شانۆی \"ئاوازی دوایی بای باکوور\" بە زاراوەی کرمانجی ژووروو لە شاری پیرانشار نمایش کرا

01:42 - 12 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: بۆ یەکەم جار شانۆیەک بە زمانی کوردی و زاراوەی کرمانجی ژووروو لە شاری پیرانشار بەڕێوەچوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی خەزەڵوەر، شانۆی \"ئاوازی دوایی بای باکوور\" لە دەرهێنەرایەتی \"ڕەسووڵ بانگین\" و شانۆکارانی وەک کەیهان حوسێنی و سارا محەممەدی لە شاری پیرانشار بەڕێوەچووە.

بەڕێوەچوونی ئەم شانۆیە لەگەڵ پێشوازی گەرمی خەڵکی شاری پیرانشار و هۆگرانی شانۆ بەرەوڕوو بووە.

\"\"شانۆی \"ئاوازی دوایی بای باکوور\" پێش لە بەڕێوەچوونی لە شاری پیرانشار، لە فێستیڤاڵی شانۆی \"منجل\" لە شاری \"وان\" لە کوردستانی باکوور پیشان درابوو و هەروەها لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەر لە شاری ورمێ پێشکەش دەکرێت.

لە کۆتایی ئەم شانۆیەدا، ڕەسووڵ بانگین، دەرهێنەری ئەم شانۆیە ڕایگەیاندبوو: \"تەنیا جێگایەک کە مرۆڤ لەوێدا پێدەگات و پەروەردە دەبێت، ئەم هۆڵەیە و دەبێت بە باشترین شێوە کەڵکی لێوەربگرین\".

شانۆی \"ئاوازی دوایی بای باکوور\" یەکەمین شانۆ بوو لە شاری پیرانشار بە زمانی کوردی و زاراوەی کرمانجی ژووروو بەڕێوەچوو.

ڕەسووڵ بانگین لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی، بە نووسین و دەرهێنانی شانۆی \"کاتێک هەموو کەس دەبێتە بەرپرس\" دەستی بە چالاکی کردووە.