شاهید عەلەوی: دابەش کردنی ناعادڵانەی بوودجە هۆکاری بەرین بوونەوه‌ی هەژاری لە ناوچە هەژارنشینەکانە

15:10 - 14 سەرماوەز 2713

 

ئاژانسی کوردپا لە دیمانەیەکی تایبەتیدا لەگەڵ شاهید عەلەوی*، بەشێک لە دیاردەی وەرگرتنی پارە لە قوتابییانی هێناوەتە بەرباس.
کوردپا: وەرگرتنی پارە لە قوتابیان لە قوتابخانە حکوومییەکان، رێگە پێدراو و یاساییە یان نیشانەی ئەوەیە کە قوتابخانەکان بەرەبەرە دەچنە کەرتی تایبەتەوە؟

شاهید عەلەوەی: بەپێی یاسای بنەرەتیی وڵاتی ئێران خولی پەروەردەی گشتی بۆ ئەو منداڵانی کە دەبێ بخوێنن ، بەخۆڕاییە و وەزارەتی پەروەردە بەپێی دۆخی ئەو قوتابخانانە ئیزنی ئەوەی نییە کە بۆ دابین کردنی خزمەتگوزاری و ئیمکاناتی خوێندن پارە لە بنەماڵەی قوتابییان وەربگرێت. ئەمەش جگە لەوەی کە لەیاسای گشتریی وڵاتدا هاتووە، لە یاسای و وەزارەتی پەروەردە و قوتابخانەکانیشدا ئاماژەی پێکراوە، بەڵام لە کردەوەدا قوتابخانە دەوڵەتییەکان بە بیانووی جۆراوجۆر و بەشدار کردن دایک و باوکی قوتابیان لە پرۆسەی خوێندندا و لەژێر ناوی بەڕێوەبردنی خوڵی فێرکاریی غەیرە دەرسی، پارە لە دایک و باوکی قوتابییان ئەدسێنن.

\"17220.jpg\"

 

 

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی فشار بۆسەر بنەماڵەی قوتابییان ئەوەیە کە دەیانهەوێ قوتابخانەکان بخەنە چوارچێوەی کەرتی تایبەتەوە، هەروەها ددەبێ قوتابخانەکان لەسەر بنەمای \"دابین کردنی ئیمکاناتی خوێندن بۆ سەرجەم هاووڵاتییان\" رادەستی کەرتی تایبەت بکرێت. لێرەدا دەسەڵات دەیهەوێ کە تێچووی پرۆسەی خوێندن بخاتە ئەستۆی بنەماڵەی قوتابییان، لە هەمان کاتیشدا دەیهەوێ هەیمنە و هێژمۆنیی خۆی بەسەر ناوەرۆکی وانەکان و سیستەمی خوێندندا بهێڵێتەوە. هەڵبەت جیا لە رەوتی بە کەرتی تایبەت کردنی خوێندن لە قوتابخانەکان دەبێ ئەوە لە بەرچاو بگرین کە پەروەردە و بارهێنان شوێن و پێگەی تایبەتیی خۆی نەدۆزیوەتەوە، بۆیە لەو حاڵەتانەدا کە حکوموەتی ئێران بەرەوڕووی قەیران دەبێتەوە، وەزارەتی پەروەردە زۆرترین فشاری دەکەوێتە سەر شان کە ئەمەش راستەوخۆ داوێنی بنەماڵەی قوتابییان دەگرێتەوە.

کوردپا: لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا وەرگرتنی پارە لە قوتابییان لە ناوچە کوردنێشنەکانی ئیران رووی لە زیادبوون کردووە و سەرنجی میدیاکانیشی بۆلای خۆی راکێشاوە. ئایا لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش ئەم رەوتە لە ئارادایە یان ئەوەی کە باری گوزەران و ئابووریی بنەماڵەکانیشی بەرەو خراپتر بوون بردووە؟

شاهید عەلەوی: بەهۆی ئەوەی کە لە ناوچە دەولەمەندەکانی ئێران بنەماڵەکان دۆخێکی ئابووریی باشتریان هەیە، رێژەیەکی زیاتر لە منداڵان لە قوتابخانە ناحکوومەییەکان سەرقاڵی خوێندنن و بەهۆی ئەویە کە قوتابخانە حکوومییەکان رێژەیەکی کەمتر منداڵان وانەی تێدا دەخوێنن و لە ئەنجامدا تێچووی قوتابخانەکانیش کەمتر دەبێت و ئەم قورساییەش لەسەر شانی بنەماڵەکانیش کەمتر دەبێت. هەڵبەت ئەشێ ئەم خاڵە لەبەر چاو بگرین کە لەو ناوچانە بەهۆی ئەوەی کە هێندێک لەبنەماڵەکان کە باری ئابووریی باشیان هەیە، یارمەتیی باش بە قوتابخانەکان ئەدەن و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە کە فشارێکی کەمتر بەرەوڕووی بنەماڵەی قوتابییە هەژارەکان ببێتەوە. هەڵبەت لەناوچە پڕ داهاتەکانیش کۆمەڵێک شوێنی پەراوێز خراو هەیە کە چەندین قات دۆخی ئابووریی خراپتـریان لە ناوچە هەژارنشینەکان هەیە، بەڵام ئەگەر بگەڕێمەوە سەر پرسیارەکەی ئێــوە پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە ناوچە هەژارنێشنەکانی وەکوو کوردستان، ئیلام، کرماشان، سیستان و بەلووچستان، هورموزگان و ئازەربایجان بەگشتی لە ناوچە پەراوێزخراوەکان، بەهـۆی ئەوەی کە توانای ئابووری و ماڵیی خەڵک بە بەراورد لەگەڵ ناوچە پڕداهاتەکان یەکجار کەمترە، بۆیە فراوانیی حەشیمەتی قوتابییان لە قوتابخانە حکوومەییەکان و بەو پێیەش تێچووی خوێندیش یەکجار زۆرترە جگە لەمەش، دابەش کردنی ناعادڵانەی بوودجە کە دەبێتە هۆی بەرین بوونەوەی هەژاری و لەسەر بوودجەی پەروەردە و بارهێنانیش کاریگەریی دەبێت و بەو هۆیەشەوە کێشەی قوتابخانەکان پەرە دەستێنێت و لە ئەنجامدا ئەم کێشەیە بەرەوڕووی قوتابخانەکان دەبێتەوە و بنەماڵەکانیش بە شێوەی جۆراوجۆر ناچار دەبن کە بەشێک لە تێچووی پەروەردەیی منداڵەکانیان بگرنە ئەستۆ.

کوردپا: پێناسەی ئێوە بۆ یارمەتیی دڵ بەخواز و بەشداری دایک و باوکی قوتابیان چییە؟

شاهید عەلەوی: یارمەتیی دڵخوازانەی دایک و باوک بە قوتابخانە ئەو چاوبەستنە شەرعیەیە کە بۆ رەوایی دان بە ئەستاندنی پارەی زۆرەملی لە بنەماڵەکان، ئەنجام ئەدرێت. یارمەتیی دڵخوازانە بە قوتابخانەکان مانای ئەوەیە کە بنەماڵەکان تەنیا بۆ باشتربوونی دۆخی قوتابخانەکان یارمەتی ماڵیی قوتابخانەکان دەکەن. بۆ نموونە دایک و باوکی قوتابییەک کە پشپۆڕی و شارەزاییان لە بوارێکی تایبەتیدا هەیە کە دەتوانن لە قوتابخانەکان قوتابی رابهێنن یان یارمەتیی ماڵی بدەن بە قوتابخانەکان. ئەوەی ئێستا لە قوتابخانەکان خەریکە روو ئەدات، هەرچەند بە هاوکاری و یارمەتیی هاووڵاتییانی لەقەڵەم ئەدەن، لە راستیدا نە دڵخوزانەیە و نە بەشداری کردنی خەڵکە لە پرۆسەی خوێندن و یارمەتی گەیاندنە بە قوتابخانەیە!!! بنەماڵەی قوتابییان بە شێوەی جۆراوجۆر لە چوارچێوەی سەیر و سەمەرەدا و لەسەر داوای ناچاریی بەرپرسی قوتابخانەکان، ماوەبە ماوە بڕە پارەیەک بە قوتابخانەی منداڵەکانیان بدەن.

کوردپا:مامۆستای قوتابخانەکان چ رۆڵێکیان لە ئەستاندنی پارەی نایاسایی لە بنەماڵەی قوتابیان هەیە؟

\"17221.jpg\"

 

شاهید عەلەوی: بەپرسی قوتابخانەکان بە نوێنەرایەتیی ئیدارەی ەروەردە و بارهێنان راستەوخۆ بەرپرسیارەتیی وەرگرتنی پارە لە بنەماڵەی قوتابیان بە ئەستۆ دەگرن. ئەو مامۆستایانەی کەلە قوتابخانەکان ئەرکەکەیان تەنیا وانە وتنەوەیە بە نیسبەت یارمەتیی دڵخوازانەی هیچ بەرپرسیارەتیەکیان ناکەوێتە ئەستۆ و لە ئەنجامدا تاقە کەرێک کە دەتوانن بیکەن ئەوەیە کە بە مەبەستی وەرگرتنی پارە، قوتابییان لە بنەماڵەکانیان هان بدەن. بەڵام لە کردەوەدا مامۆستاکان هیچ بەرپرسیارەتییەکیان ناکەوێتە سەرشان. وەرگرتنی پارە بە یارمەتیی بەپرسی قوتابخانەکان ئەنجام ئەدرێت، بەڵام بەداخەوە نابێ لەبیر بکەین بەپرسی قوتابخانەکان بۆ دابین کردنی تێچووی قوتابخانەکان بە ناچاری دایک و باوکی قوتابیان ناچار ئەکەن کە یارمەتیی قوتابخانەکان بکەن.

من بەرپرسیارەتیی ئەخلاقیی وەرگرتنی یارمەتی لە دایک و باوکی قوتابیان بە هەڵوێستی بەرپرسی قوتابخانەکان نازانم و هەر چەند پێشموایە هێندێک لە بەرپرسان بەوپەڕی لێزانییەوە دەیانهەوێ بۆ کۆکردنەوەی داهات، فشار لەسەر شانی بنەماڵە کەم داهاتەکان کەم بکەنەوە، بەڵام بەگشتی ئەم بەرپرسیارەتییە بۆ سیستەمی پەروەردە لە ئاستی هەرە سەرەوەدا و سیستەمی سیاسی دەگەڕێنەوە کە سیستەمی پەروەردە لەلایەن سیستمەی دەسەڵات و حکوومەتەوە هیچ گرینگیەکی پێ نادرێت و لە ئاکامدا بودجەی شیاو و پێویستی بۆ تەرخان ناکرێت.

(شاهید عەلەوی خەڵکی شاری سەقز و ئەندامی پێشووی کانوونی مامۆستایانی کوردستانی ئێرانە)