عیرفان رەهنموون: پێشبینی دەکرێ سپای پاسداران لە کوردستاندا، دڕندانەتر لە پێشوو بجووڵێتەوە

20:09 - 28 خاکەلێوه 2719

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خاکەلێوە، دوناڵد ترامپ، سەرکۆماری ئامریکا، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی، خستە ناو لیستی \"ڕێکخراوە تێروریستییەکانەوە.

ئەمە یەکەم جار کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕێکخراوێکی نیزامیی دەوڵەتێک وەکوو گرووپێکی تێروریستی بناسێنێت و ئەم بڕیارەی دوناڵد ترامپ لە بەرەبەری یەکەم ساڵی چوونە دەرەوەی ئامریکا لە \"بەرجام\" بووە.

ئاژانسی کوردپا لەم پەیوندییەدا، وتووێژێکی لەگەڵ عیرفان رەهنموون، چالاکی سیاسی کورد لە وڵاتی نۆروێژ پێکهێناوە کە بەم چەشنەیە:

ئاژانسی کوردپا: پاش بە تیرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، ڕۆڵی ئەو ڕێکخراوە لەمە بەدواوە بە کۆی دەگات؟

عیرفان رەهنموون: پێم وایە بەتیرۆریست ناسرانی سپای پاسداران لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئامریکاوە لە دوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی دا ، دەتوانێ کاریگەری لەسەر ئەو رێکخراوەیە دابنێ . لەئاستی نێوخۆییدا بە ئەگەری زۆر ، پێگەی سپای پاسداران لە هاوکێشە نێوخۆیییەکانی سیاسەت لە ئێراندا دەباتە سەرەوە . بەو مانایەی کە گەمارۆکان و بەتیرۆریست ناسرانی ئەو رێکخراوەیە ، بازنەی دەسەڵات لە نێوخۆی رێژیم دا بەرتەسکتر دەکاتەوە و ئەمەش بە مانای بەرفرەهتربوونی دەسەڵاتی سپای پاسدارانە لە گشت بوارەکاندا . لەلایەکی دیکەوە ئەو دۆخە، ناڕەزایەتیی جەماوەری خەڵک لە رێژیم زێدەتر دەکات و پشکی زیاتری گەندەڵی و نەهامەتی و ناکارامەیی لە دیدی جەماوەرەوە بە سپای پاسداران دەبڕێ و زیاتر لە جاران لە پێش چاوی جەماوەری خەڵک دەکەوێ . بەڵام لە ڕووی دەرەکی ، واتە لە ڕووی ناوچەیی و نێونەدەوڵەتییەوە ، بەپێچەوانەوە ، پێگەی سپای پاسداران لاوازتر دەبێ و دەکەوێتە ژێر چاوەدێریی توندی دەزگا هەواڵگرییەکانی ناوچە و جیهان و وەک جاران رێگەی تەڕاتێنی پێ نادرێت و جموجووڵەکانی بە ڕادەیەکی بەرچاو ، بەرتەسک دەکرێنەوە . ئەگەر لە هەڵبژاردنی ئایەندەی سەرکۆماریی ئامریکا دا ، کۆماریخوازەکان دووبارە بەدەسەڵات بگەنەوە ، بەئەگەری زۆر سپای پاسداران لە گشت رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا ، ناچار بە پاشەکشە دەکرێ و رۆڵە سیاسی و ئابوورییەکانی لە ناوچەکەدا بەرەو لاوازی دەچن.

ئاژانسی کوردپا: کردەوەکانی سپا پاش ئەم هەڵویستەی ئامریکا، لە کوردستان چۆن دەبێت؟

عیرفان رەهنموون: پێشبینی دەکرێ کە پاش بە تیرۆریست ناسرانی ئەو رێکخراوەیە، سپای پاسداران لە کوردستاندا ، دڕندانەتر لە پێشوو بجووڵێتەوە و رۆڵی زێدەتر لە سەرکوت و داپلۆسین لە گشت ئێران و بەتایبەت لە کوردستان دا بگێڕێ . سپای پاسداران باش دەزانێ کە ناتوانێ لە دەرەوەی ئێران هێڵە سوورەکان ببەزێنێ ، هەرچۆن لە سووریە تا ئێستا بەسەدان جار لەلایەن ئیسرائیلەوە گورزی سەربازی لێ وەشێنراوە و هیچ پەرچەکردارێکی ئەوتۆی نەبووە . هەربۆیە پێم وایە بە پێچەوانەوە لەناو سنوورەکانی ئێراندا ، بۆ چاوترسێن کردنی جەماوەر ، دڕندانەتر دەجووڵێتەوە . بە دووریش نازانرێ کە داخی لاوازی و دەستبەسترانەوەی بە نەتەوەی کورد کە بێ‌پەناترین نەتەوەی جیهانە بڕێژێ . هەر بۆیە کورد پێویستە لە جاران وریاتر بێ و ئەوە بزانێ کە هیچ دیوارێ لە دیواری کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نزمتر نیە.

ئاژانسی کوردپا: ئایا دیسان کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە بەرامبەر کردەوەکانی سپای پاسداران لە کوردستان بێدەنگی هەڵدەبژێرێت؟

عیرفان رەهنموون: کورد پێویستە ، پێگەی خۆی وەک ئەوەی کە هەیە ببینێ. کورد نەتەوەیەکی بندەست و بی پەنایە . ئێمە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دا بەرەو ڕووین نەک کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی . بەو مانایەی کە تەنیا فۆڕمی دانپێدانراوی یاسایی لە ئاستی جیهانی دا ، فۆڕمی دەوڵەت – نەتەوەیە و یاسا و ڕیساکان لەسەر بنەمای ماف و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت-نەتەوە دامەزراوە. کورد کە لەدەرەوەی ئەو بازنەیە دایە ، لە بنەڕەت دا ، بوونی بە فەرمی نەناسراوە تا مافەکانی بەفەرمی بناسرێ . هەربۆیەشە کە بەدرێژایی سەد ساڵی ڕابردوو ، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ژینۆسایدی ڕەش و سپی لە کوردستاندا ، بێدەنگ بووە . هەربۆیە نابێ چاوەڕوان بین کە کوشتاری کورد لە ئاستی جیهانی دا پەرچەکرداری جیدی لێ بکەوێتەوە . دیارە ئەم باسە بەو ئاکامەمان دەگەیەنێ کە دەبێ هەموو هەوڵەکانی کورد ئەوە بێ کە ببێ بەدەوڵەت و چیدی دوای کڵاوی بابردووی دێموکراسی و مافی شارۆمەندی نەکەوێ . چونکە بۆ ئەوەی کە ببیتە خاوەن ماف ، سەرەتا دەبێ “ بوون “ ت ببێ . فۆرمی بوونیش لە سیستمی ئێستای جیهانی دا ، تەنیا لە چوارچێوەی “ دەوڵەت-نەتەوە “ دا بە فەرمی ناسراوە . دیارە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەگەر بەرژەوەندییەکانیان ناچاریان بکات ، بەشێوەی تاکتیکی و بەشێوەی کاتی لایەک لە کورد دەکەنەوە و کاتێ بەرژەوەندییەکانیان ، دابین بوو ، وەک هەمیشە کورد فەرامۆش دەکرێ.

ئاژانسی کوردپا: پاش بە تیرۆریست ناساندنی سپای پاسداران ئیمکانی پشتیوانی لە خەباتی گەڵی کورد لە رۆژهەڵات چەندە دەبێت؟

عیرفان رەهنموون: ئەم بە تیرۆریست ناسرانەی سپای پاسداران ، دەرفەتێ بۆ کورد و بزاڤەکەی پێکدێنێ کە ٤٠ ساڵە بە کردەوە لەبەرامبەر دڕندایەتیی ئەو رێکخراوەدا بەڕەڤانی و بەرخۆدانی کردووە . بەومانایەی کە ئەگەر ئامریکا لەم بەتیرۆریست ناسرانەی سپادا بە کردەوە هەنگاو هەڵبگرێ ، دەکرێ بەرژەوەندیی کورد و بزاڤەکەی لە تەک ئامریکا دا هاوتەریب ببێ و پشتیوانی لە کورد بکرێ . پێم وایە هێشتا نەختێ زووە کە بەو ئاکامە بگەین و پێویستە ڕاوەستین بزانین ڕووداوەکان بە چ ئاراستەیەکدا دەڕۆن . هەربۆیە پرسیاری بێ‌وڵام زۆرن کە دۆخەکەی لێڵ کردووە. ئایا سپای پاسداران بەکردەوە بیانووی گورزی سەربازی بە ئامریکا دەدات ؟ ئایا ئەم بەتیرۆریست ناسرانە تاکتیکە ، یان ستراتیژی ؟ ئایا ئێران دووبارە جامی ژەهرێکی دیکە نۆش دەکات و زەبوونانە دێتەوە سەر مێزی وتووێژ ؟ ئایا دۆناڵد ترامپ جارێکی دیکە هەڵدەبژێردرێتەوە ؟ هەڵوێستی چین و ڕوسیە و یەکیەتیی ئەوروپا لەم پەیوەندییەدا چی دەبێ ؟ ئەمانە و زۆر پرسیاری دیکە ، دۆخەکەیان تەمومژاوی و ناڕوون کردوە و پێویستمان بە کاتی زیاتر هەیە تا بتوانین هەڵسەنگاندنێکی دروستترمان لە دۆخەکە هەبێ.

ئاژانسی کوردپا: ئەرکی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵات، لەم قۆناغەدا چییە و چۆن دەتوانن ئەم قۆناغەی ئێستا لە ڕاستای بەرژوەندییەکانی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات بقوازنەوە؟

عیرفان رەهنموون: هەموو سەرەداوەکان ئەوە پیشان دەدەن کە ئێران لە دەروازەی ئاڵوگۆڕی گرنگ دایە و بەدوور دەزانرێ کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بتوانێ لەژێر باری ئەم گشتە قەیرانانەدا ، پشتی ڕاست بکاتەوە. بەڵام خۆشبینییە کە پێمان وابێ لە کورتخایەندا هەرەس دێنێ . چونکە تا ئێستاش ، ڕێژیمی ئێران ئاڵتەرناتیڤی نیە و هەر بۆیە درێژەکێشانی دەسەڵاتەکەی بەلای منەوە جێگەی سەرسوڕمان نیە . بەڵام بەگشتی و لە درێژخایەن دا ، ڕووداوەکان بەو ئاراستەیەدا دەڕۆن کە بە ئەگەری زۆر ، دەرفەتێکی مێژووی بۆ بزاڤی کورد بێتە ئاراوە . ئەگەر کورد بتوانێ لەم دەرفەتە مێژووییە کەڵکی دروست وەربگرێ دەتوانێ ، بەری ڕەنجەکانی بچنێتەوە و ئەگەریش نەتوانێ ، دیارە وەک هەمیشە رەنجبەخەسار دەبێ . گرنگترین پرسی کورد ئێستا ، بوونی وێژمان و بەرنامەیەکی تۆکمەی نیشتیمانییە کە زۆرینەی کورد لەسەری هاودەنگ بێ . بەداخەوە ئەم وێژمانە نابینرێ . هێشتا ئێمە پێناسەیەکی دروستمان نە لە خۆمان هەیە نە لە دوژمنەکەمان . کاتێ پێناسەیەکی دروستمان لەخۆمان نەبێ ، ناتوانین رێکاری خەباتکارانەیش دابڕێژین . هەموومان بینیمان کە پارتە کوردییەکانی رۆژهەڵات لە چەند هەڤاڵبەندی سیاسی دا بەشداریان کرد . بەڵام بەداخەوە ، نەیانتوانی کە خواستەکانی کورد بەشێوەیەکی زانستی فۆڕموولە بکەن و لە هەموویاندا ، کەمایەسی بەرچاو دەبینرا . لەیەکێکیان دا کورد وەک “ قەوم “ ناسێنراو لە یەکی دیکەش دا ، باسی “ هاوپەیوەندی مێژوویی نێوان کورد و ئێران ! “ کرا و لە زۆر جێگەش دا ، خواستەکانی کورد تا ئاستی “ فیدرالیزمی ئیداری “ و مافی شارۆمەندی ، دابەزێنرا . ئەم بێسەروبەرەییە سیاسییە ، پێگەی کورد دادەبەزێنێ و لە کردەوەدا دەیکاتە بازیچە بە دەست پارتە شۆڤینییە ئێرانییەکانەوە . هەر بۆیە پێویستە لانیکەم “ ناوەندی هاوکاری “ گەڵاڵەیەکی ڕوون لەسەر مافەکانی کورد لەسەر بنەمای “ مافی دیاریکردنی چارەنووس “ فۆڕموولە بکات و بیکاتە بنەمای هەر هاوپەیوەندی و پلاتفۆڕمێکی سیاسی . کاتێ ئەمە کرا ، پێگەی کورد دەچێتە سەر و خەڵکی کوردستانیش ، پشتیوانی لە پارتە سیاسییەکان دەکەن و ئەرکەکانی بزاڤی کوردیش دەردەکەوێ و دەکرێ رێکاری گونجاویان بۆ دەستنیشان بکرێ.

ئەم دۆخە هەستیارە پێویستی بە هاودەنگیی نیشتیمانی هەیە لە نێوان پارتە سیاسییەکان، ئیلتی کۆمەڵگە و جەماوەری خەڵک دا . کاتێ ئەو سێگۆشەیە پێک هات ، دەتوانین هیواداربین کە بتوانین لەم دەرفەتە نوێیە کەڵکی پێویست وەربگرین.