سەرکەوتنی وەرزشوانی مەهابادی لە کێبڕکێی کاراتەی ئوکراین

14:52 - 7 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: وەزشوانێکی لاوی خەڵکی شاری مەهاباد، توانی لە کێبڕکێی جیهانیی کاراتە ئۆیاما لە وڵاتی ئوکراین میداڵی زێڕ بە دەست بێنێت.

ئیدریس مەحموودزادە، وەرزشوانی لاوی خەڵکی شاری مەهاباد، میداڵی زێڕی کاراتەی ئۆیامای وڵاتی ئوکراینی بە دەست هێنا.

ئەو لاوە وەرزشکارە کوردە، لەو کێبڕکێیە جیهانییەدا، توانی بە سەر ڕکەبەرەکانیدا زاڵ بێت و سەرکەوتن بە دەست بێنیت.

ئەو کێبڕکێیە لە وڵاتی ئوکراین بە بەشداریی ٣٠٠ وەرزشوانی کاراتەکار، لە ١٠ وڵاتی جیهان بەڕێوە چوو.

ئێران بە بەشداریی ٦ وەرزشوان لەو کێبڕكێیەدا بەشداری کرد و ئەو وەرزشوانە کوردە میداڵی زێڕی بۆ خۆ مسۆگەر کرد.

لەو کێبڕكییە کە لە وڵاتی ئوکراین بەڕێوە چوو، وڵاتانی ئوکراین، ئێران، ئازەربایجان، گورجستان، تورکیە، سوئید، یوونان، پاکستان، مراکش و موڵداڤی و هەروەها قارەمانانی جیهان و ئورووپا بەشدار بوون.