شەش کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستاندا کوژران و بریندار بوون

15:02 - 18 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: شەش کۆڵبەری کورد لە شارەکانی مەریوان، پیرانشار، سەردەشت و خۆی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، کوژران و بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ هەینی، ١٨ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"یوونس پیرۆتی\"، کوڕی \"محەممەد\"، خەڵکی گوندی \"بێورانی خوارێـ\"ـی شاری سەردەشت، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار کرا.

ئەو کۆڵبەر کوردە، بۆ چارەسەریی پزیشکی، ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری سەردەشت کراوە.

\"\"یوونس پیرۆتی
هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوە، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی قوتووری خۆی، کرانە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران و لەو تەقەکردندا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ناجی ئەبووبەکری\"، کوڕی \"سەبری\"، بەسەختی بریندار کرا.

تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپا، بوو بەهۆی پێکرانی لاقی ئەو کۆڵبەرە کوردە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری ورمێ کراوە.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی گەلاوێژ، هێزەکانی سپای پاسداران لە نزیکی گوندی سنووریی \"قامیشەڵە\"ی ناوچەی سەرشیوی مەریوان، دەسڕێژییان لە چەند کۆڵبەری کورد کرد و لە ئاکامدا، کۆڵبەرێکی کوردی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی \"ئیسماعیل ساوجی‌نژاد\"، خەڵکی مەریوان، دەسبەجێ گیانی لەدەست دا و تەرمی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"شەهاب\"، کوڕی \"عەباس\"، خەڵکی گوندی \"شێواشانـ\"ـی شاری سەردەشت، لە کاتی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی، لاقێکی شکا.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی گەلاوێژ، هیزە نیزامییەکان لە سنووری شاری پیرانشاردا، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانیان دایە بەر دەسڕێژی و لە ئاکامدا، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی \"ڕەشید خەندانی و خەلیل قادری\"، بریندار بوون.