣ ساڵە لە بیاڤی پووچەڵکردنەوەی مین لە ئێراندا چالاکی کردووە و ٣ ساڵیشە لە بیاڤی زانیاریپێدان لەهەمبەر مەترسییەکانی مین چالاکی و کار دەکات.

دوو جار لەکاتی پووچەڵکردنەوەی میندا بریندار بووە و ئەندامی کەمپەینی نێونەتەوەیی \"نا بۆ مین\"ـە و لە بواری مافی زیان لێکەوتووانی مین چالاکی هەیە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندیی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویدا، ٥٢ هاووڵاتی کورد بە هۆی مینەوە کوژراو یان بریندار بوون کە ٩ کەس لە قوربانیان منداڵ بوون.

\"\"
سردشت