شەڕ و تێکەڵچوونی هێزە ئینتزامییەکان کوشتنی فەرماندەیەکی بە دواوە بوو

13:31 - 7 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: لە شەڕ و تێکەڵچوونێكدا یەکێک لە فەرماندەکانی هێزە ئیتزامییەکان لە سنوورەکانی کوردستان کوژرا.

شەوی سێشەممە ٦ی سەرماوەز، ستوان یەکەم \"مستەفا عەبدولمەلەکی\"، خەڵکی شاری قوروە و فەرماندەی پاسگای سنووری بروێشکان، لە گوردانی \"نوور\"ی شاری بانە، لە شەڕ و تێکەڵچوونێکدا لەگەڵ کەسانێکی نەناسراو کوژراوە.

هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایان گەندووە، کە ئەو فەرماندەی هێزە ئینتزامییە، لە شەڕ و تێکەڵچوونێکی چەکداریدا لەگەڵ \"ئەشراری موسەلەحـ\"ـدا کوژراوە.

ئەو هەواڵدەرییانە هەتا ئێستا راپۆرتێکیان سەبارەت بە وردەکاریی ئەو ڕووداوە و چۆنیەتی ڕوودانی ڕووداوەکە بڵاو نەکردووەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، ماوەیەک لەمەو پێش، \"هەڵۆوەکانی زاگرۆس\" بە بڵاو کردنەوەی بەیانییەیەک ڕایان گەیاند، کە لە شەڕ و تێکهەڵچوونی ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەزەڵوەر، لە شوێنێک بە ناوی \"خێڵە ڕەشـ\"ـی شاری بانە، یەکێک لە هێزە نیزامییەکان کوژراوه و دوو کەسی دیکە بریندار بوونه.

\"هەڵۆوەکانی زاگرۆس\"، شوناسی ئەو مەئموورە کوژراوەی هێزە نیزامییەکانیان بە \"ئارمان فەخری\" ڕاگەیاند و دوو کەس لە برینداربووەکانیش بە ناوەکانی \"لوقمان خەیاڵی و ...... مەنشلوو\"، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبیی بانە کران.