سەردەشت ئەو شارەیە یەکجار بە دەستی سەدامی خوێنمژ بۆمبارانی شیمیایی کراوە و سەد جار بە دەست کۆماری ئیسلامی شەهید کراوەتەوە ....

13:38 - 13 پووشپەڕ 2715
Unknown Author
ئومید قادری ئەقدەم

ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ کاتی بۆمباران و وردەکارییەکانی دەیان بەڵگە هەیە بۆ ئەوەی ئەو راستیانە بسەلمێنین کە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە سەدام تاوانبار بووە....

یەکەم شت ئەوەمان بە مێشک دەگا کە:

• بەراستی کۆماری ئیسلامی دەیزانی سەردەشت بۆمبارانی شیمیایی دەکرێت؟ ئەگەر دەیزانی بۆ خەڵکی ئەو شارەی ئاگادار نەکردەوە و هەر نەبێ شێوەی خۆ پاراستن لە گازە شیمیایانەی بۆ خەڵک باس نەکرد؟

سەردەشت بە هۆی هاو سنوور بوونی دەگەڵ باشووری کوردستان زیاتر لە ٥٠ جار بۆمباران کرابوو هەر کات بۆمباران دەکرا خەڵک ئەو شارە بە زووترین کات بۆ بە هانا چوونی یەکترەوە خۆیان دەگەیاندە ئەو شوێنە کە بۆمبی لێدراوە، کە بۆمبارانی شیمیاییش کرا بە هەمان شێوە لەو شوێنانە کۆ دەبوونەوە کە بۆمبی شیمیایی لێدراوە کە بەداخەوە زیاترین قوربانی ئەو شارە هی ئەو ئاگادار نەبوونە بوو.... بەڵگە هەیە پێش بۆمبارانی شیمیایی کوماری ئیسلامی سەدان تەخت و سێڕۆمی لە \"تەربیەتی بەدەنی\" ئەو شارە دانابوو دەیان ئوتوقوبووسی سەندەڵی دەرهێنابوو بۆ ڕاگواستنی برینداران و بە پێی ئەو تەسویرانەی لە بەردەستمانە هێزەکانی خۆی هەموو \"ماسکیان\" لێداوە و ئامادەگی تەواو دەبینرێ...بەڵام بە داخەوە بۆ ئەوەی شانۆی زوڵملێکراوی نیشان بدا خۆی لە ئاگادار کردنەوەی خەڵک ئەو شارە پاراست....

•یەکێکی دیکە لە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بەو شارە و زیاتر شیمیایی بوونی خەڵکی ئەو شارە شێوەی راگواستنی بریندارەکان بوو، هەر کەس کە دەچووە نەخوشخانە یا \"ساڵۆنی تەربیەتی بەدەنی \" لەوێ سواری ئوتووبووسانە دەکرا کە بگوازرێتەوە بۆ شاری بانە، زۆر کەس لەوانەی کە ئێستا شیماییانین یا شەهید بوون هەر کاتی بۆمبارانەکە لەو شارەش نەبوون بەڵام کاتێک کە دیتوویانە کەسێکیان خەریکە رادەگوازن بۆ بانە ئەویش وەک \" همراه\" سەرکەوتووە و تا گەیشتوونەتە بانە ئەویش وەک ئەوان شیمایی بووە و یا کەسی زۆر برینداری شیمیایی و کەم شیمیایی هەر بە یەک ئوتووبووس راگوازراوە کە ئەوەش ئاماری قوربانیانی زیاتر کردووە...

•شتێکی دیکەی کە خەڵکی ئەو شارە قەت لە بیریان ناچێتەوە ئەوەیە: دوای ئەوە کە بریندارانی شیمیایی لە شاری بانەوە رادەگوازران بۆ شارەکانی تاران و تەورێز، شێوە ناردنەوەی شەهیدەکانە، کە بە داخەوە کاروان کاروان شەهید دەهاتەوە بۆ شاری سەردەشت، ناردنەوەیان بە ژمارەی زۆر و بە ماشینی بارهەڵگر و بە گەرمای هاوین، کە شاهید حاڵ هەیە دەڵێ کە شەهیدم ناشتووە بۆگەن بووە، یا کرمێ بووە! بەداخەوە کەمترین ڕێز بۆ ناردنەوەی ئەو شەهیدانە دانەنراوە...

•ئەو کاتە کە سەردەشت بۆمباران کرا کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٨٠٠٠ هەزار کەس برینداری شیمیایی بووە ئەدی ئەلان چەند کەس پەروەندەی هەیە و وەک شیمیایی ناسراوە و مەعاشی هەیە؟

ئەگەر لە راستی بپرسین گشت خەڵکی ئەو شارە بەرکەوتووی شیمیایی یە بەڵام بەداخەوە ١٣٧٠ کەس وەک بەرکەوتووی شیمیایی پەروەندەی هەیە و تەنیا ٤٠٠ کەس لەوانە وەک بەرکەوتەی شیمیایی ٢٠ لە سەد ناسرواە، ئەدی ئەو ٦٠٠٠ کەسەی دیکە چی بەسەرهات؟... وتەی یەکێک لەو دوکتوارانە کە ئەو کات لە نەخۆشخانەی ئەو شارە بووە دەڵێی ئێمە نە ناوی کەسمان نووسیوە و نە پەروەندەمان بۆ کەس ئامادە کردووە بەڵام ئەلان بۆ ئەو کەسانەی بەرکەوتەی شیمیایین داوای باڵینی ئەو کاتی دوکتور و تەئیدیەی فەرمانداری ئەو کات دەکەن!!!

لە حالێکدا کە سەردەشت زیاتر لە ٨٠٠٠ هەزار بەرکەوتەی شیمیایی هەیە و دەبوو لە هەر شەقامێک یەک نەخۆشخانە و کلینیکی لێبێت بەڵام نەخۆشخانەکەی لە دەرەوەی شار و دوورە دەسترین نەخۆشخانەیە لە چاو شارەکانی دیکە! و پادگانەکەی لە جەرگەی شاردایە!

دوایی تێپەرینی ٢٨ ساڵ بە سەر ئەو کارەساتەدا کەچی بۆ هاوکاری قوربانیانی ئەو کارەساتە تەنیا یەک کلینیک هەیە ئەویش نە دوکتوری هەیە نە دەرمان و ئەو کەرستە سەرتاییانەی کە لێیەتی خۆڵ دایپۆشیون و خەریکە تەحیل دەبێت! تەنانەت بەشێک لە بەرکەکوتوانی شیمیایی ئەو شارە دەزگای بخۆر و کەپسولی ئوکسیژنیشینان نیە!

خەڵکی سەردەشت لە ٧ی پووشەردا ڕێز و ستایشی ئێوە کاربەدەستانی ناوێ! لە وادە و بەڵێنە ترۆکانتان بێزارە! فرمێسکی کۆمەڵێک خۆفرۆشی بە ناو نوێنەر و کاربەدەستیشی ناوێ! دوکتور، دەرمان، ئارامیش و ئەهوەنی دەوێ...

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە