شەپۆلی سێیەمی HIV لەئێران و تووشبوونی ٣ هەزار کەس بەو نەخۆشییە لەکرماشان

16:18 - 26 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: کارناسانی نەخۆشی ئیدز باس لەشەپۆلی سێیەمی ئیدز لەئێران دەکەن، هەروەها دوایین ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە تەنیا لەئوستانی کرماشان سێ هەزار کەس بە دەست ئەو وایرۆسەوە دەناڵێنێ.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کارناسێکی ئیدز لەکرماشان رایگەیاندووە، لەپارێزگای کرماشان سێ هەزار کەس تووشی نەخۆشی ئیدز هاتوون و لەکۆی گشتی ئەو رێژەیە تەنیا لەسەدا ١٥یان لەناوەندە پزیشکییەکان دەوا و دەرمانی پێشگیریی وەردەگرن.

عەلی کەماسی باسی لەوەش کردووە کە ئەگەر ئەو نەخۆشییە رێگەچارەیەکی گونجاوی بۆ نەدۆزرێتەوە ئەگەری ئەوە هەیە هەتا ساڵی ٢٠٢٠ ئەو قەیران و نەخۆشییە بە هیچ شێوەیەک پێشی پێ نەگیردرێت.

کەماسی ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەر چەندە کە نزیک بە ٥٠ ناوەندی چارەسەریی لە ئوستانی کرماشان کراوەتەوە بەڵام ئەو ناوەندانە وڵامدەری نەخۆشییەکانیHIV نین.

شەپۆلی سێیەمی HIV لەئێران

\"28403.jpg\"
٢٨ هەزار توشبوو بە وایرۆسی ئیدز لە ئێران هەیە
ئەو کارناسە لەوتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنا باسی لە دۆخی ئەو نەخۆشانە لەئاستی ئێرانیشدا کردووە و ئاشکرای کردووە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان ٢٨ هەزار توشبوو بە وایرۆسی ئیدز لە ئێران هەیە و ئەو رێژەیەش تەنیا لە سەدا ٢٠ی ئەو تووشبوانەی دەرخستووە.

عەلی کەماسی لەدرێژەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەئێران شەپۆلی سێیەمی ئیدز وەرێ کەوتووە و رێژەی راستەقینەی تووشبوان لە ٢٨ هەزار کەس زۆر زیاترە.

ئامارە نافەرمییەکان باس لەبوونی زیاتر لە ١٠٠ هەزار تووشبوو بە HIV دەکەن.

بەپێی دوایین ئامارەکان لەکۆی گشتی ئەو ٢٨ هەزار کەسە، یەک لەسەر سێی ژنان پێکیان هێناوە.

وەزارەتی تەندروستی و دەرمانی ئێران ژمارەی تووشبوان بە نەخۆشیی ئیدزی لە ساڵی ١٣٩١دا نزیك بە ٢٣ هەزار و ٥٠٠ راگەیاندبوو.

گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٣ لەكۆبوونەوەی ٥٤٤ی شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگیی، ١٠ی سەرماوەزی ساڵی هەتاوی (١ی دێسامبری ساڵی زایینی) بە پێشنیاری وەرزارەتی تەندروستی وەکوو رۆژی جیهانیی ئیدز پەسند كرا و لە ساڵی ١٣٨٤ەوە وەك رۆژێكی فەرمی لە رۆژژمێری ئێراندا گونجێنرا.

دواتر لەسەردەمی خولی دوویەمی سەرکۆماری ئەحمەدی نژادا شۆرای ئینقلابی فەرهەنگیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران رۆژی جیهانیی ئیدزیان لە رۆژژمێری فەرمیی وڵات سڕیەوە.

ئەو هەوڵە بەبێ‌راوێژ لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هەنگاوی بۆ هەڵگیرابوو.