سەرۆکەکانی قەندیل نابێت خوێن بە خوێن بشۆنەوە!

15:38 - 11 گەلاوێژ 2715
Unknown Author
عارف شێخ ئەحمەدی

گومانی تێدا نیە کە ڕێژیم داگیرکەری تورکیە بە هیچ شێوەیەک نایهەوێت پرسی کورد لەم وەڵاتە و تەنانەت لە وەڵاتانی دراوسێ چارەسەر بکرێت.

بە هەڵسەنگاندنی مێژووی زیاتر لە سێ دەیە خەبات و بەرخۆدانی پارتی کرێکارانی کوردستان کە پڕاوپڕە لە وێستگەی تێڕامان و شیکردنەوە، دواتریش بە خوێندنەوەی لاپەڕەکانی چالاکی ئەم حیزبە وەک سەرەجەم حیزبە کوردییەکان زۆر لایەنی پۆزەتیڤ و خاڵی لاواز و جێی سەرەنج دەردەکەوێت.

دەگەڵ هەموو ئەو کەموكووڕیانەی لە سیاسەتی پ.ک.ک بوونی هەیە بەڵام زۆربەی گەلی کورد لە باکووری کوردستان بە تەنیا ئاڵتڕناتیڤی سیاسی داگیرکەری تورکی دەزانن و هیوا و ئاواتەکانی خۆیان لە پەیڕەو و پڕۆگرامی ئەم حیزبە کوردیەدا دەبینەوە.

دوابەدوای گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٩٩و دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک سەرۆکی پ.ک.ک و دواتر گواستنەوەی بۆ زیندانی دوورگەی ئیمڕالی، ئۆجەلان بە کردەوە لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم حیزبە دوور کەوتەوە، پێوەندی ئۆجەلان و گەریلا و جەماوەری لایەنگری پەیوەست بوو بە دیداری هەفتانە و مانگانەی پارێزەرانی و کەش و هەوای دوورگەی ئیمڕالی، زۆرجاران ڕێژیمی فاشیستی تورک بە بیانوی خراپی کەش و هەوا پەکی بە ئەنجامدانی دیدارەکان دەخست و یانیش دوای دەخست و بە کردەوە بەربەستی بۆ بڵاوبوونەوەی پەیامەکانی ئۆجەلان درووست دەکرد و دەنگی ئاپۆ لەودیوی دیوارەکانی ئیمڕالی کپ دەکرا.

ماوەیەکی زۆر بەمشێوەیە تێپەڕ بوو، فەرماندەرانی شاخ و شار ئەوەی لە تواناییاندا بوو وەگڕیان خست، ناردنەوەی گرووپی ئاشتی، دایکانی ئاشتی ...هتد و تاوەکوو ڕاگەیاندنی ئاگربەستی ساڵی ٢٠١٠ لە لایەن موارد قەرەیەڵان، هاوشێوەی پارتی کرێکارانی کوردستان، دەوڵەتی داد و گەشەپێدانی ئیخوانی لە تورکیە زۆر مکانیزمی جۆراوجۆری گرتەبەر، ڕێگە پێدان بە دانیشتنی نهێنی بەشێک لە سەرکردایەتی پ.ک.ک دەگەڵ دەزگای میتی تورک و شەخسی \"هاکان فیدان\" و دواتر بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە و هێرشی توندی تورکە ڕەگەزپەرەستەکان بۆ سەر سیاسەتی پارتی ئیسلامی دەسەڵاتدار لەمەڕ ئەو ئاڵوگۆڕانەی بڕیار بوو دەوڵەتی تورک وەک ڕێگە خۆشکردن بۆ درێژەی گفتوگۆگان بە کردەوە هەنگاوی بۆ هەڵگرێ، هەرا و ئاژاوەی زۆری لێکەوتەوە.

هاوکات لە زیندانی ئیمڕالیەوە ئۆجەلان وەک سەرۆکێکی بەندکراو ڕێنمایی و ئامۆژگاری بۆ هەڤاڵانی جاران و سەرۆکەکانی ئێستای قەندیل لە میانەی دیدارەکانی دەگەڵ پاڕێزەرانی‌دا ڕادەگەیاند و خوازیاری سازان و چارەسەری و ئاشتی گەلی تورک و کورد بوو.

درووستبوونی چەند پارتی کوردی لە نێوخۆی تورکیە کە پێوەندی ڕاستەقینەیان بە پ.ک.ک وە هەبوو و دواتر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەم وەڵاتە و گەیشتنی نوێنەرانی کورد بە پەرلەمانی تورکیە و وەدەست خستنی چەند کورسی پەرلەمان، سەرەتا وای دەردەخست کە ئیتر دەوڵەتی تورکیە نییەتی ڕاستەقینەی بۆ چارەسەری هەیە و ئیتر گەریلاکانی شاخ مەترسی تۆپباران و بۆردومانی فرۆکەی تورک لە سەریان نامێنێت و ئابڵووقەی ئابووری و خواردەمەنی قەندیل بە یەکجاری هەڵدەگیرێت.

کوژرانی سەکینە جانسز و هەڤاڵانی لە پاریس و هاوکات بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانەی باسیان لە پیلانی دەزگای هەواڵگری تورک لە جینایەتی پاریس دا دەکرد، جارێکی دیکە بووە هۆکاری بارگرژی سیاسی نێوان تورکیە و پ.ک.ک، زۆر کەسیش ڕایان وابوو بەشێک لە سەررۆکەکانی قەندیل کە بە باڵی شەڕخواز ناسراون دەستییان لەم سیناریۆیەدا هەیە و دەوڵەتی تورکیش بە هیچ شێوەیەک نەدەچووە ژێر باری قەبووڵکردنی وەها تۆمەت و کردەوەیەکی نامرۆڤانە.

لە ئێستادا دوو گوتاری جیاواز لەناو سەرکردایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان دەردەکەوێت و بە ئاسانی خوێندەنەوە بۆ دوو باڵی شەڕ خواز و ئاشتی خواز لە ناو سەرۆکەکانی قەندیلدا دەکرێت و هێندێکیان ڕاستەوخۆ دەیانهەوێت پێوەندییان بە سەرۆکی ئیمڕالیەوە هەبێت و لە سنووری ئەو دەرنەکەون و لە بەرانبەردا ئەوانی دیکە ئاپۆ بە \"میری پێشووی ئیماڕەتی قەندیل\" دەزانن کە دەسەڵاتی نەماوە و خۆیان بە دمڕاستی پ.ک.ک لە ئێستادا دەزانن.

هاوکات لە نێوخۆی تورکیەشدا بە چەند فاکتی جیاواز سیاسەتی دەوڵەتی ئۆردووغان لێکدەدرێتەوە، بە جۆرێک کە نکۆڵی لە بوونی پارادۆکس لە هەڵسووکەوتی ئەوانیش لە هەمبەر خواستی ڕەوای کورد ناکرێت.

دوابەدوای سەرهەڵدانی گەلانی سووریە و بەشداری ڕاستەوخۆی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سەرەتادا وەک پاڵپشتی دەوڵەتی بەشار ئەسەد و بەشێک لە هێزی \"شەبیحە\" و ئێستاشی دەگەڵدا بێت کۆنتڕۆڵکردنی هاوبەشی شاری قامشلوو و زۆر بڕگە و بابەتی دیکەی سیاسی و دیپڵۆماتیک، وایکردووە پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناو سێ گۆشەی شیعەدا پێناسە بکرێت و کۆماری ئیسلامی و ڕێژیمی بەشار ئەسەد ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ وەک دۆستی ستراتێژیکی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوی بێنن.
درووستبوونی گرووپە تەکفیریەکانی وەک داعش و هێرش بۆ سەر ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاوایی کوردستان و شەڕی ڕاستەوخۆ دەگەڵ هێزەکانی ی.پ.گ کە باڵی ڕۆژئاوایی کوردستانی پارتی کرێکارانی کوردستانن و سیاسەتی دوو ڕوویانەی دەوڵەتی تورک دەرحەق بەم بەشە لە کوردستان و پشتیوانی ڕاستەوخۆی سیاسی و لۆجێستیکی تورک لە داعش، وایکردووە کە لە گۆڕەپانی سیاسیدا جۆرێک لە گومان لای سیاسیەکان درووست بێت کە تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕاستی نزیکە، ئەویش ئەوەیە کە لە نێو سەرۆکەکانی قەندیل و دەوڵەتی تورک دا دوو جۆرە بیرکردنەوە و سیاسەت لە هەمبەر چارەسەریی یەکجارەکی پرسی کورد بوونی هەیە.

ڕوودای شاری سرووچ کە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا بەداخەوە ژومارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی پارتی کرێکاران بوونە قوربانی و دواتر کوشتنی چەند پۆلیسی تورک لە لایەن پ.ک.ک وەک تۆڵە سەندنەوە لە دەوڵەتی تورک کە پشتیوانی لە داعش دەکات، بۆردومانی ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان و قەندیلی بەدواوە بوو کە تا ئێستاش بەردەوامە.

ئێستا دەبی ئەم پرسیارە ئاڕاستەی سەرۆکەکانی قەندیل بکەین ئێوە کە دەتانهەوێت لە ڕێگەیەی گفتوگۆ و خواستی ئاشتیانە پرسی کورد چارەسەر بکەن، بۆ گوێ لە سەرۆکی ئیمڕالی و یان لانیکەم ئەو پارتە کوردییەی ناوخۆی باکووری کوردستان کە لە هەڵبژاردندا خاوەن دەنگی زۆری هاوڵاتی کوردە و دەتوانێت لە کاییەی سیاسی تورکیەدا پردی پەڕینەوە و درووستکردنی ئاشتی بێت ناگرن و ئێوە بە شەو و ڕۆژێک دەیڕۆخێنن و حیسابیان بۆ ناکەن.

ئەگەر بڕیار بوو لەمەڕ کاولکاری و مرۆڤ کوشتن و بە بیانووی پاڵپشتی تورک لە تیرۆریزمی داعش شەڕتان ڕاگەیاندبایە، دەبوو ئەو کاتەی داعش هێرشی کردە سەر کۆبانی و وێرانی کرد ئێوە وەدەنگ هاتبان بۆ شەڕی تورک!!!

لە ئێستادا کە ئیتر ئێوە هەست دەکەن شەڕ کردن دەگەڵ داعش، پارتی کرێکارانی کوردستان ناکاتە هاوپەیمانی ڕۆژئاوا و لە لیستی تیرۆری ئۆرووپا دەرتان ناهێنێت، جینایەتی تیرۆریستان لە شاری سوورچ دەکەنە هەوێنی هەڵگیرسانی شەڕێکی دیکەی ماڵوێرانکەر کە باجەکەی دەبێ گەریلای قارەمان و خەڵکی باشووری کوردستان و هاونیشتیمانانی دەڤەری قەندیل بیدەن و ئێوەش لە ئەشکەوتەکانی خۆتان پڕیشکەیەکتان بەر ناکەوێت.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە