شێرپەنجەی گەدە (معدە) لە كوردستان لە چاو شێرپەنجەكانی تر پلەی دووهەمی هەیە

12:42 - 16 سەرماوەز 2711
كوردپا: شێرپەنجەی گەدە دووهەمین نەخۆشی باوە لە پارێزگای كوردستان و یەكەمین هەڕەشەیە بۆ سەر تەندروستیی هاووڵاتییانی كوردستان.

لە حاڵی حازردا شێرپەنجە بە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی مردن لە وڵاتی ئێران دێتە ئەژمار و كارناسانیش لەو باوەڕە دان زۆربەی هۆكاری تووشبوان دەگەڕێتەوە بۆ جۆری خواردن و رژیمی غەزایی.

هەواڵدەریی فارس لە زاری \"فەرزام بیدارپوور\" جێگری تەندروستیی زانكۆی علووم پزیشكیی پارێزگای كوردستانەوە بڵاوی كردەوە، بڵاو بوونەوە و پەرەگرتنی شێرپەنجەی گەدە لە كوردستان بە شێوەیەكی بەرچاو رووی لە زیاد بوون كردووە و بەپێی ئەو تاقیكارییانەی كە ئەنجام دراون، پارێزگای كوردستان لە ئێران پلەی دووهەمی لەو شێرپەنجەیەدا وەبەر دەكەوێت.

بە وتەی بیدارپوور، لە ساڵی 1388دا لە پارێزگای كوردستان 169 حاڵەتی شێرپەنجەی گەدە شناسایی كراون و یەك ساڵ دواتر ئەو رێژەیە گەیشتە 188 كەس.

بیدارپوور لەو باوەڕە دایە، پارێزگای كوردستان، گیلان، گوڵستان و ئەردەبێڵ بە نیسبەت پارێزگاكانی دیكەی ئێران رێژەیەكی زۆرتری تووشبووی شێرپەنجەی گەدەیان هەیە.