شەپۆلی پارازیت لە شاری بۆکان پێش بە بڵاوبوونەوەی بەرنامەی کاناڵە ئاسمانییەکان دەگریت

15:51 - 10 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: بڵاوکردنەوەی پارازیتی بەربڵاو و بەهێز لە شاری بۆکان، بووتە هۆی ئەوەیکە بڵاوکردنەوەی بەرنامەی کاناڵە ئاسمانییە کوردی زمانەکان لەو شارە و گوندەکانی ئەو شارە، لەگەڵ کێشە بەروڕووببێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەپۆلی پارازیتی بەهێز، لە لایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، بۆ سەر کاناڵە ئاسمانییە کوردی زمانەکان ڕەوانە دەکرێت و ئەم شەپۆلەش تەواوی شاری بۆکانی گرتووەتەوە و ئیمکانی وەرگرتنی دەنگ و ڕەنگی کاناڵە ئاسمانییانەکان لەو شارە کێشەی بۆ هاووڵاتییان درووست کردووە.

بە وتەی یەکێک لە هاووڵاتییانی خەڵکی شاری بۆکان، بە درێژایی شەو وەشانی کەناڵە ماهوارەییەکان دەپچڕێن و هاوڵاتییان لە زۆربەی گەڕەکەکانی شار بەرەوڕووی ئەم گرفتە دەبنەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەو شەپۆلە پارازیتە هەموو کاناڵە ئاسمانییە کوردی زمانەکانی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و هەروەها زۆربەی ئەو کاناڵە کوردی زماننانەی کە لە هەرێمی کوردستان بڵاو دەکرێنەوە، گرتووەتەوە.

ماوەی چەندین ساڵە هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی کوردستان بە مەبەستی ناردنی شەپۆلی پارازیت بۆ سەر کاناڵە ئاسمانییەکان، دەزگای ناردنی شەپۆلی پارازیتیان دامەزراندووە کە ئەمە راستەخۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆرپەڵەی نێو سکی دایک هەیە و لە زۆربە حالەتەکانیشدا زووتر لە پێ و مانگی خۆیان لە دایک دەبن.