سەقز/ لابردنی چاوەدێری زیندانی ئەو شارە و ئەزیەت و ئازاری زیندانییان لە لایەن دادستانەوە

13:59 - 26 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: لە سەر بڕیاری یەکلایەنەی دادستانی شاری سەقز، دادوەریی چاوەدێر بە سەر زیندانییانی زیندانی ناوەندیی سەقز لابراوە و دادستان بۆ خۆی چاوەدێری بە سەر زیندانییەکاندا دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"کەیوان جیهانی\" خەڵکی شاری کرماشان، هەنووکە دادستانی شاری سەقزە و لە سەر بڕیاری خۆی، دادوەری چاوەدێری بە سەر زیندانییانی، زیندانی شاری سەقزی لابردووە و خۆی چاوەدێری زیندانییان دەکات.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز، وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاند: زیندانی ناوەندیی شاری سەقز، کە \"ظرفیت\"ی(ڕیژەی) ٢٠٠ کەسی هەیە، هەنووکە نزیکەی ٥٠٠ کەسی تێدایە و لە کەمترین خزمەتگوزاری بەتایبەت لەباری پزیشکی بێبەرین.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، لە سەرەتای وەرزی بەهاردا مورەخەسی ساڵانە بە دانانی بارمتە بە زیندانییان دەدرێت، بەڵام کەیوان جیهانی، ئیزنی بەو زیندانییانەی کە بنەماڵەکەیان بارمتەیان بۆ هاتنە مورەخەسی داناون، نەداوە.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی ئاژانسی کوردپا هەروەها دەڵێت: دادستانی شاری سەقز، نەتەنیا ئیزنی مورەخەسی بە زیندانییان نەداوە، بەڵکوو دەستی بە ئازار و ئەزیەتی زیندانییەکان دەکات و تەنانەت هەوڵی دەسبەسەر کردنی ئەو بنەماڵانەی داوە کە بارمتەیان بۆ هاتنی مورەخەسی کەس و کاریان داناوە.

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا، دەڵێت: ئەو بنەماڵانەی کە ٥ جار یان زیاتر بە بارمتە داوای مورەخەسیان بۆ کەس و کاریان کردووە، بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دەسبەسەری کردوون.