شیوا گەنجی: لە هیچ کام لە دەوڵەتەکان پاش هاتنە سەر کاری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دۆخی مافی مرۆڤ باش نەبووە

21:12 - 14 جۆزەردان 2717

 

ئاژانسی کوردپا: شیوا گەنجی، داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەوانی نیشتەجێی وڵاتی ئامریکا، باشتر بوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە دەوڵەتی ڕۆحانی بە دوور زانی.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە وتووێژێکدا لەگەڵ شیوا گەنجی، داکۆکیکار و ڕۆژنامەوانی دانیشتووی وڵاتی ئامریکا، سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران دۆخی مافی مرۆڤی لەو وڵاتە خستە بەرباس و هەڵسەنگاندن.

شیوا گەنجی و هاوژینەکەی چەند ڕۆژ پێش ئێستا بە هۆی چالاکی مافی مرۆییەوە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات هەڕەشەیان لێکرا.

ئەو چالاکە مافی مرۆییە چەند ساڵ پێش لەگەڵ هاوسەرەکەی بە هۆی گوشارەکانی هێزە ئیتلاعاتییەکان بە ناچاری زێدی خۆیان بە جێهێشت.

شیوا گەنجی لە وڵامی پرسیاری ئاژانسی کوردپا، بە هەڵبژاردنی دووبارەی حەسەن ڕۆحانی بە سرنجدان بە کارنامەی ناوبراو، ئایا هیچ هیوایەک هەیە بۆ باشتر کردنی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕایگەیاند: ڕاستییەکەی ئەوەیکە لە هیچ کام لە دەوڵەتەکانی پاش هاتنە سەر کاری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە باشتر نەبووە و بە هۆی زۆربوون و زیاتر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە جوغرافیای سیاسی ئێراندا، ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕێپۆرتێری تایبەتی بۆ چاودێرانی مافی مرۆڤ و ڕێپۆرتێری تایبەتیان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێرانیان دیاری کرد، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین بە ڕێژەیەکی کەم باشتر بوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بەرچاو دەکەوێت.

بەڵام بە پێی راپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و چاودێرانی مافی مرۆڤ، ئاماری ئێعدامەکان، بارودۆخی منداڵان، ژنان و ئابووری لە دەوڵەتی پێشوو ڕێکوردەکەی بەرچاوترە.

ناوبراو هەروەها لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ڕۆڵی دەزگا ئەمنیەتیی و ئیتلاعاتیی و قەزاییەکان لە ڕەوتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنی، ڕایگەیاند: لە ماوەی دامەزراندنی ناوەندە قەزایی و ئیتلاعاتییەکان لە پێکهاتەی ئێراندا؛ بەشی سەرەکیی ئەو ناوەندانە، بەڕێوبەران و پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە دەزگاکان و ناوەندە ئەمنیەتیی و ئیتلاعاتی و قەزایی بوون، ئەوان بە هێنانی گەڵاڵەیەکی بەرنامە بۆ دارێژراو، هەر جۆرە هەوڵ و تەقەلایەکی کۆمەڵگای مەدەنی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤیان بە شێوەیەکی بەربڵاو سەرکوت کردووە.

شیوا گەنجی هەروەها لە وڵامی پرسیارێکی دیکە سەبارەت بە کۆمەڵگای نێوخۆ و نێونەتەوەیی هەتا چەند گرینگی بە دۆخی زیندانیانی سیاسی کورد دەدەن و هەنوکە لەو ڕاستایەدا هیچ هەوڵێکی شوێندار لەو پەیوەندییەدا دراوە یان نا؛ ڕایگەیاند: بە دڵنیاییەوە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕێکخراو و ناوەندەکانی چاوەدێری و ڕێپۆرتێرانی مافی مرۆڤی کوردستان ، تەواوی هەوڵی خۆیان بۆ ڕووماڵ کردن و دەنگدانەوە و تۆمار و ئیرائەی حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بە ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و ئێرانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ داوە. بە ڕێکەوت ئەو چالاکی و توانایی و زەرفیەتە لە نێو کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوە کوردییەکان هەیە لە شوێنەکانی دیکە ئێران زۆر لاواز و هەوڵی چالاکانی مافی مرۆڤی کورد بەرچاوتر و کەم وێنەترە.

بۆ دەقی تەواوی ئەو وتووێژە سەردانی بەشی فارسی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بکەن.