شەهلا دەباغی: بە ڕای من، دوای ڕووخانی سەدام دەبا کورد بڕیاری سەربەخۆیی دابا

14:51 - 30 خەرمانان 2717

سەرەتای حەوتووی داهاتوو ڕێکەوتی ٢٥ سپتامبر بەرانبەر بە ٣ی ڕەزبەر، بۆ یەکەم جار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێفراندۆم بە مەبەستی سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە وڵاتی عێراق بەڕێوە دەچێت.

ئاژانسی کوردپا، لەو پەیوندییەدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان و مامۆستای زانکۆ چەند وتووێژێکی ئەنجام داوە، کە ڕوانگە و بۆچوونی ئەوان سەبارەت بە پرسی ڕێفراندۆم لە هەرێمی کوردستان لە خۆ دەگرێت.

وتووێژی دووهەم و کۆتایی لەگەڵ شەهلا دەباغی لێکۆڵەری ئەدەبی و دانیشتووی وڵاتی سوید ئەنجام دراوە.

١- بۆ لەم هەلومەرجەدا سەرکردایەتی کورد لە باشووری کوردستان بڕیاری ڕێفراندۆمیان دا؟

شەهلا دەباغی: هەموو شێوازەکانی هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەر و دەوڵەتی بەغداد تاقی کردووەتەوە، بەڵام ئەوان هیچ جۆرە بەڵێن و قەراردادێکیان ڕەچاو نەکردووە و هەموو ڕێگاکانیان بەردەوام بە لەژێر پێنانی مافەکانی ڕەوای کورد، بەستووە. گەرچی بە ڕای من تەنانەت ئەگەر هەموو پەیمانەکانیان ڕەچاو گرتبا دیسان ئەوە مافی ڕەوای کوردە کە سەربەخۆ بێ.

ئێستا سەرکردایەتی کورد لە باشوور هەست بە خەتەرێکی گەورە دەکا، کە دوای تەواو بوونی شەڕی داعش‌ داگیرکەرانی کوردستان لە دۆخێکی نەخوازراوی دیکە بهاوێن. بەڕای من، لە دوای ڕووخانی سەدام دەبا کورد بڕیاری سەربەخۆیی دابا. جاری دووهەم کە دەکرا سەربەخۆیی ڕاگەیاندرابا، ساڵی ٢٠١٤ دوای هێرشی داعش بوو. ئێستا کورد لە هەلومەرجێکی دیکەدا کە ئەگەر ئەو کارە نەکرێ ڕەنگە هەرگیز ئەو هەلە نەڕەخسێتەوە کە کورد داوای سەربەخۆیی بکاتەوە.

جیا لەوە هەرێمی کوردستان بەردەوام وە بەر شاڵاوی هێرشی ڕۆحی، ئابووری، نیزامی و سیاسی دەوڵەتی بەغدادە، کە ئەو نیوە سەربەخۆییەش لە کورد بستێننەوە. دەوڵەتی عێراق بە پشتیوانی داگیرکەرانی دیکە، بە تایبەت ئێران، سازدانی حەشدی شەعبی و دەستدرێژی بۆ ناوچە کوردنشینەکان لە دەوروبەری شنگال، کەرکووک و خانەقین و مووسڵ، بەردەوام دەیەوێ بیانوو ببینێتەوە بۆ هێرش کردن بۆ سەر کورد. بناغەی مێنتالیتێتی بەغداد لەسەر هەمان بیرۆکەی بەعس و فاشیزمە، کە هەر ساتێک ئامادەن کورد دووبارە ئەنفال بکەنەوە. بە لە کەناردانانی هەموو ئەو فاکتانە، ڕێبەرایەتی کورد بڕیارێکی دروستی داوە کە ڕێفراندۆم ڕاست ئێستا بەڕێوە بچێ.

٢- دەرفەت و بەربەستەکان لە بەردەم سەربەخۆیی چییە؟

شەهلا دەباغی: دیارە بڕیاری سەربەخۆیی و دابڕان لە داگیرکەران بڕیارێکی هاسان و بێ‌ڕیسک نییە. ئەگەر لە لایەک کورد دەتوانێ وەک قەوارەیەکی سیاسی و وڵاتێکی سەربەخۆ بێتە پانتایی دنیاوە، ئەوە لە لای دیکەوە ڕیسکی هێرشی داگیرکەران، بەزاندنی سنوورەکانی ئەخلاقی، سیاسی، ئابووری هەیە. بۆ وێنە هەر ئێستا بە هەزاران کورد لە بەغدا دەژین و خەتەریان لە سەرە و پاراستنی گیانی ئەوان یەکجار گرینگە. ڕەنگە ئێران و تورکیە سنوورەکان بۆ ماوەیەک ببستن و کوردی ئەو پارچانە گوشارێکی زۆریان بێتە سەر و یا خودی زلهێزەکان لە ئەنجامی بێ ئەخلاقێکی سیاسی و بە خاتری بەرژەوەندی خۆیان و مەسڵەحەت لەگەڵ داگیرکەران، کورد بە تەنیا بهێڵنەوە. ڕەنگە بە هۆی کێشەکانی ناوخۆ و گرفتە شەخسی و سیاسییەکانی نێوان حیزبەکان، دەنگی بەڵێ ئەوەندە نەبێ کە بە قورس و قایمی دەنگمان بە دنیا بگات. بەڵام سەرەڕای ئەوانە دیسان ئێستا خاڵی وەرچەرخانی کێشەی کوردە و بە قەوڵی کوردی یا دەبینە خانی خانان، یا دەبینە تۆزی بانان.

٣- مەترسییەکانی پاش ڕێفراندۆم پاش سەربەخۆیی لە چیدا دەبینی؟

شەهلا دەباغی: مەترسییەکان هەروەک پێشتر ئاماژەکرا دەتوانێ هێرشی سیاسی، ئابووری و نیزامی داگیرکەران و ناپەیمانی زلهێزەکان بێ. هەروەها هێرشێکی بەربڵاوی داگیرکەران لە سەر کوردەکان لە هەر چوار پارچە و بەربەست بۆ چالاکانی مەدەنی لە تورکیە و ئێران دروست بکەن.

جیا لەوانە هێندێک باس لەوە دەکەن کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەوکات نەوت بە باشی دەفرۆشرا و دۆخی ئابووریی باشوور باش بوو، کورد فێری جۆرێک خۆشگوزەرانی ئابووریی بوو، کە کەمێک تەمبەڵی لەگەڵ خۆی هێنا. لە ئەگەری هێرش و بەستنی سنوورەکان ڕەنگە نەوەی نوێ زۆر تاقەتی ئەو دۆخە سەختەی نەبێت، بەڵام بە ڕای من لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا دیتمان کە پێشوازی خەڵک لە بڕیاری ڕیفراندۆم زۆر بەرینە و ئەو خەڵکە خۆی بۆ هەر ئەگەر و هێرشێک ئامادە کردووە. تاک و نەتەوەی کورد بە پرۆسەی ئەنفال و ژینوسایددا تێپەڕێوە و \"حافظە تاریخی\" (بیرگەی مێژوویی) کورد هەڵگری هێندە کارەساتە کە لە ڕۆحی هەر کوردێکدا ئازادی و ڕزگاری گرینگتر لە بەربەستەکان و ڕیسکەکانە.