شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوی سێنفی فەرهەنگیانی ئێران، مامۆستایانی بۆ مانگرتن هان دا

13:49 - 17 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوی سێنفی فەرهەنگیانی ئێران لە بانگەوازێکدا، باسی لە نەبوونی ئیرادە ، حەز و خولیای بەرپرسانی حکوومەتی ئیران بۆ چارەسەرکردنی کێشەی فەرهەنگییەکان کردووە.

شۆرای هەماهەنگیی ڕیکخراوی سێنفی فەرهەنگییەکانی ئێران لە بانگەوازێکدا، داوای لە فەرهەنگییان کرد کە لە ماوەی ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ی خەزەڵوەر، لە هەمبەر جێبەجێنەکردنی داخوازییەکانیان ناڕەزایەتی دەرببڕن.

لەو بانگەوازەی فەرهەنگییاندا هاتووە: \"چەندین جار چاوپێکەوتن و وتووێژ، نامە و تۆمارنووسی، کۆبوونەوە و هەنووکە ناڕەزایەتی، بەڵام بێبەری لە وڵامێکی ئەرێنی لە لایەن دەوڵەتی و مەجلیسییەکان، دەوڵەتییەکان نە تەنیا داواکارییەکانمانیان پشتگوێ خستووە؛ بەڵکوو لە حاڵی حازردا خەریکی جێبەجێکردنی گەڵاڵەی دژە بارهێنان و دژە مامۆستایان ناسراو بە \"گەڵاڵەی تەواو کات\"ـن؛ گەڵاڵەیەک کە بڕیارە زۆرتر لە ڕابردوو، مامۆستایان بە حەقدەست و ماف کەمتر لە جاران، بچەوسێنرێنەوە\".

لە بەشێکی ئەم بانگەوازە داهاتووە: \"ناوەندە ئەمنییەتی و حیراسەتییەکان هەر وەک پێشوو، لەسەر هێڵی ڕابردوو، درێژە بە سەرکوت و دۆسیە دروستکردن بۆ چالاکانی فەرهەنگین. ئەوەش بە شێوەیەکە که زیاتر لە ‌هەڕەشە و تۆقاندن، تۆمەتی ئەخلاقی و ڕەوانی دەدەنە پاڵ چالاکانی سێنفی\".

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو بانگەوازدا، هاتووە: \"لەوەها بارودۆخێکدایە کە مامۆستایان بەپێی مافی هاوڵاتی بوون و ئیمتیازی یاسایی بۆ وەدەستهێنانی داواکارییەکانی خۆیان ناچار بە مانگڕتن و ناڕەزایەتی دەربڕین دەبن\".

دەقی تەواوی ئەم بانگەوازە لە بەشی فارسی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا دایە،