سەقز/ دوو سەربازی ئەرتەش بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون

15:42 - 14 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو سەربازی ئەرتەش لە شاری سەقز، بە هۆی تەقینەوەی مین لەو شارە، بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی دووشەممە ١٢ی خاکەلێوە، کاتژمێر نزیکەی ٢١، دوو سەربازی تیپی ٢٢٨ی ئەرتەش، لە شاری سەقز بە ناوەکانی \"عەلیڕەزا کەماڵی و عەباس ئەفرادی\" بە هۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بووە.

ئەو دوو سەربازە خەڵکی شارەکانی مەشهەد و ورمێین، کە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی شارەکانی سنە و تەورێز کراون.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خاکەلێوە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"کەریم ڕاستی\" ٥٣ ساڵە کوڕی رەحمان، خەڵکی گوندی \"سەردۆش\" سەر بە شاری مەریوان، بە هۆی تەقینەوەی مین، لاقێکی لەدەست دا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی \"شار\" لە سلێمانی، لە باشووری کوردستان گواستراوەتەوە\".

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە وێبلاگی \"مین و زندگی\"، ٦٢ هاووڵاتی بە هۆی تەقینەوەی مین لە ساڵی ٩٧ کوژرا و بریندار بوون.

بەپێی ئەو ئامارە، ٦ کەس لە قوربانییانی مین لە ساڵی ٩٧، تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵ بووە و تەواوی قوربانییان، لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام، خوزستان و سیستان و بلوچستان بوون.