شیرین عیبادی: حکوومەتی کۆماری ئیسلامی \"شیاوی چاکبوون\" نییە

16:01 - 8 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: شیرین عیبادی براوەی خەڵاتی نوبێل، لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی \"الجزیرە\" ڕایگەیاندووە: \"ڕێگای چاکسازیی ئێران، گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتەیە\".

براوەی خەڵاتی ئاشتی نوبێل لەو وتووێژەدا، ئاماژەی بە پشتیوانیی لە گەمارۆوەکانی سەر ئێران کرد و ڕایگەیاند: \"من پشتیوانی لە گەمارۆوانەی سەر ئێران دەکەم، کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لاواز بکات، نەک ئەو گەمارۆیانە کە زەربە لە خەڵک بدات\".

ئەو مافناسە ئێرانییە دەڵێت: \"ماوەی ٢٠ ساڵە کە بە ڕێگای جۆراوجۆر ئێران تاقی کراوە، بۆ ئەوەی کە بزانرێت ئەو ڕێژیمە چاک دەبێت یان نە، بەڵام بەداخەوە، هەموو ئەزموونەکان لەگەڵ شکست بەرەوڕوو بوونەتەوە\".

شیرین عیبادی هەروەها دەڵێت: هیچ چاکسازییەک لە ئێراندا ڕوو نادات، مەگەر ئەوەی کە یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە بگۆڕدرێت و ئەم کارەش دەبێت بە دەستی خەڵکی ئێران و لە نێوخۆی ئێران بکرێت\".

ناوبراو هەروەها، ئاماژەی بە تەلەفزیۆنە غەیرەفارسی زمانەکانی ئێران کرد، کە لە ڕێگای ماهوارەکانی ڕۆژئاواوە بڵاو دەبێتەوە و خوازیاری گەمارۆ خستنەسەر ئەم میدیایانە بۆ لاوازکردنی هەڵسوکەوتی جیهانیی کۆماری ئیسلامی بوو.

ئەو مافناسە ئێرانییە هەروەها دەڵیت: \"چۆن دەبێت هێندێک لە لاوانی وڵاتانی سووریە، لوبنان یان یەمەن پشتیوانی لە حکوومەتی ئێران بکەن؟ لە ڕێگای ئەم تەلەفزیۆنانەوە ئەو لاوانە فریو دەدەن، کەڵکوەرگرتن لە ماهوارە ڕۆژئاوایییەکانی حکوومەتی ئێران قەدەغە بکرێت، هەتا نەتوانن پڕۆپاگەندە بۆ خۆیان بکەن\".