شنۆ دەڕوازەی راسان، دوپات بوونەوەی شۆڕشی ٤٧-٤٦ یان بازدان بۆ داهاتوو - بەشی دووهەم

22:03 - 9 پووشپەڕ 2716
Unknown Author
رێباز کوردۆ

- لە شۆڕشی ٤٧-٤٦ دا حیزبی دێموكڕات ئەزمونی شەڕی چەكداری نەبوو و ژماری پێشمەرگە شەڕكەرەكان نەک هەر كەم بوون بەڵكولە باشور ڕا هەر تاقمە و بۆ ناوچەیەک گەڕانەوە و بە بێ ئاگاداری لە یەكتری و بە بێ هەماهەنگی لەگەڵ یەكتر هەر تاقمەو بە حەزی خۆی و تاکتیکی سەربازی خۆی دەستی كرد بە شەڕ لەگەڵ ڕژێمی داگیركەری پەهلەوی ، كەچی ئێستا حیزبی دێموكڕات خاوەنی ئەزمونی پڕ بەهای شەڕی چریكی، ئەزمونی شەڕی نێو شار،خاوەن هێزێكی ڕاهاتووی مەشق پێكراوی پێشمەرگە بە ژمارێكی زۆرە و لە مێتۆدێكی سەربازی یەكگرتوو كەڵک وەردەگرێ و بە بەرنامەوە دێنەوە نێو كۆمەڵانی خەك و ئەگەر ڕژێمی ئیسلامی پەلامازیان بدات بە تەكنیكەكانی شەڕی چریكی بەگری مەشروع لە خۆیان دەكەن و هێزەكانی دیموکرات لە تەواوی ناوچەكانی کوردستان هەماهەنگن و هەر بەرنامەیەكیش شێوازی تایبەت بە خۆ و فەرماندەی سەربازی تایبەت بە خۆی هەیە.

- لە شۆڕشی ٤٧-٤٦ دا سەر لێشەواوی هەبوو واتە پێشمەرگەكانی حیزب بۆ دەرباز بوون لە نەبوونی رێبازی دیاری كراوی خەبات تووشی كێشە هاتن لەگەڵ سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلول و بە ناچاری گەڕانەوە و شەڕێكی پڕش و بڵاویان دەست پێ كرد، بەڵام ئەم خەباتەی ئێستا سەرەتا لە دۆخی هێرش دا نییە لە دۆخی بەرگری كردن دایە واتە ئەگەر ڕژێم هێرش نەكاتە سەر هێزی پێشمەرگە ئەوان هێرش ناكەن و بەم جۆرەش زیانی مرۆیی كەم دەكەنەوە بەڵام لە نیشتمان ئامادە دەبن.خەباتی تازەش بە بیرێکی شێواو و بێ دەرەتانی بڕیاری لە سەر نەدراوە و خەباتی چەکداریش تاکە خەباتی نییە بەڵکو نمونەیەکی خەباتە و دەستی ئاوەڵایە لە بڕیار دان.

- لە شۆڕشی ٤٧-٤٦ دا هێزی پێشمەرگە پشتی جبهە و گەڕانەوەی نەبوو بۆ پشوودان و بارزانی سنوری لێ داخستبوون ، لە خەباتی ئێستا دا حیزب بارەگا و كەمپی لە باشور هەیە و پێشمەرگەكانی دێموكڕات لە هەموو ئەگەرێك دا پشتی جیهەیان هەیە كە دەتوانن بگەڕێنەوە قووڵایی خاكی باشوری كوردستان و بەوەش زیانی مرۆییكەم دەبێ.

- لە شۆڕشی ٤٧-٤٦ دا ئەگەر پاش هێرشێک زیانێكی قورس وە پێشمەرگە دەكەوت هێزی پێشمەرگە لە ناوچەكانی دیكە تاكتیكی هێرش و خەباتیان نەدەگۆڕی چۆن سەركردایەتی سیاسی و سەربازی یەکگرتووی نەبوو حیزب، لە خەباتی تازە دا حیزب سەركردایەتی یەكگرتوی سەربازی و سیاسی هەیە و بە گوێرەی هەلومەرجی زەمانی و مەكانی تاكتیكی خەباتی سەربازی دەگۆڕێ.

- لە شۆڕشی ٤٧-٤٦ دا ژماری هێزی پێشمەرگە كەم بوو و دیار بوو دەرەقەتی ڕژێمی تا ددان پڕ چەكی دوژمن نایە سەرباری ئەو نابەرابەری هێزەش لە دۆخی هێرش دا بوون و بە داخەوە هەمویان شەهید بوون، لە خەباتی ئێستا دا حیزب بە ژمارێكی زۆری پێشمەگەی ڕاهاتووە لە مەیدانە بەڵام بەهۆی نابەرابەری هێز لە دۆخی بەرگری كردن دایە نە هێرش واتە پێشمەرگە بۆ ئەوە هاتۆتەوە تەشكیلاتەكان، ئەندامان و شانەكان بە هێز بكاتەوە ، لەگەڵ خەڵكی كوردستان پەیوەندی بگرێ و خەباتی نێو شار لەگەڵ شاخ ڕێک خاتەوە، بەڵام ئەگەر دوژمن هێرشی بكاتە سەر بە چەک بەرگری لە خۆی دەكا، واتە شەڕەكە بە پێی ئوسولی جەنگ بە جەنگی خێرا و بەرتەسك پێناسە دەكرێ كە لە ماوەیەكی خێرا و شەڕێكی بچوک دا زەبرێكی زۆر لە دوژمن دەدرێ لە شوێنەکە دوور دەبێتەوە .

- لە شۆڕشی ٤٧-٤٦ دا خەباتەكە بە هۆی نەبوونی مێدیا و ڕۆژنامە و ئامزاری ڕاگەیاندن كپ كرا و بێ دەنگ شەهید بوو و دەنگی مەزلومیەتی كورد نەگەیشتە جیهان و ئەوەش فاكتەری چاک بوو بۆ رژیم بۆ كوشتن و سێدارە و چەوساندنەوە چۆن بیرو ڕای گشتی جیهان لێی بێ خەبەر بوو، ئێستا لە كاتژمێرێک دا بە ڕاگەیاندن و تەكنەلۆژی پەیوەندی گرتن تەواوی جیهان لە یەک ئاگادار دەبێ و خەباتی پێشمەرگە لە شنۆ دەسبەجێ لە مێدیا جیهانییەكان دا دەنگی دایەوە و ڕای گشتی جیهانی و ناوچەیی لێ ئاگادار بوو و ئەەش رێ بۆ داپڵۆسینی ڕژێم دەگرێ چۆن جیهان وای لێ قەبوڵ ناكا، و بە پێچەوانەی شۆڕشی ٤٧-٤٦ دەنگی حیزبی دێموكڕات لە لایەن سەركردایەتی و نوێنەرایەتییەكانی لە دەرەوە و لە لایەن مێدیاكانەوە بە گوێی وڵاتانی دەرەوە دەگات و كۆماری ئیسلامی ئێران دەستی ئاوەڵا نییە بۆ هەمو كارێكی دڕندانە.

ئه‌نجام:

بە تەواوی ئەو خاڵانە و كۆمەڵێك هۆی دیكەش چەشنی ئەو خەباتە لە چەشنی شۆڕشی ٤٧-٤٦ نییە كە حیزب و گەل زەرەد و زۆری پێ بگات كە تەواوی كادر و رێبەرانی بە وەجی لە دەست بدا و قۆناغێكی هەستیاری خەباتی تەفر و تونا بكرێ. بەڵكو ئەو قۆناغە قۆناغێكی جیایە و خەڵكی كوردستانیش ئاستی رۆناكبیریان زیاترە و بە وردی رووداوەكان دەخوێننەوە و بەربەرەكانێ دەكەن لەگەڵ سیاسیەتەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران و وەك لە دروشمەكەش ڕا دیارە خەباتی شارو شاخە واتە هەم هێزیپێشمەرگە بەشدارە هەم چالاكی مەدەنی.
بە پێچەوانەی شۆڕشی ٤٧-٤٦ كە تەنیا هێزی پێشمەرگە بەشداربوو و كۆمەڵانی خەڵک لەخەباتەكە دا نەبوون و پشتیوانی خەباتەكە نەبوون بە هۆی دواكەوتووی ئاستی هۆشیاری نەتەوەیی و نەخوێندەواری و ئاگادار نەبوون لە مافەكانی خۆیان و گشتداگیر نەبوونی خەبات لە ڕۆژهەڵات.

بۆیە لە كۆتایی دا دەڵەین پێویستە هەم چالاكانی ناوخۆ ، هەم روناكبیران كە خەباتەكە لایەنێكی ئەوانن وەک خەباتكار و پێشمەرگەی نێو شار، هەم ئەحزابی دیكە پشتی ئەو خەباتە بگرن و ئەوانیش لە بیری دەسپێكی وەها جوڵەیەک بن و پێشمەرگەی كوردستان بنێرنەوە نێو نیشتمان تا خەباتەكە تێكڕایی و گشتگیر بێت و ئەو رێگایەی دەبێ بە دەساڵ بیپێوین بە پێنج ساڵ بیپێوین و لە زیانی مادی و گیانی و مەعنەوی ئەو خەباتە كەم كەینەوە. نابێ قورسایی ئەو خەباتە تەنیا لە سەر شانی حیزبی دێموكڕاتی کودستانی ئێران و ئەحزابی دیكە و هێزی پێشمەرگە بێ. دەبێ چالاكانی ناوخۆش بەشێكی خەباتی ناوشارەكە بگرنە ئەستۆ تا بە دوقۆڵی خەباتەكە پێش كەوێ و مافەكانی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵات لە وەدی هاتن نزیک بنەوە.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.